ماوەیەکی دوور و درێژە کە پەنابەرانی ئەفغانی بەهۆی ئاڵۆزی، پشێوی، بوونی شەڕ و نائەمنی لە وڵاتەکەیان، ناچارن پەنا بهێننە بەر وڵاتانی دراوسێ. ڕوونە لە سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران هیچ یاسایەک بۆ مافی پێدانی پەنابەریی نییەو لە ڕاستیدا وڵاتێک مافی پەنابەری دەدات بە پەنابەران کە دەسەڵاتەکەی لانی کەمی مافی بۆ هاووڵاتییانی خۆی دابین بکات. بەڵام ڕژێمی ئاخوندی، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە سەرانی یا هیندی، عێراقی، ئۆزبەکستانین و بگرە ئەفغانیشیان تێدایە و دەستیان بەسەر داهات و خێر و بێری وڵاتێکی وەک ئێراندا گرتووە؛ مافی نەتەوەکانی ئێرانیان پێشێلکردوە بە دڵنیاییەوە، خەڵک بە شایستەی هیچ مافێک نازانن. سەرەڕای ئەو بارودۆخەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئاخوندی دروستیان کردووە، هاووڵاتییانی ئەفغانی بەهۆی ئەو کێشانەی لە وڵاتی خۆیاندا هەیە ناچارن کۆچ بکەن بۆ ئێران. زۆرێک لەو ئەفغانییانەی کە دانیشتووی ئێرانن، ژیانی هاوبەشیان لە گەڵ کەسانی ئێرانی داکردووە و خاوەنی منداڵن. ئەو منداڵانەی کە هیچ پێناس و بەڵگەیەکیان پێ نادرێت، تەنیا ئەو ئەفغانییانەی کە چوونەتە ژێر باری خزمەتکردنی ڕژێم و ناو "سوپای فاتمییون". بە بیانووی پاراستنی "حەرەمی زەینەب"، دەیاناردن بۆ سووریەو بەڵێنیان پێ دابوون کە ئەگەر کوژران یان بتوانن چەند ساڵێک بمێننەوە، ئەوە ناسنامە بە خۆیان و بنەماڵەکانیان دەدەن و وەک ئێرانییەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە،ئەوپەڕی دڕندەیی ڕژێم دەردەخاو هیچ بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان دانانێ. بە کورتییەکەی، ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران لە خراپترین ڕەوشدا ژیان و گوزەران دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ئابڕووچوونی ڕژێم و دەرکەوتنی زۆرێک لە جاسووسەکان لەناو خودی بەرپرسانی ڕژێم، دیوارێک کورتریان لە دیواری کەسانی بێ ناسنامە، بێ بەڵگە و بێ پاڵپشتیان دەست نەکەوت بۆ کڕینەوەی ئابڕووی چوویان،و بە دروستکردنی سیناریۆی، گوایە ئەفغانییەکان جاسووسییان بۆ ئیسرائیل کردووە،دەستیان بە ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران کرد کە پێچەوانەی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤە. دەسەڵاتدارانی رژیم وایان بیر کردەوە کە بەم کارە دەتوانن دوو ئامانج بپێکن: یەکەم: بە ناردنەوەیان بە خەڵک بڵێن کە ئەوانە بوونەتە بارگرانی بەسەر ئابووریی داڕماوی ئێرانەوە و هەموو شوێنەکانی کاریان داگیر کردووە، بۆیە ئەوەتا ئێمە دەیاننێرینەوە تا هەلی کار بۆ خەڵکی ناوخۆی ئێران زیاتر بێت. (لەکاتێکدا هەموو لایەک دەزانین کە ئەفغانییەکان بە کەمترین کرێ کاریان دەکرد). دووەم: بە خەڵک بڵێن کە ئەوەتا سیستەمی ئەمنیی دەسەڵات ئەوەندە چالاکە، لە ماوەیەکی کەمدا توانیی هەموو جاسووسەکانی ئیسرائیل ئاشکرا بکات و لە ئێران دەریان بکات! ئەگەر ئەفغانییەکان جاسووس بوون، ئەی ئەو هەموو لەسێدارەدانە لەژێر ناوی "جاسووسی بۆ ئیسرائیل" کە هیچ بنەمایەکی نییە، چییە؟ ڕژێم هەر بە ناردنەوەی پەنابەرە ئەفغانییەکانیش ڕانەوەستاوە، وا ماوەیەکی زۆرە فشاری بۆ کوردانی باشوور (عێراقی) هێناوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەری تێکەڵن و داوای بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیانیان لێ دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی کوردەکان لە هی ئەفغانییەکان زۆر جیاوازە؛ ئەوان هەموویان خاوەنی بەڵگە و پێناسی ئێرانین و تەنانەت زۆربەیان خزمەتی زۆرەملێی سەربازیشیان کردووە، چونکە لە ئێران لەدایک بوون. بەڵام ئەوەش نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ڕژێمی ئاخوندی دەست لە پیلانەکانی هەڵبگرێت و وەک هاووڵاتی سەیریان بکات و مافی شارۆمەندێکی ئێرانییان هەبێت.کردەوەکانی دەسەڵاتی ئێران دژ بە پەنابەرانی ئەفغانی و کوردانی ئاوارە دەرخەری ڕووی دزێوی دەسەڵاتدارانی دژی ئینسانی و دژی مافەکانی مرۆڤە.