کرێکارانی تێکۆشەری کوردستان و ئێران!
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
یەکەی مەی، هێمای جیهانیی خۆڕاگری، دادپەروەری و پێداگرییە لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی چینی کرێکار کە بەرهەمهێنان و ئاوەدانیی مرۆڤایەتین. بەبۆنەی ئەم ڕۆژە شکۆدارەوە، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەشی سەرجەم کرێکاران و زەحمەتکێشانی نیشتمان دەکات و ڕێز بۆ ماندووبوون و ئیرادەی پۆڵایینیان دادەنێت.
لە کاتێکدا پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین، کە زیاتر لە ٤٧ ساڵە ڕژیمی تاوانکاری ئاخوندی، نەک هەر مافە سەندیکا پیشەییەکان و مافی کرێکارانی پێشێلکردووە، لە هەمان کاتیشدا ژیان و کەرامەتی ئەم چینە ڕەنجدەرەی کردۆتە قوربانیی سیاسەتە چەوت و ئاژاوەگێڕییەکانی.
کرێکاران لە ئێران و کوردستان بەتایبەت لە کاتی دەست پێکردنی جەنگی چل رۆژەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی رژیمی ئێران لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژین. بە هۆی سیاسەتی شەرخوازی و تاڵان کردنی سەرمایەی گەلانی ئێران هێڵی هەژاری گەیشتۆتە حاستێکی مەترسیدار.
ڕەنج و ماندووبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان بژێوی رۆژانەیان دابین ناکات و هەر بەهۆی گەندەڵی و داڕمانی ژێرخانی ئابوورییەوە گرانی سەرسووڕهێنەر باڵی بە سەر تەواوی ئێراندا کێشاوە.
کرێکارانی ڕەنجکێش؛ ئێوە تەنیا هێزی بازووی وەڵات و پێشەنگی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشن. بەشداریی کارا ئێوە لە مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵانی ڕابردوو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی، یەک ئامانجن و بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمکاری تێدەکۆشن.
جێگەی داخە کە سەرمایەی نەتەوەیی و بەرهەمی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەبری ئەوەی بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی و بیمەی بژێوی و تەندروستی خەرج بکرێت، لەلایەن ڕژیمەوە بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم، تەیارکردنی گروپە میلیشیاکان و پڕۆژە ئەتۆمییە مەترسیدارەکان بەفیڕۆ دەڕوا. ئەم ڕژیمە نەک هەر ئابووریی وڵاتی داڕماند، بەڵکو ژینگەی کارکردنیشی بۆ کرێکاران کردۆتە مەیدانێکی پڕ لە مەترسی و ئەگەر هەر جۆرە داخوازییەک لە لایەن کرێکاران و جەماوەری ستەملێکراو باس بکرێت ،بە زیندان و سەرکوت وەڵام دەدرێتەوە.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست؛ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، هێزێکی ڕەسەن و شۆڕشگێڕەو، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکان و مافە پیشەییەکانی کرێکاران، تەنیا بە ڕوخانی یەکجاریی ئەم ڕژیمە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک دابین دەبێت؛ دەسەڵاتێک کە تێیدا مرۆڤ و کەرامەتی، لە بنەما سەرەکییەکانی قانون و بڕیارەکان بن.
سازمانی خەبات، جارێکی دیکە پشتیوانیی لە خەباتی سەرجەم کرێکاران مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕەواکانیان دووپات دەکاتەوەو بەڵێن دەدەین تا گەیشتن بە ئاسۆیەکی گەش کە تێیدا هیچ کرێکارێک نەچێتە ژێر چاودێریی ئەمنی و هیچ هەوڵێکی ئازادیخوازی و هەوڵ بۆ پەیدا کردنی بژێوی و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی بە هەڕەشەو سەرکوت لە بار نەبێت.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای تێکۆشانی کرێکاران سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلی کورد وگەلانی ئێران
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ١ی مەی ٢٠٢٦ زایینی ١١ی بانەمەڕی
١٤٠٥ی کۆچی خۆری



