لە بەلجیکا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان دژ بە تاوانەکانی ڕژێمی ئێران بەڕێوەچوو و سازمانی خەبات بەشداری تێدا کرد
لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی تاراوگە دژ بە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو. لەم چالاکییەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێرانیانی ئازادیخواز، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان بەشدار بوون.لەم خۆپیشاندانەدا، شاندێکی "سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران" بەشدارییەکی کارایان هەبوو. نوێنەرانی سازمانی خەبات لە وتەکاناندا پیداگریان لەوە کردەوە کە ڕژێمی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە بەکارهێنانی توندوتیژی و پێویستە هێزە سیاسییەکان و گەلی کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئەو ستەمکارییە ببنەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە سازمانی خەبات وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بەم ڕژێمە و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.بەشداربووان بە توندی ئەو شەپۆلە نوێیەی کوشتار و سەرکوتەیان شەرمەزار کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمەوە دژ بە خۆپیشاندەران لە ناوخۆی ئێران ئەنجام دراوە. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی قوربانیانی ئەمدواییە و دروشمی "مرۆڤایەتی دژی دیکتاتۆری"، داوایان لە یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بێدەنگی بشکێنن و سزای توندتر بخەنە سەر بەرپرسانی ڕژێم کە دەستیان لە خوێنی گەنجانی بێتاواندا سوورە.



