یه‌ک شه‌مه‌ 

18 خه‌رمانان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی راپۆرتێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە

لە دوای ئەوەی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 10ـی 2ـی 2016 فەرمانێکی بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد، وە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە دەکەن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ بەرچاوڕوونیی ڕای گشتی و ئاگاداربوونی هاووڵاتیانی کوردستان ڕاپۆرتی دەرئەنجامی پڕۆسەکە لە ماوەی یەک ساڵدا بڵاو دەکاتەوە.

 ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازییە کە لە پێشەکی و نۆ تەوەر و بەشی کۆتایی پێکهاتووە:

پێشەکی
لە ڕێکەوتی 10/2/2016 سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی گرنگی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بڵاوکردەوە، لە ماوەی مانگی ئاداری ساڵی 2016 بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدران و نەخشەڕێگای کارکردن خرایەڕوو، لە دەستپێکی پڕۆسەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نزیکەی (100) دۆسیەی بۆ لێکۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاکی و دۆسییەکان و بە پێی تایبەتمەندی دابەش کران بەسەر لایەنە پەیوەندیدارە دادوەرییەکان.
بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (3) سێ لیژنەی تایبەت بە (زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی) و (دەرمان و پێداویستی پزیشکی)، و (وەزارەتی پێشمەرگە و سلکی سەربازی) پێکهێنران، ئەندامانی لیژنە لەسەر بنەمای شارەزایی و دەستپاکی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان دیاری کران بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسی و حزبی.
لە هەمان کات و لە مانگی شوباتی ساڵی 2016، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، دەستی کرد بە دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیار و پێکهێنانی کۆمەڵێک لیژنە. هەروەها هەنگاوەکانی شەفافیەت لە بواری گشت پرۆسەکانی نەوت و گاز لە ڕێگەی وردبینی سەربەخۆ لە داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز بە هەموو وردەکاریەکانییەوە دەستی پێکردووە و خەرجییەکانی بەکاربردن بۆ نیوە زیاتر کەمکراونەتەوە و داهاتەکانیش ڕێکخراونەتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی نەخشەڕێی چاکسازیی ئابووری ڕاگەیاند. لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی  و ئابووری بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک ڕاوێژکاری بیانی و ناوخۆ بەرنامەی چاکسازی لە کەرتی دارایی گشتی و سیستەمی بانکی دەستپێکرد.
دواتریش سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە مەدەنی و سەربازی و ئاسایش ڕاگەیەندرا. هەریەک لە دامەزراوەکانی ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی، هەریەکەو بە پێی تایبەتمەندیی خۆی بە شێوەیەکی کارا لە پڕۆسەکە بەشداربوون، و سەرەڕای ئامادەکردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ڕای گشتیی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامه و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی دیکەیش بەردەوام دەبن.
لە چوارچێوەی ئەم ڕاپۆرتەدا، پوختەی ئەو هەنگاوانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی ئەنجامیان داون:

تەوەری یەکەم:
نەوت و داهات و خەرجییە گشتییەکان

یەکەم: پەرەپێدانی شەفافیەت لە ڕێگەی وردبینیی سەربەخۆی داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان
ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری ئەنجوومەنی هەرێمـی بۆ کاروباری نەوت و گاز بە بڕیاری ژمارە (73) لە ڕێکەوتی 3/2/2016، ئەنجوومەنی هەرێمـی ڕاسپارد بۆ بەستنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی باوەڕپێکراوی تایبەتمەند بۆ وردبینیی ناوخۆیی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و مامەڵەکردن و هەناردەکردن و شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمـی کوردستان و بەرهەمەکانیان، چ لەناو بازاڕی ناوخۆ یان لە ڕێگەی بۆڕیی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری (جیهان) بە داهات و خەرجییەکانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی چالاکییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و بە بەردەوامی. بە بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی ژمارە (439) لە 5/5/2016، بڕیاردرا کە دەستنیشانکردنی ئەو دامەزراوەیەی کە وردبینی ئەنجام دەدات لەناو باشترین کۆمپانیاکانی وردبینیکردنی نێودەوڵەتی.
پڕۆسەی تەندەر، لەلایەن ئەنجوومەنی هەرێمـی بۆ کاروباری نەوت و گاز ڕێکخراوە لەپێناو دیاریکردنی باشترین و گونجاوترین ئۆفەر لەڕووی تەکنیکی و داراییەوە. بۆیە لە ڕێکەوتی 5/10/2016 ئەنجومەنی هەرێمی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (Deloitte) ئیمزاکرد. هەروەها لە ڕێکەوتی 30/11/2016 ئەنجومەنی هەرێمی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (E&Y) ئیمزاکرد.
پڕۆژەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ وردبینی سەربەخۆی داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز سەرجەم پڕۆسەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هیچ بوارێک بەدەر نەکراوە ئەویش بەم شێوەیە: پرۆسەی بەرهەمهێنان، پاڵاوتگە و بەرهەمە نەوتییەکان، ئاڵوگۆڕی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی نەوتی خاو لەسەر ئاستی بازاڕی ناوخۆ، نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆری هەناردەی هەرێمی کوردستان - جەیهان، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تەنکەر، شایستەداراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەو پاداشتانەی ئیمزاکردنی گرێبەست و بەرهەمهێنان کە لە کۆمپانیا نەوتییەکان وەرگیراوە و وردبینی خەرجییەکانی سەرجەم ئەم بڕە پارانە، ژمێرە حسابییەکانی داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە بانکەکانی ناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی، پڕۆسەکانی پەیوەندیدار بە بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. یەکێک لە کۆڵەگەکانی سەرکەوتنی پڕۆژەی وردبینیکردن، خستنەڕووی داتا و زانیارییە سەبارەت بە گشت پڕۆسەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، وەک لە بڕگە و خاڵەکانی پێشووتر ئاماژەی پێدراوە. بۆ ئەم مەبەستە، پۆرتاڵێکی ئەلکترۆنی دامەزرێنراوە کە سەرجەم دۆکیومێنت و گرێبەست و ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان و داتا و زانیاری نوێکراوەی ڕۆژانە لەخۆدەگرێت بەوانەی پێشووشەوە لە ساڵی 2003 بەدواوە.
لەدوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی دەرئەنجامی وردبینی لەلایەن هەردوو کۆمپانیای وردبینیی ئاماژەپێدراو بۆ ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، پوختەی ڕاپۆرتەکە دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی لەگەڵ بەجێگەیاندنی ڕێکاری پێویست لەسەر ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی هاتوو لە ڕاپۆرتەکەدا. هەر بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز بەرنامەی دامەزراندنی گرووپی بەدواداچوونی هەیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی وردبینیی نەوت و گاز بە مەبەستی ئاگاداربوونی خەڵکی کوردستان لە پێشڤەچوونی کار و چالاکییەکانی پڕۆژەکە و بەربەستەکانی, پلانی داهاتوو بریتییە لە وردبینیکردنی سەرجەم داهات و خەرجییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2017.
بۆ ئەم مەبەستەیش هەماهەنگی کراوە لەگەڵ دەستەیەکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی سەربەخۆیی دیوانی چاودێری بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی.

دووەم: باج
پڕۆسەیەکی ئیجرائات و لێپرسینەوە دەستی پێکردووە و چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراون و چەند کەسێکیش ئیحالەی دادگا کراون، و گۆڕانکاریی کارگێڕیی زۆریش کراون. بە هۆی ئەم ئیجرائاتانەوە، بە سەدان ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.
•     بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی هەرێمیی نەوت و گاز ژمارە (4452) لە 25/10/2016، باج لە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز وەردەگیرێت کە پێشتر نەبوو.
•     هیچ جۆرە ئیستسنایەک و بەخشینێک لە باج نەماوە و دەسەڵاتی خەمڵاندنی باجیش لە موخەمینی باج ستێنراوەتەوە و ڕێژەی جێگیر دانراوە.
•     باج لە سەر زەوی بە تاڵ و باجی سەر پزیشکان و دەرمانسازان و زێڕینگران و باج بە سەر فەرمانبەرانی بیانی و باجی خانووبەرەی میری بە تەواوی ڕێکخراوەتەوە و ئەمەش کاریگەریی دەبێت لە سەر داهاتی گشتی.
•     کێشەی ئەو میزانییە خیتامییەی کۆمپانیاکان کە ژمێریارانی یاسایی ئامادەیان دەکرد هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی داهات بوو، چونکە ‌بە پێی میزانییەکە هەمیشە کۆمپانیاکان لە زەرەردابوون و زۆربەی ئەو میزانییانە نادروست بوون. بۆیە ڕێنمایی نوێ دەرکراوە کە هەر میزانیەیەک کەموکوڕی و زانیاری هەڵەی تێدابێت، ئەوا لە ڕێگای دادگاوە ئەم کەیسانە یەکلایی دەکرێنەوە.
•     سەبارەت بەو کەس و کۆمپانیایانەش کە باج نادەن، ئەوا بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت تا سنووری بڕیاری قەدەغەکردنی سەفەر لەسەریان کە یاسا ڕێگەی داوە.

سێیەم: کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان
لە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی 2014، ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1018) لە 11/2/2014 بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کڕینی شمەک و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و چاککردنەوە بە ڕێژەی 70% و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانی تر بە ڕێژەی 50%، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی هەندێک لەو وەزارەتانەی کە خزمەتگوزاریی گشتی پەیوەندیدار بە بژێوی ڕۆژانەی هاووڵاتییان پێشکەش دەکەن، وەک تەندروستی و خاوێنکردنەوەی شارەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی و پەروەردە و کارەبا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تایبەت بە بەکرێگرتنی خانووبەرە بە ڕێژەی زیاتر لە 50%، و خەرجییەکانی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی تری گواستنەوە و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانیان بە ڕێژەی 40%، و ڕاگرتنی یەکجارەکی کڕینی کەلوپەلی ناپێویست بەتایبەتی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ خاوەن وەزیفە باڵاکان، بە جۆرێک کۆی گشتی خەرجییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013دا (18) ترلیۆن و (700) ملیار دینار بوو، بەڵام لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2016دا کۆی گشتی خەرجییە گشتییەکان تەنها (5) ترلیۆن و (34) ملیار دینار بوو، سەرەڕای ئەوەی کە کورتهێنانی بودجە بە رێژەی 80% دابەزیوە، لەکاتێکدا کورتهێنان لە ساڵی 2014دا شەش ملیار و نیو دۆلار بوو لە یەک ساڵدا، بەڵام لە ساڵی 2016 بووە یەک ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلار. لەلایەکی دیکە، خەرجییەکانی  کارەبا لە کڕینی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا بووە بە سفر، لەکاتێکدا لە ساڵانی پێشوو، ساڵانە نزیکەی لە نێوان (2) بۆ (3) ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن کەرتی تایبەت خەرج دەکرا. سەرەڕای کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی تر وەک خەرجییەکانی بەچاپگەیاندنی کتێب لە وەزارەتی پەروەردە بە نموونە.
هەروەها لەژێر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، بابەتی شاند و سەفەری فەرمانبەران کە بارگرانییەکی زۆری لەسەر بودجەی حکومەت دروست کردبوو ڕێکخراوە، و وەزارەتی دارایی و ئابووری وەکو لایەنی پەیوەندیدار ڕاسپێردرا بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری گونجاو کە شاند و سەفەری فەرمانبەران لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم ڕێکبخات، و لە کاتی ئێستادا کار بە ڕێنمایی نوێ دەکرێت.

