شاری ورمێ، وەک سیمبولێکی پێکەوەژیانی چەند نەتەوەیی لە کوردستانی ئێرانەو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکانی ڕژێمی ئاخوندی. ئەم شارە هەمیشە جێگەی ئامانجی خرایی ڕژێم بووەو هەوڵی بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان دانیشتووانەکەیدا داوە، بەتایبەت لە نێوان کورد و ئازەرییەکاندا. تازەترین نموونەی ئەم هەوڵە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە پاش یارییەکی تۆپی پێی جامی حەزفی ئێران هاتە ئاراوە، کە جارێکی تر پیلانی ڕژێمی لەدژی یەکڕیزیی خەڵکی ورمێ ئاشکرا کرد.
دروست کردنی ئاڵۆزی لە یاری تۆپی پێ:
یارییەکە لە نێوان یانەی "هوور ئیسپۆرت"ی کوردی (کە نوێنەرایەتی شاری ورمێ دەکرد) و "نەفتی مەسجید سولەیمان" بەڕێوەچوو، کە بە سەرکەوتنی یانە کوردییەکە و گەیشتنی بە قۆناغی داهاتوو کۆتایی هات. هاندەرانی کورد، وەک دەربڕینێک لە خۆشی و بۆ ساتێک لەبیرکردنی دەرد و رەنجەکانیان، دروشمی نەتەوەییان گوتەوە. ئەم دروشمانە، کە بە هیچ شێوەیەک دژایەتیی برایانی ئازەرییان لەخۆ نەگرتبوو و تەنها لە چوارچێوەی دەربڕینی هەست و ناسنامەی نەتەوەیی دابوون، بووە بیانوویەک بە دەست کاربەدەستانی ڕژێمەوە.
ڕژێم، وەک پیشەی هەمیشەیی لە دروستکردنی ئاژاوەدا، ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ پەرەپێدانی گرژیی نێوان کورد و ئازەری. دەسەڵاتداران لەبری کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان، هێزە ئەمنییەکان و کاربەدەستان ڕێگەیان دا ئاژاوەگێڕانی سەر بە حکومەت، دروشمی دژ بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد و دانیشتووانی کوردی شارەکە بڵێنەوە. ئەم کارە، لە کاتێکدا بوو کە هاندەرە کوردەکان هیچ دروشمێکی دژ بە ئازەرییەکانیان نەگوتبوو. هەر ئەم بابەتە، بەڕوونی دەریدەخا پیلانێکی لەپێشینە داڕێژراو بوو بۆ دروستکردنی پشێوی.
ڕژێم و سیاسەتی " تفرقه بینداز و حکومت کن ":
ڕژێمی ئێران باش دەزانێت کە ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکانی ورمێدا، بەتایبەت کورد و ئازەری، خزمەت بە مانەوەی خۆی دەکات. هەر بۆیە بە درێژایی ساڵەکانی دەسەڵاتی، هەوڵی جددی داوە بۆ چاندنی تۆوی ناکۆکی لەم شارەدا. چەندین ڕێگای بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێناوە:
گۆڕینی دیمۆگرافی: لە ڕێگەی گواستنەوەی بەکرێگیراوانی بە ناو ئازەری بۆ ناوچە کوردییەکان و کەمکردنەوەی بەشداریکردنی کورد لە ئیدارەی شارەکەدا، هەوڵی داوە هاوسەنگیی دیمۆگرافی بگۆڕێت.
پشتیوانیکردن لە توندڕەوەکان: هەمیشە پشتیوانی لەو گرووپە توندڕەوانە کردووە کە بەناوی نەتەوەخوازییەوە هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن، چ لە لایەنی کورد و چ لە لایەنی ئازەری.
کۆنترۆڵکردنی میدیا و پڕوپاگەندە:
لە ڕێگەی میدیای حکومەتی کۆنترۆڵکراو، هەوڵ دەدات وێنەیەکی نەرێنی لە نەتەوەی بەرامبەر پیشان بدات و هەستی نەتەوەپەرستیی توندڕەو بورووژێنێت.
کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی هەژاری: لە هەندێک ناوچە، بەتایبەت گوند و شارۆچکە کوردییەکان. بە ئەنقەست خزمەتگوزاری کەم دەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات کۆچ بکەن، یان هەمیشە سەرقاڵی کێشە ئابوورییەکان بن و نەتوانن بیر لە مافە نەتەوەییەکانیان بکەنەوە.
