رۆژی 31ی بەفرانباری 1395 رێکخراوی لێبوردنی
نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەنراوێکدا خوازیاریی ئازادکردنی بێ ئەملا و ئەولای سەعید شێرزاد بەندکراوی سیاسیی کورد بووە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانیی توندی خۆی لەهەمبەر دۆخی نالەباریی تەندروستیی سەعید شێرزاد دەربڕیوە و داوای کردووە بە بێ هیچ مەرجێک ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندان ئازاد بکرێت.
لە ڕاپۆرتی ئەو رێکخراوەدا هاتووە، سەعید شێرزاد لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار کۆتایی بە مانگرتنی ٣٩ ڕۆژەی خۆی هێنا و ئێستا پێویستیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، بۆ ماوەی ٣٩ ڕۆژ بە دوورینەوەی لێوەکانی خۆی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بێبەش بوون لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، لێدان و ئەشکەنجە، بێحورمەتیی بەرپرسانی زیندان بە زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان و دۆخی نالەباری زیندان، مانی لە خواردن گرتبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، سەعید شێرزاد کەلە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوییەوە مانگی لە خواردن گرتووە، تەندروستیی بەهۆی ئەو مانگرتنەوە تێک چووە و فشارخوێنی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە و سەڕای دابەزینی ١٠ کیلۆ لە کێشی لەشی، تووشی لاوازیی ماسووڵکەکانی بووە و لە بەشەکانی گورجیلە، سینگ و سکییەوە تووشی نەخۆشیی مەترسیدار بووە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە بەبێ هیچ مەرجێک سەعید شێرزاد ئازاد بکرێ و هەروەها داوای لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کردووە کەلە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دڵنیا ببنەوە.