ژنانی ئازادیخواز و دەروەستی نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆیان، هەمووکات وەک هێزێکی گۆڕانکار و بەرهەمهێنی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستپێشخەرییان کردووە. خەباتی ژنان تەنها داواکاریی مافێکی تایبەت نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە پلانێکی گەورەتر بۆ گۆڕینی بناغەی کۆمەڵگە و بونیادنانەوەی سیستەمێکی دادپەروەر، یەکسان و بێچەوسانەوە، ئەم ڕێگایە کە پڕاوپڕە لە گیانفیدایی، قوربانیدان و خۆڕاگری، لاپەڕەیەکی زێڕینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کردووە.
٨ی مارس، تەنها بۆنەیەکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی سەربەستی و یەکسانی.
ئەم ڕۆژە، بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ماف نادرێت بەڵکوو بە خەبات و بەردەوامی وەردەگیرێت، هەروەها هێمای یەکگرتوویی نێوان ژنان و هەموو هێزە پێشکەوتووەکانە کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی بنچینەیی هەیە.
لە ئێستادا، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا سیستەمێکی یاسایی و سیاسی هەیە کە بە شێوەی سیستماتیک، هەڵاواردنی لەسەر بنەمای ڕەگەز دامەزراندووە، یاسا لە بوارەکانی وەک پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، میرات، شایەتی دان، جلوبەرگ، بەشداریی سیاسی و دادگاییکردن، ژن لە پیاو بە کەمتردانان و ئەم جیاوازییە وەک “ئاسایی” دەردەخەن.
ئەم ڕێکخستنە یاساییە، هاوئاهەنگە لەگەڵ فەرهەنگ و عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی کە ژن بە مرۆڤێکی پلە دوو دەناسێنێت و ژیانیان لە سنوورێکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتیدا پێناسە دەکات.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم سیستەمەدا، ژنانی هۆشیار و ڕێکخراوی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان، بوونەتە هێزی سەرەکیی خۆڕاگری و گۆڕانکاری.
بەشداریی سەرەکیی ژنان لە خۆپیشاندانی مەدەنی، چالاکی سیاسی و دامەزراوە ناحکومییەکان، سەلمێنەری ئەوەیە کە ژن سەرکردە و داهێنەری داهاتووە، ژنان بە هۆشیاریی سیاسی و بڕیار و ئیرادەی خۆیان، سنوورە فەرمی و دیاریکراوەکانیان شکاندووە و ئەجێندای یەکسانی و دادپەروەرییان خستووەتە ناو گۆڕەپانی گشتییەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە خەبات بۆ وەدیهاتنی سەرجەم مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکان بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، سێکۆلار و دادپەروەر، کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت و هیچ مرۆڤێک بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، باوەڕ یان هزری سیاسییەوە نەبێتە ئامانجی هەڵاواردن.
ئێمە وەکوو پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات پەیمان نوێ دەکەینەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و هەموو ئەو ژنە قارەمانانەی کە لە بەرامبەر بیرو سیاسەتی دژەژنی دەسەڵاتی ئێران ئازایانە وەستان و گیانبازییان کردووەو باوەڕمان وایە کە بەردەوامی، خۆڕێکخستن و هاوخەباتی نێوان هێزە دیموکراتیک و پێشکەوتووەکان، ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەر خۆش دەکات.
خەباتی ژنان، خەباتی گەلانە بۆ ئازادی و سەرکەوتنی ژنان سەرکەوتنی دیموکراسی و مرۆڤایەتییە.
1- ئاسۆی ژنی کورد - ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە
۲- ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان (نینا)
۳- ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەژار
۴- ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
۵ـ ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران



