٢٢ی ڕێبەندان: لە دزینی شۆڕش و دیدگای سازمانی خەبات زەروورەتی ڕووخان
بیست و دووی ڕێبەندان لە مێژووی سیاسیی ئێران و کوردستاندا تەنیا سەرەتایەکی گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو برینێکی قووڵە لە جەستەی ئازادیخوازان و ئەگەر سەرتای شادی و خۆشی بوو بەڵام پێی نەچوو بووە سەرەتایەکی تاڵ و پڕ ئازار کە چۆن شۆڕشێکی مەزن و جەماوەری کە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و دیکتاتۆریی پاشایەتی هەڵگیرساو سەرکەوتوو بوو، لەلایەن ڕەوتێکی کۆنەپەرستی بە ڕێبەریی خومەینی دزرا و ئامانجەکەی دامەزراندنی یەکێک لە تاریکترین سیستەمە ئیستبدادییەکان بوو.کاتێک ئاوڕ لەو ڕۆژانە دەدەینەوە کە گەلانی ئێران ڕاپەڕین بە هۆی ستەمی بێ بەزەییانەی دەسەڵاتەوە بوو کە ڕوخانی ڕژێمی پەهلەوی وەک زەرورەتێکی مێژوویی لێ کەوتەوە. سیستەمی پاشایەتی هەموو دەرگاکانی ئازادیی داخستبوو و نەتەوەکانی ئێرانی چەوساندبووەوە.ەڵام بە داخەوە کارەساتی گەورە لەوەدا بوو کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلانی ئێران لەلایەن ئاخوندەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و چل و حەوت ساڵە ئاخوندەکان هەوڵ دەدەن هومێد بە ئازادی لە گۆڕ بنێن.
لە ماوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندەکان هەندێک کەسی بە ناو سیاسی و ژمارەیەک لایەنی ئێرانی و کوردستانی بە دروشمە فریودەرەکانی خومەینی مەست بووبوون هیوایان بەوە بوو کە دەکرێت لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نوێیەدا هەڵبکەن، دەبێت بە شانازی ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی و تێڕوانینی سیاسیی وردی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران بکەین کە وەک هێزێکی سیاسیی خاوەن پڕەنسیپ هەر لە سەرەتاوە ماهیەتی دژەمرۆڤی و دژەئازادیی ئەم ڕژێمەی خوێندەوە و نەچووە ژێر کاریگەری هیچ فێڵ و پیلانێکی ئەو دەسەڵاتە.سازمانی خەبات بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە سروشتی ویلایەتی فەقیەو ئایدۆلۆژیای ئاخوندەکان، هەر لە یەکەم ساڵەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی بە دەنگێکی دلێر نای بەم ڕژێمە وت و ڕێچکەی ڕووخانی وەک تاکە ڕێگەی ئەم ڕزگاری هەڵبژارد، ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا بوو کە زۆر کەس هێشتا لە ماهییەتی ڕژێم تێنەگەیشتبوون، بەڵام سازمانی خەبات بەو دووربینییە سیاسییەی کە هەیبوو سەلماندی کە ئەم دەسەڵاتە قابیل بە چاکسازی نییە و هەر جۆرە دانوستان و نەرمی نواندنێک لەگەڵیدا تەنیا بەهێزکردنی دیکتاتۆریی لێ دەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار دەیە، مێژوو ڕاستیی هەڵوێستی سازمانی خەبات سەلما کە مانەوە لەسەر هێڵی ڕووخانی ڕژێم و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە سازشێک، دروستترین بڕیاری سیاسی بووە، چونکە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی دا کە ئەم ڕژێمە تەنیا زمانی کوشتن و سێدارە دەزانێت و هیچ باوەڕێکی بە مافی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد نییە، بۆیە ئێستا کە شەقامی ئێران و کوردستان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تەنیا بە نەمانی ئەم ڕژێمە ئازادی دەستەبەر دەبێت، گرنگیی ستراتیژیی سازمانی خەبات زیاتر دەردەکەوێت کە بێ دابڕان و بەبێ لادان لە ڕێبازی شۆڕشگێڕی، درێژەی بە خەبات داوە.
لەم یادەدا دەبێت تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پێویستە هەموو حیزبە کوردستانییەکانی ئێران و کوردستان بە سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە و بە یەکخستنی ڕیزەکانیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتووی ڕوخانخوازدا، هێزی خۆیان کۆبکەنەوە، چونکە مانەوەی ڕژێم لە پەرتەوازەییدایە و تاکە ڕێگە بۆ بەدەستهێنانەوەی ئازادیی، یەکدەنگیی هەموو لایەنەکانە لەسەر بنەمای ڕووخانی یەکجارەکیی ڕژێمی ئاخوندی یە.



