کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات بەڕێوەچوو
رۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی کۆچی خۆری، کۆبوونەوەی ئاسایی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەڕێز سکرتێری گشتی سازمانی خەبات و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا، دۆخی هەستیار و چارەنووسسازی ناوچەکە، شەڕی ۳۹ رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی رژیمی ئێران و
کاریگەرییەکانى لەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی ئێران هەڵسەنگاندن کرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و رێگەی ئازادی و دیفاع لە نیشتمان، و ههرۆحی پاکی شەهیدان کاک فەخرەدین مورادی و کاک ئێقباڵ سالحپوور دەستی پێکرد. پاشان کاک بابەشێخ حوسەینی، سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، بەوردی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و سەربازیی هەنووکەیی.
سکرتێری گشتی لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا، بە ئاماژەدان بە شەڕی ۳۹ رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە رژیمی ئێران، لاوازیی قووڵ و داڕمانی پێگەکانی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئاخوندی خستە ڕوو. ناوبراو ئاماژەی بە ئاگربەستی کاتی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و رژیمی ئێران لە لایەکی دیکە کرد و وێڕای شیکردنەوەی ئەو هەلومەرجە، پێداگری کردەوە کە ئەم دۆخە دەرفەتێکی زێڕین و مێژووییە بۆ تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری کوردستان و تێکڕای گەلانی ئێران و هێزە شۆڕشگێڕەکان تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی.
کاک بابەشێخ بە توندی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی رژیمی ئێرانی بۆ سەر کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی خانەوادەکان و ژن و منداڵانی سەر بە سازمانی خەبات و حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی مەحکوم کرد و رایگەیاند: پەلاماردانی کەمپەکانی ژن و منداڵی سڤیل، نیشانەی ترس و تۆقینی رژیمە لە پێگەی بەهێزی بزووتنەوەی کورد و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگەو ئەم کردەوانە نەک هەر لاوازمان ناکات، بەڵکو بڕوامان بە خەبات زیاتر دەکات.
لە بەشێکی گرنگی ووتەکانی، سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، بە شێوەیەکی بەهێز پێداگری لەسەر گرینگی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
کردەوەو ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت لەگەڵ هەموو گەلانی ئازادیخوازی ئێران پەیوەندی باش و دۆستانەمان هەبێ. ناوبراو وتی: لە قۆناغێکی وەک ئێستادا کە رژیم لەوپەڕی لاوازیدایە، پێویستە هێزە شۆڕشگێڕەکان زیاتر لە هەر کاتێک یەکگرتوو بن، چونکە بەبێ یەکێتی و کۆدەنگی، تێپەڕین بە قۆناغە سەختەکانداو هەوڵ و تێکۆشان بۆ روخانی یەکجاریی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ئاسان نابێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە گەرمی بەشدارییان لە باسەکانی کۆبوونەوەکەدا کرد و رای خۆیان خستە روو. بڕیار درا کە پلانی نوێی
کارکردن بەپێی هەلوومەرجی سیاسی دارێژرێتەوەو سەرجەم ئۆرگانەکانی سازمان بە شێوەی چالاکتر و تۆکمەتر ئامادەی قۆناغی داهاتووی خەبات بن.
کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥



