✍️ بەختیار عەزیزی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو نیشتمانەی کە مێژووەکەی بە خوێن و خۆڕاگری نووسراوەتەوە، ئەمڕۆ لە ناو جەرگەی تەنگەژە و ململانێیەکی سەختدا دەژی. ژیان لەم پارچەیەی نیشتمان لە کاتی شەڕ و گرژیدا، تەنها چیرۆکی ئازار نییە، بەڵکو چیرۆکی نەتەوەیەکە کە لە ناو دووکەڵی جەنگدا، چاوی بڕیوەتە ئەو شاخە سەرکەشانەی کە بێشکەی پارێزەرانی نیشتمانن. لێرەدا، ژیان و هیوا بە توندترین شێوە بە ناوی پێشمەرگەوە گرێ دراوە.
لە کاتێکدا کە سێبەری شەڕ و گوشارە دەروونی و سیاسییەکان بەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەکێشرێت، ئەوەی کە ڕێگری دەکات لە شکانی ورەی خەڵک، بوونی هێزی پێشمەرگەیە. پێشمەرگە بۆ مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵات تەنها هێزێکی چەکدار نییە، بەڵکو سیمبولی زیندوومانەوەی نەتەوەیەکە. لەو ساتانەی کە تاریکیی ستەم لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژیان دادەپۆشێت، ناوی پێشمەرگە وەک تیشکێکی ئومێد لە دڵی پیر و گەنجدا دەدرەوشێتەوە. گەلی ڕۆژهەڵات باش دەزانێت کە ئەگەر پێشمەرگە وەک قەڵایەکی قاییم لە شاخەکاندا نەمێنێتەوە، ناسنامە و کەرامەتی نەتەوەیی دەکەوێتە مەترسییەوە.
پەیوەندی نێوان خەڵک و پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵات، پەیوەندییەکی ئەندامی و ڕۆحییە. هەر پێشمەرگەیەک، کوڕ یان کچی خێزانێکی ئەم خاکەیە؛ بۆیە کاتێک باس لە خۆڕاگری دەکرێت، جیاوازییەک لە نێوان "شاخ و شار دا نامێنێت. لە کاتی شەڕدا، پێشمەرگە دەبێتە ئەو قەڵغانەی کە خەونی منداڵان و شکۆی نیشتمان دەپارێزێت. ئەم هێزە فیداکارە، هیواکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی بە یەکەوە گرێ داوە و وای کردووە کە مرۆڤی کورد لە ناو قورسترین گەمارۆکانیشدا، هەست بە تەنیایی نەکات و بزانێت پشتوپەنایەکی پۆڵاینی هەیە.
لە ڕووی دەروونییەوە، بوونی پێشمەرگە هێزێکی وا بە کۆمەڵگە دەبەخشێت کە بتوانێت لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا سەقامگیر بێت. ئەگەرچی شەڕ ماڵوێرانی و گرانی و ئازاری بەدواوە دێت، بەڵام کاتێک نەتەوەیەک دەبینێت ڕۆڵەکانی لە پێناو ئازادی و خاکدا ئامادەی فیداکارین، ئازارەکان دەبنە هەوێنی بەردەوامی. پێشمەرگە لە ویژدانی ڕۆژهەڵاتدا، ئەو پێناسەیەیە کە دەڵێت: ئێمە هەین و نامرین.
لە کۆتاییدا، ژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی شەڕدا، ڕێگایەکی پڕ لە دڕک و تەنگژەیە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی پێشمەرگە وەک چیاکان بە پێوە بێت، چرای هیوا لەم نیشتمانەدا نا کوژێتەوە. دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات پێمان دەڵێت کە ئاشتی و ئازادی تەنها بە قوربانیدان بەدەست دێت و پێشمەرگەش ئەو ڕێبوارە نهترسهیه کە نەتەوەکەی بەرەو بەیانییەکی ڕوون دەبات. ڕۆژهەڵات بە چیا سەرکەشەکانی و بە بازووی بەهێزی پێشمەرگەکانییەوە، وەک قەڵایەکی داگیرنەکراو دەمێنێتەوە.



