هه‌ینی 

8 جۆزه‌ردان2726
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

دۆخی ژنان لە قەیرانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و داڕمانی بژێوی و ژیان لە ئێران

دۆخی ژنان لە قەیرانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و داڕمانی بژێوی و ژیان لە ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

 ڕێناس فەلەکی
له ئێرانی ئەمڕۆ و لە سۆڵتەی حکومەتی ئاخوندیدا بابەتی ژنان بوەته یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان و بەتایبەتی لە هەلوومەرجی هەنوکەو دۆخی شەڕ و ناسەقامگیری ناوچەکە، ئەم بابەتە زۆر زەقتر بوەتەوە. ئامارە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ژنان نەک هەر ڕووبەڕووی هەڵاواردنی یاسایی دەبنەوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی قەیرانی ئابووری و ژینگەی ئەمنیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕەوتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دوور دەخرێنەوە. دەکرێ ئەم دۆخە بە دەرئەنجامی ستراتیژیکی ئامانجدار هەژمار بکرێت کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان لە ژیانی گشتیدا بێت.
ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنان لە ئێران نزیکەی لەسەدا ١٣.٤ـە؛ ژمارەیەک کە کەلێنی قووڵ و بەرچاو نیشان دەدات بە بەراورد بە تێکڕای جیهانی کە زیاتر لە سەدا ٥١ـە. هەروەها پشکی ژنان لە کۆی هێزی کاردا نزیکەی لەسەدا ١٦.٥ ماوەتەوە. ئەم ژمارانە تەنیا ئاماژە بە نایەکسانی ناکەن، بەڵکو ئاماژەن بۆ دەرکردنی پێکهاتەیی ژنان لە ئابووری فەرمی وڵات.
ئەم دەرکردنە لە پێوەرەکانی بێکاریشدا بەرهەم هێنراوەتەوەو ڕێژەی بێکاری بۆ ژنان نزیکەی دوو ئەوەندەی پیاوانە، کە دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار بەبڕی تا لەسەدا ٣٥، لەنێو ژنانی گەنجدا. بە واتایەکی تر لە کاتی قەیرانەکاندا ژنان یەکەم توێژن کە لە بازاڕی کار دوور دەخرێنەوە و دوایین توێژن کە دەتوانن بگەڕێنەوە.
لە کاتێکدا ئابووری ئێران ڕووبەڕووی هەڵاوسانی درێژخایەن و دابەزینی توانای کڕین بووەتەوە، فشارەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی دەخرێنە سەر ژنان، واتە کەمترین مووچە تەنیا بەشێکی کەم لە تێچووی ڕاستەقینەی ژیان دەگرێتەوە و ملیۆنان کەس کە بەشێکی زۆریان ژنن وازیان لە بازاڕی کار هێناوە.
لەم دۆخانەدا پشتبەستنی ئابووری ژنان بە خێزانەکانیانەوە زیاد دەکات و دیاردەی فێمینیزەکردنی هەژاری زۆرتر دەبێتەوە. لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی ئینتەرنێت و ئابووری دیجیتاڵیش کە سەرچاوەیەکی حەیاتی بۆ داهاتی ژنانی ماڵە ڕادەوەستێت و  زیاتر پەراوێزیان دەخات. ژنان لەبەر ئەوەی کە ئەرکی ماڵداریشیان لەسەرەو زۆر کات وەک ئەرکی بنەڕەتی بەسەریاندا سەپاوە، ناچارن بە دابەشکردنی کاتەکانیان و بەو هۆیەوە کاتێکی زۆریان لە بەراوەرد بە پیاوان بەفیڕۆ دەڕوات. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی فۆرمێکی شاراوەی ڕێگری لە سەربەخۆیی ژنانە کە لە پێکهاتەی خێزاندا ساز دەبێت و بە شێوەیەکی کاریگەر ئەگەری سەربەخۆیی ئابووری سنووردار دەکات.
هەروەها بوونی ژنان لە پێکهاتەی سیاسیدا زۆر سنووردارەو پشکی کەمیان لە دامەزراوەکانی بڕیاردان هەیە، تەنانەت لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ڕژیمدا ڕێژەی ژنان زۆر کەمەو لەو ناوەندە فەرمایشیانەشدا جیاوازی و هەڵاواردن هەیە. ئەم وەدەرنانی سیاسییە بەو مانایەیە کە دەنگی ژنان لە پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت دوورخراوەتەوە. 
لەسەر بابەتی کۆمەڵایەتی و خانەوادەگیش، توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لەو ڕەهەندانەی کەمتر ڕەنگدانەوەی هەیە. داتاکانی بەردەست ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی بەرچاوی توندوتیژی جەستەیی و سێکسی دەکەن، بەڵام لە دۆخی سنووردارکردنی ئەمنی و یاساییدا، بەشێکی زۆری ئەم توندوتیژییە هەرگیز تۆمار ناکرێت و دەنگی ژنان لەو بوارەشدا تا ڕادەیەکی بەرچاو کپ دەکرێتەوە. کەمبوونەوەی پشتیوانی بۆ سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردن لەوانەش لە بواری جلوبەرگدا و زیادبوونی ئارەزووی ئازادییەکانی تاکەکەسی ئاماژەیە بۆ کەلێنێکی قووڵ لە نێوان کۆمەڵگە و پێکهاتەی دەسەڵاتداردا. ئەم کەلێنە یەکێک بوو لە داواکاریەکان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ و گەیشتە لوتکە.
تێکەڵکردنی ئەم داتایانە وێنەیەکی ڕوون دەخاتە ڕوو، ژنان لە ئێران لە یەکتربڕینی وەدەرنانی ئابووری، فشاری کۆمەڵایەتی، قۆرخکاریی سیاسی و نائەمنی پێکهاتەییدان. بەڵام ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستێکی هۆشیاری بەکۆمەڵ و توانای پۆتانسێلی گۆڕانکاری.
بۆ گۆڕینی ئەم توانایە بۆ هێزێکی کاریگەر، دەتوانرێت چەند میحوەرێکی ستراتیژی بەکار بگیرێت وەک،
بەهێزکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی ژنان، بەستنەوەی داواکاری ژنان بە قەیرانە ئابوورییە گەورە و کۆمەڵایەتییەکان،
تێکەڵکردنی ڕاستەقینەی پرسی ژنان بە بەرنامە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن، 
دروستکردنی ڕێگەی بەدیل بۆ سەربەخۆیی ئابووری ژنان و هەر چەشنە ڕێکارێک کە یارمەتیدەری گۆڕانی ئەو دۆخە دەبێ. 
کۆمەڵگەی ژنان لە ئێران، وێڕای ئەوەی یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی دۆخی ئێستایە، بووەتە یەکێک لە هێزە یەکلاکەرەوەکانی گۆڕانکاری. داهاتووی پێشهاتەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بە ڕادەی ڕێکخستنی ئەم هێزە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەو بە ڕەچاو کردنی ئەو دۆخە، دەبێ لە هەموو بوارەکاندا هەوڵ بدرێت تا ئەو دۆخە کارەساتی لەوە زۆرتر نەخوڵقێنێت.

7 ڕۆژ و 4 کاتژمێر و 32 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

دۆخی ژنان لە قەیرانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و داڕمانی بژێوی و ژیان لە ئێران

دۆخی ژنان لە قەیرانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و داڕمانی بژێوی و ژیان لە ئێران

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران