ڕاگەیندراوی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ۲۵ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
ئافرەتانی پێشەنگ و خۆڕاگری کوردستان!
بەبۆنەی ۲۵ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان،
وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای ژنان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ژنانی خۆڕاگر و پێشەنگی کوردستان و ئێران دەکەین. هومێدەوارین بەرهەمی خەباتی ماندوونەناسانەتان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان، بە سەرکەوتنی یەکجاری بگاتە ئەنجام. ٢٥ی نوامبر کە لە ساڵی ١٩٨١ـەوە وەک سیمبولی بەرەنگاربوونەوە دیاری کراوە و لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسێندراوە. ٢٥ نوامبری دەرفەتێکە بۆ بیرھێنانەوەی ئەو ڕاستییەی کە ژنان لە کوردستان و ئێران، دەیان ساڵە لەژێر سایەی کولتووری دواکەوتوو و قانونە دژە مرۆییەکاندا، ڕووبەڕووی سامناکترین جۆری توندوتیژی بوونەتەوە. لە سەردەمی پەهلەویدا کە بە ناوی "مۆدێرنیتە" و لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی کوێرانەی ئاتاتورکەوە هێرش دەکرا سەر ناسنامەی ژنان، و چ لە سەردەمی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی خومەینیدا لەژێر پەردەی ئاییندا، دڕندانەترین جۆری چەوساندنەوە و بێمافییان بەسەردا سەپێندراوە. دۆخی کارەساتباری ژنان لە ئێران لەم ساڵەدا (٢٠٢٥)، گەیشتووەتە ئاستێک کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت. بەپێی ئامارەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥دا، ١٧ ژن لە ئێران کوژراون، ٥ ژن لەسێدارە دراون و ٥ چالاکوانی ژنان سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەم ژمارانە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە یاسا دژە ژن لە لایەن رژیمی ئێران نەک هەر گۆڕانکاریی ئەرێنییان بەسەردا نەهاتووە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دڕندەیی زیاتر هەنگاو دەنێن. ژنانی ئازا و تێکۆشەر! ئەمڕۆ ڕژێمی ئاخوندی لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابووریی دژواردایە. پاش شکستی گەورەی حکومەت لە "شەڕی ١٢ ڕۆژە" بەرانبەر ئیسرائیل و قووڵبوونەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان، دەسەڵات هەوڵ دەدات بە مانۆڕی سیاسی و نیشاندانی جۆرێک لە "نەرمی"، بانگەشەی ئەگەری ڕیفۆرم بکات. بەڵام ئێمە لە سازمانی خەبات بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین: ئەزموونی ڕابردوو و مێژووی خوێناویی ئەو دەسەڵاتە، بەتایبەت لەکاردانەوەکانی بەرانبەر شۆڕشی ژینا، سەلماندوویەتی کە ئەو ڕژێمە باوەڕی بە بچووکترین مافی ژنان نییە. هەر پاشەکشەیەکیش کە دەیکات، تەنیا تاکتیکێکە بۆ خۆڕێکخستنەوە و دواتر بە شێوەیەکی توندتر هێرش دەکاتەوە سەر خەڵک و بەتایبەت ژنان. هەرچەندە توندوتیژی دژی ژنان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بەڵام ڕیشەی سەرەکیی ئەو کارەساتانە، سیاسەت و قەیرانە بەردەوامەکانی خودی ڕژیمی ئاخوندییە. بۆیە، ڕزگاریی ژنان و کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییانە، بەستراوەتەوە بە ڕووخانی یەکجاری ئەو ڕژێمە و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک کە زەمانەتی ئاسایش و یەکسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان بکات. لە کۆتاییدا، داواکارین لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، ڕیزەکانی خەبات پتەوتر بکەن. دڵنیاین بە یەکگرتوویی و بەردەوامیی چالاکیی ڕێکخراوەکانی ژنان، دەتوانین کۆتایی بە دەسەڵاتی تاریکپەرستانی ئاخوندی بهێنین. سەرکەوێ خەباتی ڕەوای ژنانی کوردستان و ئێران مەرگ و نەمان بۆ ڕژێمی ئاخوندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی ۲۵ی نوامبری ۲۰۲۵



