هەروەک دەزانین خوێندنگا و زانکۆکان لە جیهاندا رۆلێکی زۆر گەورە و گرینگ دەبینن لە پێشخستی کۆمەڵگا وبەرزکردنەوەی حاستی زانیاری و رۆشنبیرکردنی تاکەکان و رۆلێکی گرینگ دەبینن لە چۆنیەتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و نەتەوەدا. لە زانکۆدا سەرجەم ئەو شتانەی کە ئێمەی مرۆڤایەتی پێویستمان پێیەتی دەخوێندرێت بێگومان هەر خوێندکارێک بارێکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ ئەوەی تێدا بخوێنێت وشارەزایی تەواو پیدابکات لەو کارەی کە بۆیی دەخوێنێ کە لە داهاتوودا ببێتە هۆیی سود گەیاندن بە وڵاتەکەی ،لە بەر ئەم هۆیانە لە سەرجەم ولاتانی دنیا گرینگیەکی زۆر دەدرێت بە زانکۆ و خوێندنگاکان و بێ شک ئاستی بەرزی زانکۆکان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی هەیە. بەلام هەر ولاتێک ئاستی خوێندنی لە زانکۆکانی بەرز بێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێندکاران لە ولاتانی دیکەی جیهان بەمەبەستی بەدەست هێنانی بروانامەیەکی بەرز رووی تێبکەن وئەمەش بۆ ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی پێش کەوتن و بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی داهاتی نەتەوەیی و بوژانەوەی ئابووری و بەدەست هێنانی سەرمایەیکی زۆر و خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەکەی ولە کۆتایشدا بەدەست هێنانی بروانامەیەکی متمانە پێکراو بۆ ئەو خوێندکارە .
لە ئێستادا زانکۆکانی ئێران سەرەڕای ئەوە بارودۆخەی کە لەو ولاتەدا هەیە لە جیاتی ئەوەی زانست و مەعریفەتی تێدا دەستاودەست بکرێت، بوونەتە جێگای دەستاودەست کردنی مەوادی هۆشبەر . بە پێی ئەو هەوال و زانیاریانەی کە لە لایەن دەزگا پەیوەندی دارەکانی رژێم بلاو بوونەتەوە رۆژ بە رۆژ خوێندکارانی توشبوو بە مادەی هۆشبەر زیاتر دەبێت کە ئەمەش جێگەی نیگەرانیە کە توێژێکی گرینکی ئەم کۆمەلگایە لە جیاتی خۆ خەریککردن بە خوێندن و بەدەست هێنانی پلەی بەرز توشی نەخۆشیەک دەبن کە چارەسەرێکی یەکجار دژوارە و پرۆسەێکی مالوێرانەکەرە. بە پێی ئەو ئامارە کە گومان لە راستی دەکرێت و پێشبینی زیاتری دەکەن راگەێندراوە کە لە سەدا 20 ی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران توشی مادەی هۆشبەرە بوون کە ئەم ئامارە رێژەیەکی زۆرە و جێگەی نیگەرانیە و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەو لاوانەی کە دەخوێنن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بلاوبوونەوەی ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە ولاتی ئێران بە یەکێک لەو ولاتانە دادەنرێت کە زۆرترین رێژەی مادەی هۆشبەری تێدایە کە بە شێوەیەکی تایبەتی لاوان قوربانی ئەو مادانەن و رژێمیش بە هیچ شێوەیەک مەبەستیی چارەسەرکردنی ئەو پرسەی نیە و نایەوێت کە لاوان لەو مادانە دوورکەونەوە! بێگومان هەموومان ئەو راستیە دەزانین کە رژێم بە هۆی ئەو سیاسەت و بەرنامەیەی کە پەیرەوی دەکات پێویستی بەو پلانەیە بۆ ئەوەی وەڵات لە بێ ئاگایی دا بێلێتەوە و سیاسەتی نادروستی خۆی درێژە پێبدات . هەر بەپێی ئەو ئامارانەی کە بلاوبوونەتەوە بەرپرسێکی بەرنگاربوونەوەی مادە سڕکەرەکانی رژێمی ئاخوندی رایگەیاندووە، 9% کوڕان و 11% کچانی خوێندکار لەزانکۆ دەوڵەتییەکان ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن.ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، زیاتری خوێندکاران جۆری ماددەی “حەشیش و کۆدۆئین” بەکار دێنن . دوومادەی زۆر مەترسیدارن بۆسەر ژیانی مرۆڤ بەتایبەتی حەشیش. جێگەی داخە کە وا بڵاو بۆتەوە کە حەشیش نابێتە هۆی گیرۆدەبوون، کە ئەم قسەیە بەپێی ئەو لێکۆلینەوانەی لەسەر ئەم مادەیە کراوە ئەم زانیاریانە رەت دەکاتەوە .
بە پێی قسەی زۆرێک لە شارەزایان بڵاوبوونەوەی ئەم مادانە بەو شێوە بەربلاوە زیاتر دەگەرێتەوە بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری. بێگومان ئەو بارودۆخەی کە لە ئێراندا هەیە و ئەو رێوشوێنە ئەمنیەتیەی کە سەرانی رژێم سەبارەت بەلاوان و خوێندکاران پەیرەوی دەکەن دەبێتە هۆی ئەوەی کە لاوان و خوێندکاران رووبکەنە کێشانی ئەو موادە. هەر بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاونەتەوە لە ماوەی ساڵی 1392ی هەتاوی، دوو هەزار و 957 کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێران گیانیان داوە کە لەم ئامارەدا 2 هەزار و 727 کەس پیاوان و 230 کەسیان ژنان پێکیان هێناوە. هەربۆیە پێویستە سەرجەم خوێندکاران لەوە تێبگەن کە ئەو مادانە هیچ کات سودی نیە و ئەگەر هەشیبێت هەرگیز لە زیانەکەی زۆرترنیە.
لە کۆتایی ئەم باسەدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران رووبەروو مەترسیەکی گەورەبوونەتەوە و پێویستە خوێندکاران هەول بدەن کە خۆیان لەو بەڵایە رزگار بکەن و ویست و هیواکانی رژێم لە هەوڵدان بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە گۆر بنێن و هەولی بەرەنگاربوونەوەی بدەن .ئەمە ئەرکە لەسەر شانی هەمووکەسێک کە بۆ نەهێششتنی ئەو دیاردەیە هەوڵبدات بە تایبەتی خێزان کە رۆلێکی زۆر دەبینێت لە وشیارکردنەوەی رۆلەکەیان بۆ دوورکەوتنەوە لەم مادە زیان بەخشانە.