مێژووی چەند دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتی ڕژێم ئاخوندی لە ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم سیستمە دیکتاتۆریە لە سەر بنەمایەک داڕێژراوە کە مرۆڤایەتی و بەها ئەخلاقییەکان هیچ بایەخێکیان نییە و تەنیا پاراستن ومانەوەی دەسەڵات وەک ئامانجی باڵا دەبینرێت. ئەم ڕژێمە داپڵۆسێنەرە نیشانی داوە کە لە پێناو قۆرخکردنی هەموو ڕەهەندەکان و تەواوی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەو و کپکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخواز، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا ناکات. ناوەندە سەرکوتگەرەکان بە هەمان شێوەی کورد دەچەوسێننەوە، ستەم لە بەلووچ، عەرەب و تورکەمەن و آزری دەکەن. یەکێک لە ستراتیژییە سەرەکیەکانی ئەم دەسەڵاتە،لەسەر دروستکردنی دووبەرەکی و نانەوەی تۆوی ڕق و کینە لە نێوان نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان بووە، تا لە ڕێگەی لاوازکردنی یەکگرتوویی نەتەوەکانەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. دیارە کاتێک پایەکانی دەسەڵات دەکەوێتە مەترسییەوە، ڕەفتارەکانی بەرامبەر هەموو ئازادیخوازان وەک یەک دڕندانەتر دەبێت.
ستەمگەری و جینایەتەكانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتی ئێران،مامۆستایانی ئایینی پەراوێزخراو کە سەرمایەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی و ڕاوێژکاری مەعنەویی خەڵکن، هەمیشە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تۆقاندن و گرتن. مێژووی کوردستان پڕە لەو زانا و مامۆستا ئایینییە نیشتمانپەروەرانەی کە تەنیا بەهۆی خەمخۆرییان بۆ خاک و نەتەوەکەیان، ڕاپێچی زیندانەکان کراون و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە یان لە سێدارە دراون.
هەر لەو چوارچێوەدا بینەری ئەوەین کە سیناریۆی ترسناک لە ناوچە تورکەمەن نشینەکاندا دووبارە دەبێتەوە،ڕژێم بە بیانووی جۆراوجۆر خەریکی سەرکوتکردنی مامۆستایانی ئەهلی سوننەتی تورکەمەنەو چەندین کەسایەتیی ئایینی دوای بانگکردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی جێگەی گومان گیانیان لەدەست داوە، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ بەردەوامی سیاسەتی کوشتنی بێدەنگ و سڕینەوەی فیزیکیی ئەو دەنگانەی کە نایانەوێت ببنە پاشکۆی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات.
دەستبەسەرکردنی مامۆستا و کەسایەتییە ناڕازییەکانی وەک یونس ئەشعەری لەم کاتە هەستیارەدا، هەوڵێکی ڕژێمە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگەی تورکەمەن و بێدەنگکردنی ئەو مینبەرانەی کە بانگی ڕاستی و ئازادی دەڵێنەوە. ڕژێم لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئایینی لە ناوچە جیاوازەکاندا خەریکە دەبێتە یەک ئاراستەی هاوبەش دژی ڕژێم ئاخوندی ، بۆیە دەیەوێت بە گرتن و شکەنجەدان، پێشەنگە مەعنەوییەکانی خەڵک لە ناو ببات. ئەم جۆرە ڕەفتارانە پەردە لەسەر ئەو ڕاستییە لادەدەن کە بۆ ئەم ڕژێمە، وەحدەتی ئیسلامی تەنیا دروشمێکی بریقەدارەو بۆ خەڵەتاندنی جیهانی دەرەوە بەکاری دەهێنێت، چونکە لە ناوخۆدا هیچ ڕێزێک بۆ کەرامەتی مرۆیی و مافە سەرەتاییەکانی موسڵمانانی ئەهلی سوننە و نەتەوە جیاوازەکان دانانێت.
چەوساندنەوەی بەردەوامی کورد و تورکەمەن و نەتەوەکانی دیکە، ئەو پەیامە سیاسییە گرنگەمان پێ دەدات کە دوژمنی ئازادی لەم وڵاتەدا یەک ڕیشە و یەک ناویشانی هەیە. تا ئەو کاتەی ئەم رژیمە مەزهەبی و جینایتکارە لەسەر کورسیی دەسەڵات بێت، هیچ تاکێکی ئازادیخواز و هیچ نەتەوەیەک ڕەنگی ئارامی و خۆشی بە خۆیەوە نابینێت. ڕووداوەکانی ئەمدواییەی تورکەمەن سەحرا و بەردەوامیی سەرکوت لە کوردستان، تەنیا یەک ڕێگەیان بۆ گەلان هێشتووەتەوە، ئەویش لەوەیە کە تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوخەباتیی هەموو پێکهاتەکانی ئێران دەتوانرێت کۆتایی بە تەمەنی پڕ لە تاوانی ڕژێم بهێنرێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی و دادپەروەری لە ناوچەکەدا بکرێتەوە.



