بەشداریی کۆمیتەی ئەڵمانیای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی (Jina Uprising)
نورنبێرگ – ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دەستەی ئامادەکاری کتێبی «Jina Uprising»، شاندێکی کۆمیتەی ئەڵمانیای سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٦ لە شاری نورنبێرگی وڵاتی ئەڵمانیا و لە هۆڵی سەنتەری کولتووری کوردی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناساندن و پەردەلادان لەسەر ئەم بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییە گرنگە کرد.
ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی چەندین ئەندامی کۆمیتەی ئەڵمانیای سازمان و کەسایەتییەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بریندارانی سەربەرزی شۆڕشی ژینا وەک شایەتحاڵە زیندووەکانی ئەو مێژووە، شکۆ و بایەخێکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشیبوو.
دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە، کتێبی «Jina Uprising» بە وردی باس لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و ئەو وەرچەرخانە مێژووییانە دەکات کە لە ئەنجامی ئەم ڕاپەڕینە دروست بوون.
ئێمە وەک سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەستخۆشی لە ماندووبوونی دەستەی ئامادەکار، ئەم جۆرە کارە دۆکیۆمێنتارییانە بە بەشێکی گرنگ لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان دەزانین.
بژین و هەر سەرفراز بن.



