بەهاری ئازادی
✍️بەختیار عەزیزی
کاتێک زستان بەرەو کۆتایی دەچێت و بەفری کێوە سەرکەشەکانی کوردستان دەتوێتەوە، بۆ من و هاورێ پێشمەرگەکانم لە سازمانی خەبات، تەنها وەرزێکی نوێ دەست پێناکات؛ بەڵکو موژدەی "بەهاری ئازادی" لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەو بەهارەی کە ساڵانێکە لە سەنگەرەکاندا، لەژێر تیشکی خۆر و لەناو تەمومژی چیاکاندا، چاوەڕوانی هاتنی دەکەین.
ئێمە پێشمەرگەین؛ هەڵگری چەک و بیروباوەڕین. جیاوازیی بەهاری ئێمە لەگەڵ بەهاری سروشت لەوەدایە کە چرۆکانی ئێمە بە خوێنی شەهیدان دەپشکوون و گوڵەکانمان لەناو دەنگی نەعرەتەی ئازادییەوە باڵا دەکەن. لە ناو ڕیزەکانی "سازمانی خەبات"دا، فێربووین کە ئازادی تەنها وشەیەک نییە، بەڵکوو ناسنامەیەکە کە دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایین لە دەستی ستەمکارانی وەربگرینەوە.
ئەمساڵ کە نەورۆز هات، نەوای ئازادی لە هەموو کات زیاتر بەسەر شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەخولێتەوە. لە خۆی و ماکۆوە هەتا ئیلام و لورستانی قارەمان و خۆڕاگر، هەموو چاوەڕێی ئەو بەهارە گەورەیەن کە تێیدا هەتاوی دادپەروەری هەڵدێت. ئێمە لە شاخەکانەوە دەبینین کە چۆن گەنجانی وڵات، بە ورەیەکی بەرزەوە، بە پێشوازی گۆڕانکاریەکانەوە دێن.
وەک پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا هێز لە جەستەماندا بێت، پاسەوانی لەو خاک و پیرۆزییانە بکەین کە "سازمان" لەسەری دامەزراوە. ڕێبازی ئێمە، ڕێبازی ڕاستی و ڕزگارییە؛ تێکەڵەیەکە لە بیری نەتەوایەتی و باوەڕێکی قووڵ بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان.
بەهاری ئازادی بۆ ئێمە واتە:
ئەو ڕۆژەی کە دایکانی شەهید فرمێسکی شادی دەڕێژن.
ئەو ساتەی کە زیندانیانی سیاسی دەگەڕێنەوە باوەشی گەرمی خێزانەکانیان.
ئەو کاتەی کە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان لەسەر هەموو لوتکەکان بە ئازادی دەشەکێتەوە.
ئێمە نامرین، ئێمە دەمێنینەوە، چونکە وەک بەهار بێباکین لە سەرما و وەک چیا دەستەوستان نابین لەبەردەم باو گژدا. بەهاری ئەمساڵ، بەهاری ڕاپەڕین و بەهاری کۆتایی هاتنی شەوەزەنگە.
بژی کورد، بژی ئازادی



