شه‌ممه‌ 

4 رێبه‌ندان2725
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
سازمانی خەبات

 

کۆمەڵانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

گەلانی ئازادیخوازی ئێران!

 

بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین.
لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچی خۆریدا، کۆماری کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد و بە هیممەت و فیداکاریی ڕۆڵە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکانی گەلەکەمان، لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیەندرا. کۆماری کوردستان یەکێک لە پیرۆزترین ئاواتەکانی نەتەوەی کوردی هێنایە دی و بووە هۆی دڵخۆشی و ئۆمێدی سەرجەم هاونیشتمانیانی کورد.
دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمە تاریکەدا، مەشخەڵێکی ڕووناکیدەر بوو لە شەوەزەنگی بێمافیدا و سەلماندی کە گەیشتن بە ئازادی و سەروەریی نەتەوەیی خەون نییە، بەڵکوو مافێکە کە دەکرێ بە ئیرادە و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی نیشتمان مسۆگەر بکرێت.
ئەگەرچی تەمەنی ئەو کۆمارە کورت بوو، بەڵام وانە و پەیامەکانی بۆ هەتاهەتایە مانەوە؛ ئەویش ئەوەیە کە دەبێت کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بەردەوام بێت لە تێکۆشان و زیاتر پشت بە ئیرادە و توانای ناوخۆیی خۆی ببەستێت، و هەرگیز نابێ چاوەڕوانی هاوکاریی هەمیشەیی بێگانە بێت یان متمانە بە بەڵێنی داگیرکەران بکات.
ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، ڕووی ڕاستەقینە و دزێوی دەسەڵاتی پەهلەوی دەرخست. ئەو تاوانە مێژووییە سەلماندی کە سیستەمی پاشایەتی و فاشیستی لە ئێران، بە هیچ شێوەیەک مافی نەتەوە بندەستەکان ناناسێت و لە وەڵامی هەر داوایەکی ڕەوادا، تەنیا شکەنجە، زیندان، سێدارە و سەرکوت بەکار دەهێنێت.
تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
لە کاتێکدا یاد و بیرەوەریی ٨٠ ساڵەی کۆماری کوردستان بەرز ڕادەگرین، دەبینین کە کوردستان و ئێران لەژێر سایەی ڕژیمی ئاخوندیدا ڕووبەڕووی دۆخێکی دژوار بوونەتەوە. دەسەڵات درێژە بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتار دەدات؛ بەتایبەت ناوچەکانی لوڕستان، ئیلام و کرماشان کەوتوونەتە بەر دڕندانەترین پەلاماری سەربازی و هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بە شێوەیەکی نامرۆڤانە هاونیشتمانیان شەهید دەکەن. تاوانی ئەم دەسەڵاتە گەیشتووەتە حاستێک کە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەهیدان، داوای بڕە پوڵێکی زۆر لە خانەوادەکان دەکەن، کە ئەمەش لوتکەی داڕمانی ئەخلاقیی ئەو ڕژیمەیە. بەڵام خەڵکی خۆڕاگر بەو سەرکوتانە چۆک دانادەن و سوورتر دەبن لەسەر داواکارییە ڕەواکانیان.
هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانیش، بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژئاوا، دەبینین کە گرووپە توندڕەوەکان بە پشتیوانیی هێزە ناوچەییەکان و بە پەیڕەوکردنی ئەقڵیەتی توندڕەوانە، دژایەتی گەلی کورد دەکەن و خوێنی ڕۆڵەکانی کوردیان حەڵاڵ کردووە.
سەرەڕای هەلومەرجی نالەباری هاونیشتمانیانی کوردستانی ئێران و سەرەڕای تاوانکارییەکانی ڕژیم، خەڵکی کورد وەک هەمیشە لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانیدان. هەروەها بە خۆشییەوە هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بەردەوامە و هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەوت سازمان و حیزبی سیاسیی کوردستانی ئێران "ناوەندی دیالۆگ"یان بۆ هاوکاریی هاوبەش دامەزراندووە. ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و ئەم یەکگرتنە بەربەستێکی قایمە لە بەردەم هەوڵی پاشماوەکانی ڕژیمی پەهلەوی و ڕێگە نادات جارێکی دیکە خەباتی گەلی کورد و گەلانی ئێران بەرەو دیکتاتۆرییەت بەلاڕێدا ببرێت.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، دروود دەنێرێت بۆ ڕوحی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و پێشەوا قازی محەممەد و یارانی، و دڵنیاتان دەکاتەوە کە بە یەکێتی و تەبایی، کۆتایی تەمەنی ڕژیمی ئاخوندی نزیکە و ئامانجەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێران وەدی دێن.

 

بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

نەمان بۆ دیکتاتۆریی ڕژیمی ئاخوندی.

سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندی

١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤

2 ڕۆژ و 56 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٨٠هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران