٢٢ی ئاوریلی ١٨٩٨، وەرچەرخانێکی مێژوویی و ترووسکاییەکی پڕشنگدار بوو لە تاریکستانی ستەمی نەتەوەییدا. لەو ڕۆژەدا و لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر، مێقداد مەدحەت بەدرخان بە چاپکردنی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"، یەکەمین بەردی بناغەی قەڵای ڕاگەیاندنی کوردی دانا و دەنگی کزۆڵی گەلێکی ستەملێکراوی گەیاندە جیهان. ئەم هەنگاوە تەنیا کارێکی ڕۆژنامەوانی نەبوو، بەڵکوو شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی بوو. مێقداد بەدرخان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و لەسەر خەرج و ماندووبوونی خۆی، دەریخست کە نەتەوەی کورد خاوەن شارستانییەت و ناسنامەیە. ئەو بەو کارە، پێنووسی کردە چەکێکی کاریگەر بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران. ئەمڕۆ کە ڕۆژنامەگەریی کوردی بە هەوراز و نشێوی جۆراوجۆردا تێپەڕدەبێ، ئەرکی ئێمەیە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو، پەرە بە ڕۆژنامەگەریی نیشتمانی بدەین. لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژی و جیهانی مەجازی، وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب و ئامرازە گەیاندنەکانی دیکە بوونەتە سەنگەری نوێی راگەیاندن، پێویستە ئەم دەرفەتە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای کورد و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان بەکار بهێنین. ناکرێ باس لە ڕۆژنامەگەریی کوردی بکرێت و ئاماژە بەو ستەم و سەرکوتکارییە نەکرێت کە ڕژیمی ئاخوندی بەرانبەر بە قەڵەمە ئازادەکان دەیکات. ڕژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی خنکاندنی دەنگی ئازاددایە، بەڵام مێژوو دەریخستووە کە "پێنووس ناشکێت و ڕاستی ناچەمێتەوە". ئەرکی ڕۆژنامەنووسە شۆڕشگێڕەکانمانە وەک هەمیشە نەترسانە خزمەت بە کورد و کوردستان بکەن و وەک چاوێکی بیدار، دژ بە دیکتاتۆرییەت و بۆ ئازادی تێبکۆشن. داواکارم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و چالاکانی مەیدانی ڕاگەیاندن، لە پێناو گەشەسەندنی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و فەرهەنگیی نەتەوەکەمان، بە هەمان ئیرادەی بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە درێژە بە کاروانە پیرۆزەکەیان بدەن. دووبارە ئەم یادە مەزنە لە هەموو قەڵەمە بوێرەکان پیرۆز بێت. سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سکرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی کۆچی خۆری



