جەژنی قوربان لە موسڵمانانی کوردستان، ئێران و جیهان پیرۆز بێت. لە کاتێکدا موسڵمانان جەژنی قوربان بەرز ڕادەگرن، بەداخەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتێکڕا و ئێران بەتایبەت، بەهۆی سیاسەتی جەنگخوازی و ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی لە کێشە و ئاڵۆزیدایە. ئاشکرایە بەهۆی سیاسەتی نەزانانەی ئاخوندەکان و پێداگرییان لەسەر مانەوەیان لەسەر دەسەڵاتی ناڕەوا، هەروەها هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم و مووشەکی بالیستیک و چەک و تەقەمەنیی قەدەغەکراو، پێکهێنانی میحوەرە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستی، سەپاندنی سیاسەت و گەڵاڵە مەترسیدارەکانیان بەسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونەتە هۆی دروستکردنی جەنگێکی ماڵوێرانکەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بە جەنگخوازیان خەڵکی ناوچەکە و گەلانی ئێرانیان تووشی هەلومەرجێکی مەترسیدار کردووە. گومانی تێدا نییە کە ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران، دوژمنی سەرەکیی گەلانی ئێران و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە بەتێکڕا، هەر بۆیە ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە، گەورەترین مژدە و باشترین جەژنانەیە بۆ مرۆڤایەتی بەتێکڕا و گەلانی ئێران بەتایبەت. لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەم، و هومێد بە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دابینبوونی مافی ڕەوای گەلی ستەملێکراوی کورد. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران سکرتێری گشتی بابەشێخ حوسێنی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی کۆچی خۆری ٢٦ـی ٠٥ـی ٢٠٢٦



