حەفتا و یەک ساڵ لەمەوبەر لە ئاکامی کۆمەڵیک ئالوگۆری نێونەتەوەیی و گۆرانکاری لە ئاستی ناوچە و کۆمەلێک دابەشکاری سیاسی،تێکۆشەرانی هەمیشە زیندووی گەلەکەمان بە قۆستنەوەی دەرفەتی رەخساو توانیان لە شاری مەهاباد لە 2ی رێبەندانی ساڵی 1324ی کۆچی خۆری بناغەی دەسەڵات و حکومەتێکی کوردی بە هەموو جومگە و ئیدارە و بەشەکانیەوە دامەزرێنن...
حەفتا و یەک ساڵ لەمەوبەر لە ئاکامی کۆمەڵیک ئالوگۆری نێونەتەوەیی و گۆرانکاری لە ئاستی ناوچە و کۆمەلێک دابەشکاری سیاسی،تێکۆشەرانی هەمیشە زیندووی گەلەکەمان بە قۆستنەوەی دەرفەتی رەخساو توانیان لە شاری مەهاباد لە 2ی رێبەندانی ساڵی 1324ی کۆچی خۆری بناغەی دەسەڵات و حکومەتێکی کوردی بە هەموو جومگە و ئیدارە و بەشەکانیەوە دامەزرێنن و ئیعلامی مەوجودیەت بە کۆماری کوردستان بکەن.
لەو رۆژە دا خەونی لە مێژنەی گەلەکەمان بۆ بونیات نانی دەسەڵاتی سیاسی بوو بەراستی و کردەوەو نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی وەدی هات. هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوەی لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان روو لە شاری مەهاباد بکرێ و بەشداری لەو یادە شکۆدارە کە راگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو بکرێت. وەدی هاتنی خەونو ئەو خولیا لەمێژینەیەی کورد و خۆشیە بێ سنورەکانی ئەو قۆناغە نوێیە، بوونە هۆکاری ئەوەی کە هەموو پێکهاتە و چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بە یەکەوە باشترین نمونە لە ئەزموونی حکومەتداری لە مێژووی کورد تۆمار بکەن، ئەگەر چی تەمەنی کۆمار بە داخەوە لە 11 مانگ زیاتر نەبوو، بەڵام دەسکەوت و هەنگاوەکانی ئەو ماوەیە مایەی شانازیی و سەرفرازیی بۆ گەلەکەمان و جێگەی هەڵوەستە و لێوردبوونەوەن.
بە حەقیقەت هەموو قۆناغ و بڕگەکانی ئەزموونی کۆمار هەر لە دامەزراندن و کارکرد و تێکچوونی، ئەزموون و پەیامی گەورەیان پێ بوو . کۆماری کوردستان دەریخست کە کورد لە هەر دەرفەتێک بۆ بونیات نانی دەسەلاتی خوی و دەستبەرکردنی مافەکانی غافڵ نابێ و ئەگەر دەستی ئاوەڵە بێ و ریگەی خۆ بەرێوەبەری هەبی دەتوانێ باشترین شێوەی حکومەتداری پێش کەش بکات و نەک تەنیا پێوەندیی و رەفتاری لەگەڵ دەرو دراوسێ باش دەبێ و هیچ کاتیش هەڕەشە نابێ، بەلکو پاڵپشت و یار و هاوکاری دراوسی کانی دەبێ. کۆماری کوردستان ئەو دەرسەی فێر کردین کە نابێ گەلی کورد هەرگیز هیواێکی زۆر لەسەر وەلاتێکی دیاریکراو و حکومەتە بییگانەکان هەڵچنێ و بە تەواوی متمانەی پێبکات و لەراست لێدوان و بەڵینی دژمن بە وریاییەوە هەلس و کەوت بکات. لە هەموو ئەو پەیام و ئەزموونانەش گرینگتر دەرخستنی ئەو راستیەیە کە کورد بە ئیعدام و سەرکووت نەک تەنیا هاواری مافخوازانەی کپ نابێ، بەڵکو مکۆرتر و پێداگرتر دەبێ لەسەر دەستخستنی مافە رەواکانی و خەباتی خۆی تا سەرکەوتنی یەکجاری درێژە پێدەدا.
ئەوەی تا هەنووکەش جێگەی داخە گوێپێندان بە فاکتەری نێوخۆیی و ناو ماڵی کوردە کە سەرەرای ئەزموونی کۆمار و دەیان نمونەی لەم چەشنە کورد بە گشتی و بە تایبەتی کوردانی کوردستانی ئێران نەیانتوانیوە ئەزموون لە رابردوو وەرگرن و یەکریز و یەکگرتوو درێژە بە خەباتی رەوای نەتەوەییان و خەبات دژی رژیمی سەرەرۆی ئاخوندی لە ئێران بدەین.
خەباتی گەلەکەمان درێژەی هەیە و کاروانی شەهیدانمان رێگە دەپێوێ و بڕیاریشە تا گەیشتن بە دوامەنزلگەی حەسانەوەی گەلەکەمان ئەو خەباتە درێژەی پێبدرێ و ووچان نەدا. لە هەمان کاتدا لە چەند ساڵی رابردوو رەوتی رووداو پێشهاتەکان خێرایی زیاتری بە خۆوە بینیوە و مەیدان بۆ خەباتێکی بەرفراوانتر ئاوەڵاتر بووە و گۆرانکارییەکان بە وەرگرتنی سوود لێیان دەکرێ بکرینە دەرفەتی زێرین لە پێناو دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی نەتەوەکەمان لە کوردستانی ئێران. ئەوەی پێویستە وشیاری و هاوکاریی و هەست بەبەرپرسیارەتی زیاتری هیز و لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و هەروەها خۆ ئامادەکردن بۆ قۆستنەوەی هەر جۆرە دەرفەتێک لە پێناو پێش خستنی دۆزی رەوای گەلەکەمانە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەو یادە پیرۆزە دا پیرۆزبایی لە سەرجەم کۆمەلانی خەڵکی کوردستان دەکات و هاوکات درود دەنیری بۆ پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هاورێیانی و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە بونیات نان و بەردەوامی کاری کۆمار دەور و نەخشیان لە ئەستۆ بووە. ئومێد دەکەین لە داهاتووێکی نزیک بە یەکریزی و یەکگرتوویی و خەباتی گشتگیری گەلانی ئێران پایەکانی تەواویەتی ستەمی ئاخوندان برووخێ و شاهیدی دامەزراندنی حکومەتێکی پارلەمانی دیموکراتێک بین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
2ی رێبەندانی 1395