بۆچی تەنیا هاوار بۆ غەززە، بێدەنگی بۆ کوردستان؟
________________________________________
هەر شەڕ و ئاڵۆزییەک، لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا بێت، جگە لە وێرانکاری و ئاوارەیی، دەرگا بۆ قوربانیبوونی خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەکاتەوە؛ بە تایبەت ئەوانەی هەژار و کەمدرامەتن. شەڕی غەززە، یان وەک هەندێک ناوی دەبەن، ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل، نموونەیەکی ئاشکرای ئەم ڕاستییە تاڵە بوو. ئەم شەڕە کۆمەڵکوژی، برسێتی و ماڵوێرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە کاتێکدا ژومارەیەک بەرپرسانی حەماس و خێزانەکانیان لە وڵاتە ئارامەکانی وەک قەتەر و ئیمارات ژیانێکی خۆش دەژین.
وەک هەمیشە، لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دێنە مەیدان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی. لەم شەڕەشدا، چەندین گرووپی بەناو خێرخوازیی کوردی، بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆی کاریگەر (کە دواتر زۆریان وەک ساختە دەرکەوتن)، سۆزی موسڵمانانی کوردیان ورووژاند و بڕێکی زۆر پوڵ و پێداویستییان بۆ غەززە کۆکردەوە. بێگومان، یارمەتیدانی قوربانیانی جەنگ کارێکی مرۆیی و ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵام لێرەدا چەندین پرسیاری جێگەی سەرنج و تێڕامان سەرهەڵدەدەن، کە پێویستە وەڵامیان بدرێتەوە:
بۆچی غەززە، بێدەنگی بۆ ڕۆژئاوا؟ کاتێک لەڕۆژئاوای کوردستان خوشک و براکانمان لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر، خاک و ماڵیان داگیرکرا و بە هەزاران کەس ئاوارە بوون، ئایا ئەو ڕێکخراوە خێرخوازییانە بە هەمان جۆش و خرۆشی غەززە بانگەشەیان بۆ کۆمەک کرد؟ ئایا ملیۆنەها دۆلاریان بۆیان کۆکردەوە؟
پشتگیری دوو لایەنە؟ ئایا حەماس، تەنانەت بە وشەیەکیش بێت، دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا ناوە؟
کورد لە کوردستانی ئێران و بێدەنگی فەلەستین؟ کاتێک لە کوردستانی ئێران فەرمانی جیهاد و قەتڵوعام دژی کورد دەرچوو و تا ئێستاش سێدارەدان و سەرکوتکردن بەردەوامە، ئایا فەلەستینییەکان، تەنیا بۆ جارێکیش بێت، دەنگیان لەسەر پرسی کورد هەڵبڕی؟
کورد لە کوردستانی ئێران و بێدەنگی فەلەستین؟ کاتێک لەکوردستانی ئێران فەرمانی جیهاد و قەتڵوعام دژی کورد دەرچوو و تا ئێستاش سێدارەدان و سەرکوتکردن بەردەوامە، ئایا حەماس، تەنیا بۆ جارێکیش بێت، دەنگیان لەسەر پرسی کورد هەڵبڕی؟ئەگەر ئیسرائیل بە دوژمنی خەڵكی فەلەستین و ئامانجەكانی بزاندرێ لەهەمان كاتدا ڕژیمی ئاخوندی دەسەڵاتدار لەئێران دوژمنی سەرەكی و گەورەی خەڵكی فەلەستین و وڵاتانی عەرەب و موسڵمان لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.
لەکۆتاییدا، دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە من بە هیچ شێوەیەک دژی یارمەتیدانی خەڵکی سڤیلی غەززە نەبووم و نیم. بەڵام کاتێک قسە لەسەر خێرخوازی دەکرێت، پێویستە وەک وتەیەکی کوردی دەڵێت: "تا ماڵ پێویستی پێی بێت، بۆ مزگەوت حەرامە." ئێمەی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، بە دەست کێشە و مەینەتی زۆرەوە دەناڵێنین و بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن داگیرکەرانەوە دەچەوسێینەوە. ئایا تا ئێستا کەسێک بەزەیی بە موسڵمانبوونی ئێمەدا هاتووە و لانی کەم لەبەر ئەو ناسنامە ئایینییە یارمەتیی داوین؟



