خەباتمێدیا: رۆژی سێ شەممە 12ی رێبەندانی 1395
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە تاقی کردنەوەی موشەکی دوورهاوێژی رژێمی ئێران بەرێوەبرد. ئەو دانیشتنە لەسەر داوای ئەمریکا بەرێوەچوو.
متیو رایکرافت نوێنەری بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی بە رای ئەو ئەنجومەنە رژێمی ئێران تاقی کردنەوەی موشەکی ئەنجام داوەو کۆمیتەی بریارنامەی 2231 ئەو بابەتە لێکدەداتەوە.
ناوبراو وتی: تەقاندنی موشەک لەلایەن رژێمی ئێرانەوە تەئید کراوەتەوە. ئەو هەنگاوە، کردەوەیەکی تێکدەرانەی دیکە لە ناوچەیەکی پر لە بشێویە.
نیکی هیلی نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆبوونەوەی بەپەلەی رۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی ئاسایش ئیشارەی بە دوو خاڵ کرد: یەکەم ئەوەی کە رژێمی ئێران لە تاقی کردنەوەی موشەکی هەڵگری کڵاوەی ناوکەیی قەدەغە کراوە، و دووهەم ئەوەی کە بەپێی ئەو زانیاریانەی وەدەست هاتوون، موشەکی خورەمشار توانای هەڵگرتنی باری 500 کیلۆ گرام بۆ ماوەی 300 کیلۆ میتر هەیە، وەها موشەکێک توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکەیی هەیە.
ناوبراو گوتی: بریارنامەی ساڵی رابردوو بۆ ئەوە پەسەند نەکراوە ئەو کارە ئەنجام بدرێ بەڵکوو بۆ ئەوە بوو کە رژێمی ئێران بزانێ ئەو کارەمان کرد هەتا رێزی لێ بگیردرێ. ئێمە بەهێز دەبین و هەنگاو هەڵدەگرین و ئەوەی بۆ پارێزگاری هاووڵاتیانی ئەمریکا پێویست بێ دەیکەین.
دەمانەوێ دڵنیا بین لەوەی ئەو بریارە رێزی لێدەگیرێ. حکومەتی ئێمە چاوپۆشی لەو رووداوانە ناکا. ئێمە بەوپەڕی هێزەوە هەنگاو هەڵدەگرین و دەنگمان بەرز دەبێ.
لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە نیکی هیلی نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاقی کردنەوەکەی رژێمی ئێرانی بە "قەبوڵ نەکراو" زانی و وتی: ئەو تاقی کردنەوەیە لادانە لە بریارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 2015دا تەئید و واژۆ کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان گوتی: تاقی کردنەوەی موشەکی رژێمی ئێران کردەوەیەکە کە بشێوی لێ دەکەوێتەوە. ناوبراو هەروەها داوای لە رژێمی ئێران کرد لەو جۆرە کردەوانەی کە دەبێتە هۆی بێ بروایی خۆ ببوێرێ.