ڕاگەیاندراوی ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا
بۆ ئازادیی_یەکسانی_مافە ڕەواکانی ژنان.
بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و یەکسانی!
لە سەت ساڵی ڕابردوودا خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاریی بەردەوام و بێپسانەوەیە و بەو ڕۆڵەی ژن تێیدا گێڕاویەتی سەلماندوویە کە ئازادیی نیشتمان بێ ئازادیی ژن وەدی نایەت و ژنی کوردیش تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیدا و دوور لە داگیرکاری و عەقلییەتی پیاو سالاری و دەسەڵات و نەریتە سەپێندراوەکان، دەگاتە مافە ڕەواکانی و هاوکات پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و ئازادییەکانیشی دەبێت.
ژنی کورد بە درێژایی مێژوو، نەک هەر بەشێک بووە لە ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی بەڵکوو ڕوحی ڕاپەرینیش بووە و پێشەنگایەتی وقورسایی ئەو خەباتەی خستۆتە سەرشانی خۆی، لە سەردەمی نوێی دا لووتکەی پێشەنگایەتی ژنان لە ڕاپەرینی(ژینا) ژن.ژیان.ئازادییەوە دەستی پێکرد کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەر جوغرافیای ئێرانی گرتەوە، ئەو قۆناغە وێنەی (ژنی وەک قوربانی) گۆڕی بۆ (ژن وەک بزوێنەری گۆڕانکاری). ژنان نەک هەر وەک داواکار، بەڵکوو وەک ڕێبەر و داڕێژەری نەخشەی داهاتوو دەرکەوتن، ئەمەش وایکرد جیهان بە چاوێکی سیاسیی قووڵترەوە سەیری تواناکانی ژن بکات لە بەڕێوەبردنی قەیرانە گەورەکاندا.
ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی زوڵم و ستەمێکی دوو لایەنەیە. لە لایەکەوە وەک کورد مافە نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە و لە لایەکی ترەوە وەک ژن لەژێر یاسا کۆنەپەرستەکاندا دەچەوسێندرێتەوە.
ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان_ نینا، ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد_ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات، یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار
دوای چەندین مانگ و کۆبوونەوە بە شێوەی ئامادە بوون و ئۆنلاین،بە پێویستمان زانی کە بە تێگەیشتن لە پێویستیی یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی، پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا وەک چەترێکی مەدەنی_نەتەوەیی و پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی شکۆ، ئازادیی، یەکسانی و مافی ژنان ڕابگەیەنین.
ئەم پلاتفۆرمە گرێدراویی خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکا و بەرەنگاری ئەم ستەمە مێژووییە دەبێتەوە کە دژی "ژنی کورد"هەیە.
ئامانجە سەرەکییەکانی پڵاتفۆڕمی ژینا خۆی لە یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەیی ژنان و بە هێز کردنی جێگەو پێگەی ژن لە نێو کۆمەڵگە، ڕووبەرووبوونەوەی داگیرکەر و ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان ،دەوڵەمەند کردنی خەباتی مەدەنی_ سیاسیی ژنان دەبینێتەوە.
پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، وێڕای پێداگریی و داکۆکییەکانتان لەسەر مافە ڕەواکانیان، لە دەوری ئەم پلاتفۆڕمە کۆببنەوە.
کاتی ئەوە هاتووە ژنانی نیشتمان، جیاوازییەکان وەلا بنێن و وەک یەک دەنگ و یەک ئیرادە، لە پێناو شکۆی نەتەوەیی و مافەکانیاندا بوەستنەوە.
پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - ژینا



