بارودۆخی ئێران لە پێوەند بە ئازار و پێشێلکردنی مافی کەمینە مەزەهەبیەکان هەروا لە دۆخێکی خەماویی دایە و بە سەرەنج دان بە بەڵینەکانی حەسەنی رۆحانی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نەتەنیا ئالوگۆرێک دروست نەبووە بەڵکو خەراپتر بووە.
رژیمی جینایەتکاری ئێران هەروا بەردەوامە لەسەر پێشێلکردنی مافی کەمینە مەزەهەبیەکان بە شێوەی سیستماتیک و ئازاری مەزەهەبەکان جگە لە ئیسلامی شیعەی ئاخوندیی هەورا بەردەوامە و فشار و سەرکووتەکان لەسەریان دۆخێکی کارەساتباری بۆ دروستکردون. لە کاتێک کە سەرۆک کۆماری رژیمی گەندەڵی ئاخوندی حەسەنی رۆحانی پێش هەڵبژاردنەکان و پێش پێکهینانی دەوڵەت لە ژێر دروشمی تەدبیر و هیوا بەڵینی دابوو کە پێش بە رەوتی ئازار و پێشێلکردنی مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزەهەبیەکان دەگرێت و کۆتایی بەو رەوشە دێنێ.
لە مادەی 18ی جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ کە حکوومەتی ئێرانیش یەک لەو وەلاتانەیە واژووکەر و بە رۆاڵەت پێبەندییەتی هاتووە، هەر مرۆڤێک ئازادە لە هەڵبژاردنی بیرکردنەوە و ویژدان و دینی. ئەو مافە بریتیە لە ئازادی جیابیری، گۆرینی مەزهەب و ئازادی بانگەشە بۆ ئایین و دەربڕینی باوەر چ بە شێوەی تاک و چ لەناو کۆمەڵ و هاورێ لەگەڵ خەڵکی تر، لە چوارچێوەی پەروەردە و بەرێوەبردنی بۆنەکان و تاعەت و عیبادەت لە ژینگە گشتی و تایبەتیەکان.
بەڵام حکوومەتی زاڵ بەسەر ئێران کە پێویستە پێ بەندی بەندەکانی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ بێ، هەروا لەسەر ئەو بەڵینەی خۆ لادەدا و کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان دەچەوسێنێتەوە و مافەکانیان لە ژێر سێبەری حکوومەتەکەی پێشێل دەکرێن. زۆر روون و ئاشکرایە رژیمی ئاخوندی بە سەرەنج نەدان بە بەڵینەکانی، یاسای بنەڕەتی خۆیشی کردۆتە یاساێکی تەک مەزهەبی و و ئیجباری و هەموو مافەکان دراوە بە ئیسلامی شیعە. هەڵبەت ئەوەش پێویستە بوترێت کە زۆرجار کەسانێک سەر بە ئەو مەزهەبەش ئەگەر وەک بەرێوەبەران و دەسەڵاتداران بیر نەکەنەوە دەکەونە بەر تیغی غەزەبی دەسەلاتداران و یان دەخرێنە زیندان و یان دووردەخرێنەوە و لەناودەچن. پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان و مەزهەبەکان کە لە لایەن دەست و پێوەندەکانی رژیمەوە بەرێوە دەچێ هەمووی لە ژێر پاڵپشتی و فەرمانی رێبەری خوێنخۆری رژیمی ئێران واتە عەلی خامنەیی سەرپەرشتی دەکرێت.
گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و نەتەوەکانی تر و هێرشی درندانەی هێزە ئەمنیەتیەکان بۆ سەر کلیسا بچووکەکان و گرتنی ژمارەیێکی زۆر لە مەسیحی و و دەرویشە گونابادییەکان و رووخانی مزگەوتی سووننی مەزهەبەکان لە تاران و رووخانی ماڵی هاوەلاتیانی بەهایی و بەری کردنیان لە مافی خوێندن و دەیان پێشێلکاریی تر نمونە و بەڵگەی زیندون بۆ پێشێلکاریی ئاشکرای مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزەهەبیەکان لە وەلاتی ئێران .
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی رژیمی ئێران لە هەوڵدان تا بە فریوکاریی وای دەربخەن مافی خەڵکی ئێران پێشێل ناکرێ و ئێران وەڵاتێکی دیموکراتیکە. بەڵام راستیەکەی ئەوە بووە کە ئەو رژیمە هەرگیز رۆژێک لە رۆژان پێبەندی بنەماکانی دیموکراسی نەبووە و بە بەردەوامی پەرەی بە ئیعدام و کوشتار و بشێوی لە ناوچەکە و پشتیوانی لە ترۆریسم و پێشێلکردنی مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان داوە.
ئەمیر عەبدیان