سازمانی خەبات بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ داهاتووی ئێران کرد
لە هۆڵی (ڤیکتۆر هیوگۆ) لە ئەنجومەنی نیشتیمانی فەڕانسە، کۆنفرانسێکی فراوان لەژێر ناونیشانی "مەرجەکانی سەرهەڵدانی کۆمارێکی دیموکراتیک لە ئێرانی ئازادی سبەینێ" بەڕێوەچوو.کۆنفرانسەکە کە بە دەسپێشخەری و بانگهێشتی "کۆمیتەی پەرلەمانتارانی فەڕانسە بۆ ئێرانی دیموکرات (CPID)" ڕێکخرابوو، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و کەسایەتییە سیاسییەکانی فەڕانسە، لەوانە (کریستین ئاریگی، فیلیپ گۆسلین، هێرڤێ سۆلینیاک و پاتریک هێتزل) وتاریان پێشکەش کرد.شاندێکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەشداربوویەکی سەرەکی کۆنفرانسەکە بوو، کە تێیدا پێداگری لەسەر پێویستیی ڕووخانی ڕژیم و دامەزراندنی سیستەمێکی سەکۆلار و دیموکراتیک کرایەوە. لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، سەرنج خرایە سەر شەپۆلی لەسێدارەدانەکانی ئەمدواییەی ڕژیم و پێداگری لەسەر سزادانی تاوانباران و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کرا.



