خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی چەواشەکاریی رژیم
رژیم بە درێژایی مێژووی پڕ لە تاوانی خۆی، هەمیشە لە کاتی تەنگژە و قەیرانە
قووڵەکاندا پەنای بۆ تەڵە و تاکتیکی چەواشەکاری بردووە. ئامانج لەم کارە،
خافڵاندنی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکەیە.
ئەو هەنگاوەی ئەم دواییەی رژیم لە گۆڕین یان زیادکردنی تابلۆی ڕێگاوبانەکان بە
زمانی کوردی، تەنیا فێڵێکی ڕووکەش و دەمامکێکی هێورکەرەوەیە. ئەم هەنگاوە
دوورە لە هەر بنەمایەکی ڕاستەقینەی سیاسی و گۆڕانی عەقڵییەت؛ چونکە
شاگەشکەبوون بەم نەرمییە کاتییانە، نیشاندەری نەخوێندنەوەی دروستی
ماهییەتی فاشیستی و دژەمرۆیی ئەم دەسەڵاتەیە. رژیمێک کە ساڵانێکی درێژە
جیاکاریی سیستماتیک، پەرەپێدانی هەژاریی بەمەبەست و قەدەغەکردنی خوێندن بە
زمانی دایکی پەیڕەو دەکات، ئێستا دەیەوێت بەم ڕووکەشسازییە پڕوپاگەندەی میدیایی
بکات و سەرنجی جیهان لەسەر سەرکوتکارییەکانی لاببات.
بۆ ناسینی ڕاستەقینەی ئەم رژیمە، نابێت سەیری تابلۆی سەر ڕێگاکان بکەین، بەڵکو
دەبێت سەیری ناوەندی گرتووخانەکان و پێشینە خوێناوییەکەی بکەین؛ کە چۆن تەنیا
لەبەر داواکردنی مافەکان، ڕۆڵەکانی ئەم خاکە ڕاپێچی سێدارە دەکات. مێژووی
شۆڤێنیزمی ئەم دەسەڵاتە بە هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بارەگای
حیزبەکان و شەهیدکردنی بەکۆمەڵی تێکۆشەران نەخشێنراوە.
ئەم هێرشە دڕندانانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ستراتیژی سەرەکیی رژیم بەرامبەر گەلی کورد، هەر لەسەر بنەمای سڕینەوە و ڕشتنی خوێن وەستاوە. شەهیدکردنی دوو لاوی تێکۆشەری کرماشانی تەنیا لەبەر پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، نموونەیەکی زیندووی ئەم ڕاستییە تاڵەیە.
خوێنی ئەو لاوانە و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، هێمایەکی هەمیشەیین و ڕێگا نادەن
کۆمەڵگای هۆشیاری کوردی بە تەڵەی تابلۆکان هەڵبخەڵەتێت. عەقڵییەتی سیاسیی پێشڕەو حوکم دەکات کە هەرگیز نابێت فریوی فێڵەکانی رژیم بخۆین؛ کاتێک سێدارە و موشەکبارانەکان هێشتا گەرمترن لە هەمیشە و خوێنی ڕۆڵەکانمان بە نادادی دەڕژێت، ئەم جۆرە جوڵە ڕووکەشانە تەنیا گاڵتەجاڕییەکی بێبەهایە.



