لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٧ی فێبریەی ٢٠٢٦ کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بە بەشداریی دهیان هەزارا ئێرانیی ئازادیخواز لە گۆڕەپانی براندنبورگی شاری بەرلین لە دڵی ئەوروپا بەڕێوەچوو کە تێیدا زیاتر لە هەزاران کەس بەشدار بوون.

ئەم کۆبوونەوەیە بۆ وەبیرخستنەوەی ڕاپەڕینی مێژوویی دژی دەسەڵاتی پاشایەتی و پشتیوانی لە شۆڕشی ئێستا ساز کرا و تێیدا خاتوو مەریەم ڕەجەوی و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناسراوە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی ئەوروپا و ئەمریکا و هەروەها شاندێکی نوێنەرایەتیی سازمانی خەبات و ئەندامانی شووڕای میللیی موقاوەمەت بەشدار بوون ئامادەبوونی ئەم کەسایەتییە جیهانییانە نیشانەی گۆڕانێکی بەرچاو بوو لە ڕەوتی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە رژیمی ئێران و وتاربێژەکان پێداگریان لەسەر مافی ڕەوای دیفاعی گەلانی ئێران کردەوە ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە لە ناوخۆی ئێران و کوردستان گڕکانی شۆڕش دژی رژیمی ئاخوندی لە ئارادایە و پەیامی سەرەکیی بەشداربووان ئەوە بوو کە سەردەمی دیکتاتۆریی شا و ئاخوند بەسەر چووە و نابێت ڕێگە بدرێت بە سوودوەرگرتن لە خوێنی شەهیدان مێژوو بۆ دواوە بگەڕێندرێتەوە و دیکتاتۆریی پاشایەتی زیندوو بکرێتەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا خاتوو مەریەم ڕەجەوی ڕایگەیاند کە دوای ڕاپەڕینی بەفرانبار نیشانەکانی ڕووخانی رژیم دەستی پێ کردووە و ئێرانی داهاتوو کۆمارییەکی دیموکراتیک دەبێت کە تێیدا ئایین لە دەوڵەت جیا دەکرێتەوە و مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ نەتەوەکان دابین دەکرێت.

هەروەها مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا پێداگریی کردەوە کە ڕاپەڕینی ئێستا ڕیشەی لە ٤٠ ساڵ خەباتی دیموکراسیخوازیدا هەیە و گۆڕانکاری تەنیا بە دەستی خەڵک و موقاوەمەتێکی ڕێکخراو دێتە دی.

لە لایەکی دیکەوە شارل میشێل سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئەوروپا بە توندی ڕەخنەی لە هەوڵەکانی پاشماوەکانی پاشایەتی گرت و ڕایگەیاند کە شکەنجە و کوشتارەکانی سەردەمی شا لەبیر ناکرێن و پشتیوانیی خۆی بۆ بەرنامەی ١٠ خاڵیی خاتوو مەریەم ڕەجەوی دەربڕی.

لە بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەلایەن کاک جەلال خۆشکەلام کارگێڕی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتەوە پێشکەش کرا ناوبراو وێڕای گەیاندنی سڵاوی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە ئامادەبووان ڕایگەیاند کە نەتەوەکانی ئێران جارێکی دیکە کۆشک و تەلاری ستەمی زوحاکی زەمانەیان لەرزاندووە و ئەوەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕووی دا سەرکوتێکی سادە نەبوو بەڵکوو گەورەترین کوشتاری مێژووی هاوچەرخ بوو بەڵام خەبات بۆ ڕووخانی یەکجارەکیی رژیم بەردەوام دەبێت و سازمانی خەبات و شووڕای میللیی موقاوەمەتی ئێران لەگەڵ سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران و تەواوی گەلانی ئازادیخوازی ئێران تا ڕووخانی کۆتایی ئەم رژیمە بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان.
.jpg)




