هاونیشتمانیانی موسڵمانی کوردستانی!
موسڵمانانی ئێران و جیهان!
بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی بە موسڵمانانی کوردستان، ئێران و سەرانسەری جیهان پێشکەش دەکەم.
مانگی ڕەمەزان مانگی ڕۆژووگرتن و عیبادەت، مانگی خێر و چاکە و پاکبوونەوەی جەستە و دەروون، مانگی یارمەتیدان بە هەژاران، لە هەلومەرجێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەدایە و چەندین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ قەیران و کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوون.
لە وڵاتی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئاخوندی و جینایەت و تاوانی ئەو دەسەڵاتە لەگەڵ جەماوەر و کۆمەڵکوژیی کچان و کوڕان و خەڵکی بێتاوان، کۆمەڵگەی ئێران تووشی گەورەترین شۆک و سەرسووڕمان بووە و سامناکیی جینایەتەکانی ساڵانی ڕابردووی ئەو دەسەڵاتە لە بیری خەڵک نەچووبوو کە ئاخوندەکان تاوانی سامناک و نەبەخشراویان لە دژی خەڵکی بێتاوان کرد و هەزاران کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کرد.
لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستییەی کە دەسەڵات، هیچ جۆرە دڵخۆشییەکی بۆ جەماوەر نەهێشتۆتەوە و بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان لە هەژاری و برسیەتی و بێکاریدا ژیانی پڕ لە ئازار تێدەپەڕێنن، بەڵام سەرەڕای ئەو گشتە مەینەتییەش، گەلانی ئێران لە خەبات و بەربەرەکانێ لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی لە بەربەرەکانێدان.
گومانم نییە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیشدا جەماوەری تێکۆشەر و موسڵمانانی خاوەن هەڵوێست سەرەڕای بەڕێوەبردنی ئەرکی ئایینی و ڕۆژووگرتن، بەردەوام دەبن لە شۆڕشی ئازادیخوازی و کۆتایی بە حاکمیەتی دیکتاتۆری ئاخوندی دێنن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤



