کوردستانی ئێران لە نێوان زەروورەتی شۆڕش و حەتمییەتی یەکگرتووییدا
لە ئێستادا کوردستانی ئێران بە یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت. لە لایەکەوە، ڕژیمی ئاخوندی بە هەموو هێز و ئامێرە سەرکوتکەرەکانییەوە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسیی کورد دەدات، لە لایەکی دیکەوە، شەقامی کوردی پڕە لە هەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری. لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەدا، تەنها دوو هۆی سەرەکی دەتوانن زامنی مانەوە و سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بن: یەکەمیان بەهێزکردنی گیانی شۆڕشگێڕی، دووەمیان حەتمییەتی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانە. ئەم دوو چەمکە، تەواوکەری یەکترن و بەبێ یەکدی، پڕۆسەی ڕزگاریی نیشتمانی تووشی شکست دەبێت.
ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیە خەبات و بەربەرەکانێ لە بەرانبەر ڕژیمی ئێراندا ئەوەی سەلماندووە کە ئەم سیستمە هیچ جۆرە نەرمییەک لە خۆی نیشان نادات و بۆ قبووڵکردنی مافەکانی گەلی کورد، هەموو دەرگاکانی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی داخستووە.
لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، یاسا بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوت و دیالۆگ دەبێتە هۆیەک بۆ فریوکاری و تیرۆر. بەپێی ئەو شیکردنەوە سەرەتاییە، بەردەوامبوون لە شۆڕش، زەروورەتێکی حەیاتییە. شۆڕش و ئەرکی پیرۆزی شۆڕشگێڕی ئەو وزەیەیە کە ناهێڵێت نەتەوەیەک لەژێر گوشاری ئابووری و فەرهەنگیدا تەسلیم بێت.
بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» نموونەیەکی زیندووی ئەو ڕاستییە بوو کە نیشانی دا پتانسیەلی شۆڕش لە ناخی تاک بە تاکی کۆمەڵگادا هەیە. بۆیە مانەوەی ئەم گیانە شۆڕشگێڕییە، تاکە بەربەستە لەبەردەم پڕۆژەی تواندنەوە و سڕینەوەی کورد لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا.
شۆڕشگێڕی هەوێنی جووڵێنەرە و یەکگرتوویی حیزبەکان ئاڕاستەکەری ئەو هێزەیە. مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد پڕە لەو وانە تاڵانەی کە پێمان دەڵێن: گەورەترین دیاری بۆ داگیرکەر، پەرتەوازەیی ماڵی کوردە.
کوردستانی ئێران خاوەنی چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی خاوەن مێژووە، بەڵام نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەش، وایکردووە وزەی خەبات بەفیڕۆ بچێت. یەکگرتوویی حیزبەکان لەم قۆناغەدا چەند سوودێکی ستراتیژیی هەیە؛ یەکێک لە سوودەکانی ئەوەیە کە کاتێک جەماوەر دەبینن سەرکردایەتیی سیاسی یەکدەنگە، ورەیان بەرز دەبێتەوە و ئامادەیی قوربانیدانیان زیاتر دەبێت. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز، گوێ لە دەنگی هێزە پەرتەوازەکان ناگرن. دروستکردنی بەرەیەکی کوردستانی وادەکات کورد وەک ئەکتەرێکی سەرەکی و کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە کاتی هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە ئێران، تەنها ناوەندێکی بڕیاری یەکگرتوو دەتوانێت ڕێگری لە پشێوی بکات و دەستکەوتەکان بپارێزێت.
لەکۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین کە شۆڕشگێڕی بەبێ یەکگرتوویی، دەبێتە هۆی ئەوەی قوربانیدان بێ ئەنجام بێت، و یەکگرتووییش بەبێ گیانی شۆڕشگێڕی، دەبێتە پەیکەرێکی بێ ڕۆح.
ئەمڕۆ ڕۆژی ئەوەیە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ئاستی گەورەیی قوربانییەکانی خەڵکدا بن. پێویستە بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکان وەلابنێن، چونکە چارەنووسی کوردستانی ئێران بەستراوەتەوە بەم دوو وشەیەوە: شۆڕش دژی داگیرکەر و یەکبوون لەنێو خۆماندا. هەر ڕێگایەکی دیکە، جگە لە درێژکردنەوەی تەمەنی ڕژیمی ئاخوندی، هیچ ئەنجامێکی نابێت.
شۆڕش حاجی



