هاونیشتمانیانی مەسیحی لە کوردستان و ئێران!
مەسیحییەکانی جیهان!
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢٦ ی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی بە هاونیشتمانیانی مەسیحی لە کوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان پێشکەش دەکەم و بە ناوی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە سەربەرزی و ئاسوودەیی بۆ هەموو باوەڕەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ مەسیحییەکان لە کوردستانی ئێران و سەرانسەری ئێران لە یەزدانی بێهاوتا داواکارم.
بەرزڕاگرتنی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا و هەروەها ساڵی نوێی زایینی لە کاتێکدایە کە هەلومەرجی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد بە تێکڕا و خەباتی گەلانی ئێران لە هەلومەرجێکی چارەنووس سازدایە. لەم هەلومەرجەدا گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی، یەک ڕێگەی سەرەکییان لەبەردەمدایە کە ئەویش یەکگرتوویی و یەکدەنگی و هاوکاریی تۆکمەیە لەپێناو ئامانجە ڕەواکاندا. بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوکارییە تۆکمەیە لەنێوان هێزەکانی کوردستانی ئێران جێگیر بکرێت.
ئەگەرچی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و شەش حیزب و لایەنی سیاسیی دیکەی کوردستانی ئێران لە هەوڵدا بوون پێکەوە کاری هاوبەش بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەی گرنگیان لە چوارچێوەی ناوەندی دیالۆگدا بەڕێوە بردوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێک لێدوانی ناپێویست و بڵاوبوونەوەی ووتاری کۆن، کە نابێت کاریگەریی جیدی بخاتە سەر ڕەوتی هەوڵەکان بۆ هاوکاری و هاودەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران؛ داوا دەکەم کۆبوونەوەکان بە شێوەیەکی چالاکانەتر لە ڕابردوو بەڕێوە بچن و ئاکامی دڵخۆشکەری لێ بکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لەم هەلومەرجە هەستیار و چارەنووس سازەدا کە شۆڕشی سەرانسەری لە ئێراندا هەیەتی، پێویستە هاوکاریی هێز و لایەنە شۆڕشگێڕەکانی کورد و لایەنە سەرانسەریی شۆڕشگێڕی ئێران و بەدیاریکراوی مقاومەتی سەرانسەریی لەپێناو چارەنووسی گەلانی ئێران و داهاتووی دەسەڵات لە ئێراندا و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک کە ئازادی و سەقامگیری دابین بکات، بێتە ئاراوە. وەک دەبینین دەست و پێوەندەکانی کوڕی شا لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ئێران و خۆدەرخستن بە ناوی جێگرەوەو ئەڵتەرناتیڤی ساختەن. ئاشکرایە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندیش کەڵک لە پڕوپاگەندەی ژاراوی کوڕی شا و دەست و پێوەندەکانیان وەردەگرن و بە قازانجی ڕژیمی دیکتاتۆری و بۆ پەرەپێدانی دووبەرەکی و ئاژاوە لە شۆڕشی ڕەوادا کەڵکی لێ وەردەگرن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران باوەڕی نەگۆڕی بە خەباتی هاوبەش و یەکێتی و تەبایی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئێران هەیە کە باوەڕیان بە دیموکراسی و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی و پاشایەتی هەیە و لەم پێناوەشدا چاوی لە قازانج و ویستە سازمانییەکانی پۆشیوە.
لەگەڵ باوەڕبوونی بێبڕانەوە بە سەرکەوتن و پیرۆزبایی دووبارەم بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا و ساڵی نوێی ٢٠٢٦ ی زایینی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
٢٤ ی دیسامبەری ٢٠٢٥ی زایینی