چوارەم: زیادکردنی داهاتە گشتییەکان
بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی زیادکردنی گومرگ و باجەکان و سزا داراییەکان و ڕەسم و کرێی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان و چاکسازی لە پڕۆسە و میکانیزمی کۆکردنەوەی ئەو داهاتانە، لەسەر ئاستی گومرگەکان, ڕێکخستنەوە بۆ (530) پێناسەی گومرگی بە ئاڕاستەی ئاسانکاری و برەوپێدانی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، سەرەڕای پیادەکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی نوێ بۆ بەستنەوەی خاڵە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی سەرجەم پڕۆسەی گومرگی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی لە پێناوی بەرجەستەکردنی شەفافیەت و ئاسانکاری بۆ بازرگانان. ئێستا هەردوو کۆمەڵگەی گومرگی (حاجی ئۆمەران) و (باشماخ) بەم سیستمە نوێیە کاردەکەن، و لە داهاتوویەکی نزیکدا گشت دەروازەکانی تریش دەگرێتەوە.
لە سەر ئاستی ڕسومات، لە سەرجەم وەزارەتەکان ڕێکخستنەوە و گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕسوماتەکان کراوە، هەروەها موڵکەکانی وەزارەتی شارەوانی و ئەوقاف سەر لەنوێ جەرد کراونەتەوە و چاوخشاندنەوە بە بەکرێدانەکان کراوەتەوە.

تەوەری دووەم:
وەزیفەی گشتی و سیستەمی تۆمارکردنی بایۆمەتری

ئامانج لە‌م سیستەمە بریتییە لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سیستمێکی ئەلکترۆنیی بایۆمەتری ناوەندیدا بۆ هەر کەسێک بە بەردەوامی مووچە لە حکومەت وەربگرێت، لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت، پێویستە خۆی لەم سیستەمەدا تۆمار بکات. ئەم پڕۆژە نیشتیمانییە بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکی حکومەت لە مانگی 11ی ساڵی 2016 بە فەرمی دەستی پێکردووە، بە بەشداری (75) بنکە و زیاتر لە (240) پەنجەرە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و تا سەرەتای مانگی ئازاری 2017 بەردەوام دەبێت. دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان داتایەکی دروستی سەبارەت بە مووچەخۆران دەست دەکەوێت، کە دەبێتە بناغەی پێداچوونەوە بە میلاکاتی کەرتی گشتی. چاوخشاندنەوە و وردبینیکردنی هەموو مووچەکان کە لە ئێستادا زیاتر لە 70% ی بودجەی حکومی بۆ خەرج دەکرێت. هەروەها ئەم سیستەمە، مووچەخۆری وەهمی و نایاسایی و دووبارەی نایاسایی ناهێڵێت، و لە داهاتوویشدا دەبێتە هۆی نەهێشتنی دیاردەی مووچەخۆری بندیوار. ئەم سیستەمە مووچەخۆرانی کەرتی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە. هەر لێرەوەش، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین کە خۆیان تۆمار بکەن و هاوکار بن لە سەرخستنی پرۆسەکە. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و ڕێگەگرتن لە هەر سەرپێچییەک، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە تا سیستەمی بایۆمەتری تەواو دەبێت بە هیچ شێوەیەک لە جێگادانان و لادان و گۆڕانکاری لە میلاکات نەکرێت و هەموو دامودەزگاکانی هەرێمیش بە سلکی سەربازی و ئەمنیشەوە دەبێ بە پێی سیستەمی مەرکەزی مووچە وەربگرن، واتە لیستی مووچەخۆران بچێتە خەزێنە ئینجا وەزارەتی دارایی و ئابوورى تەمویلیان بکات.
لەلایەکی دی، بۆ چاکسازی و چارەسەری هەموو کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە وەزیفەی گشتی، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پلە بەرزکردنەوەی نایاسایی و پاسەوانی بەرپرسەکان و دەرماڵەکان و خانەنشینی نایاسایی، لەلایەن حکوومەتی هەرێم هەنگاوی کرداری دەستیان پێکردووە و ڕاسپاردەشمان داوەتە حکومەت کە دەبێ قۆناغ بە قۆناغ سەرپێچییەکان چارەسەر بکرێن.
بابەتی پێدانی پلەی وەزیفی و بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان لە دوای دەستپێکردنی ئەو هەنگاوانەی چاکسازی بە هەموو جۆرێک و بۆ هەموو کەسێک ڕاگیراوە و ئەنجام نەدراوە.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هاوکاری کەمئەندامان و بەخشینە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێنمایی نوێ دەرچووە بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی ئەو بوارانە بەجۆرێک کە تەنها کەسانی شایستە سوودمەند بن لە سەر بنەمای ڕاپۆرتی پزیشکی و هەڵسەنگاندنی باری دارایی و بژێوی سوودمەندان، و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیجی کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ئەم ڕێنماییانە نوێ دەکرێنەوە، و هەر لەم بوارەدا مووچەی تایبەتی (23) هەزار کەس بڕدراوە کە مەرجیان تیادا نەبووە، سەرەڕای لابردنی ناوی زیاتر لە (20) هەزار کەس کە بەناوی کەمئەندام مووچەیان وەردەگرت و شایستەی نەبوون.

