لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا خۆپیشاندانێکی جەماوەری دژی ڕژێمی ئێران بەڕێوەچوو
بروکسل – ڕۆژی شەممە، لە وڵاتی بەلجیک و لە بەردەم تەلاری پەرلەمانی ئەوروپا، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بۆ پشتگیریکردن لە ئازادی و مەحکومکردنی تاوانەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران بەڕێوەچوو.خۆپیشاندانەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان بەخشیوە، دەستی پێکرد. ئامادەبووان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمی جۆراوجۆر، بێزاری خۆیان لە سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی حکومەتی ئێران دەربڕی.لە بەشێکی پڕۆگرامەکەدا، وتاری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز (ئەیوب حوسێنی) پێشکەش کرا. لە وتارەکەدا تیشک خرایە سەر دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران و ئێران، هەروەها پیداگریی لە بەردەوامی خەبات تا ڕوخانی ڕژێمی خوینڕێژی ئاخوندی و بەدیهاتنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد کرایەوە.
بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە بە چەندین دروشمی توند دژی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە پەرلەمانی ئەوروپا. وەک هێمایەک بۆ تووڕەیی گەل و ڕەتکردنەوەی ستەمکاری، وێنەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنرا.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ڕێزێکی تایبەت لە بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدە تازەیەی چەند ڕۆژی ڕابردوو گیرا کە لە پێناو نیشتمان و ئازادیدا شەهید بوون. ئامادەبووان بەڵێنی وەفادارییان بۆ ڕێبازی شەهیدان ڕاگەیاند و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە فشارەکانیان بۆ سەر ڕژێمی ئێران زیاد بکەن.