کۆنترۆڵی ئاسایشی توند:
دروستکردنی بارێکی ناتەبا و گرژ لە نێوان کورد و ئازەرییەکان، دەرفەت بە ڕژێم دەدات کە بە ئاسانی کۆنترۆڵی شارەکە بکات و بیانووی پێویست بداتە دەستی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتییەکی مەدەنی. ئەمەش ڕێگری لە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خەڵک دەکات و بەرخودانی نەتەوەیی لاواز دەکات.
پێویستە دانیشتووانی شاری ورمێ، چ کورد و چ ئازەری، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانانەی ڕژێمدا بکەن.
ئاشکرایە ورمێ، لە ڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە، بەشێکە لە کوردستان و خاوەنی کولتوور و ناسنامەیەکی قووڵی کوردییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵانێکی زۆرە هاونیشتمانیانی ئازەری تێیدا نیشتەجێن و بەشێکن لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شارەکە. پێکەوەژیانی مێژوویی و برایانەی ئەم دوو نەتەوەیە، کە سەدان ساڵە بە ئاشتی و تەبایی ژیاون، پێویستە پارێزراو بێت و نەکرێتە قوربانیی پیلانە گڵاوەکانی ڕژێم.
پێویستە هەردوو نەتەوەی ژێردەستەی کورد و ئازەری، بە یەکەوە ڕووبەڕووی پیلانەکانی ڕژێم ببنەوە. لەناو هەردوو نەتەوەدا کەسانی بەرژەوەندخواز، نەفسنزم و پانتورکیست هەن کە هەوڵ دەدەن دووبەرەکی دروست بکەن و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕژێم بکەن. نابێت ڕێگا بەم کەسانە بدرێت کە ببنە هۆکاری ئاژاوە و تێکدانی پێکەوەژیان. لە بری گرژی و دژایەتی، پێویستە هەردوو نەتەوە لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشانە کۆببنەوە کە کۆی دەکاتەوە:
ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دیکتاتۆریەت: هەردوو نەتەوە لە ژێر ستەمی ڕژێمێکی دیکتاتۆر دان.
داواکردنی مافەکان:
هەردوو نەتەوە داوای مافی زمانی، کولتووری و سیاسی خۆیان دەکەن.
خۆشگوزەرانی و ئاسایش: هەردوو نەتەوە دەیانەوێت لە هەلومەرجێکی ئارام و پڕ خۆشیدا بژین.
یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی لەسەر ئەم خاڵانە، تاکە ڕێگایە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕژێم و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ورمێ. تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانرێت ئامانجەکانی ڕژێم بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی بەرخودانی نەتەوەیی لە ورمێدا شکست پێبهێنرێت. دیاره به پێى سروشتى پێكهاتهى دهسهڵاتدارى و مهبهسته دژمنكاریهكانى ئاخوندان لهگهڵ گهلى كورد،جێگهى خۆیهتى له بەرانبەر بهرنامهكانى دهسهڵاتدارانی رژیم بۆ ئهم باسه زیاتر وریابین.
رژیمی ئاخوندى ئامانجێکی تایبهتى ههیه بۆ زیان گهیاندن بهسنوورى جوغرافیایى كوردستان. بهخهیاڵى، دهتوانى بهشێكى بهرچاوی خاكى كوردستان بەم ئاژاوەگێڕیانە لهكوردستان داببڕێ. بهڵام لهگهڵ ئهوهدا كه دهسهڵاتدارانى رژیم چ مهبهست وئامانجێکی گلاویان ههیه، باش وایه هاونیشتمانیانى كوردستان خۆیان ئامادهبكهن بۆ بهرنگار بوونهوهى پیلانهكانى رژیم.ئهو شێوه روبهروبوونهوه خەڵک لەبەرانبەر پیلانی رژیم كاتێك ئامانجى خۆى دهپێكى كه وهك گوتمان بتواندرێ حکومەت لهو سیاسهتهى كه دروستكردنى ناكۆكى لهنێوان جهماوهرى كوردو غهیرهكوردى دانیشتووى شارهكان تێدادروست بكات سهركهوتوو نهبێ.