تەوەری سێیەم:
زێدەڕۆیی لە سەر موڵکی گشتی

بە بڕیاری ژمارە (8) لە ساڵی 2016، لیژنەیەکى تایبەت بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر زێدەڕۆی لە سەر موڵکی حکوومەت پێکهات، لە ماوەی کارکردنی ئەم لیژنەیەدا کە لە داواکاری گشتیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، هەنگاوی باش بۆ سنووردانان لە بەردەم زێدەڕۆیی کاریان لە سەر کراوە.
لە سەرەتای دەستپێکی کارەکاندا، زیاتر لە (20) بیست بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و کەسانی دەستڕۆیشتوو لێپرسینەوەی دادوەریان لەگەڵدا کرا، و بە سەدان دۆنم زەوی زێدەڕۆییان لە سەر هەڵگیرا، هەروەها ئەو بەرپرسە کارگێڕیانەش کە لە ئیدارە لە گەڵیاندا هاوکار بوون بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆییەکان دەستگیر کراون و ڕووبەرووی لێپرسینەوەی دادوەری‌ بوون و لە وەزیفەش دوورخرانەوە، بۆ نموونە تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێردا توانرا تا ڕادەیەکی زۆرباش زێدەڕۆیی سنووری بۆ دابنرێت. هیچ کەس حەسانەی بۆ دانەنراوە. وردەکاری ناوی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون و ئەو زەویانەی زێدەڕۆییان لەسەر لادراوە و بڕی ئەو غەرامە و ئەو پارانەشی کە لێیان وەرگیراوەتەوە لە بەردەستی  لیژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی هەرێم دان، بۆ نموونە تەنها لە سنووری قائمقامیەتی ناوەندی هەولێر (103) زێدەڕۆیی لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا تێکدراون، (257) شوێنی نایاسایی و سەرپێچیکار داخراون لە بەنزینخانە و ڕیستۆرانت و قومارخانە و کارگەی غاز و...هتد. تەنها لە شاری هەولێر (43) بیری پایل لەو ماوەیەدا دەستیان بە سەردا گیراوە، هەموو ئەوانەش کە سەرپێچییان کردووە دراونەتە دادگا.
لە زەوییەکانی بانەوانی (موساتەحە)، هەنگاوی باش نراون و ژمارەیەکی زۆر زەوی موساتەحە کە لە ماوەی یاسایی دەستیان پێنەکراوە وەرگیراونەتەوە و کۆمەڵێک ئیجرائاتیش لەسەر سەرپێچی لەم بوارەدا کراون و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت، و لە ماوەی ساڵی 2017دا بە تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە بانەوانی چارەسەر دەکرێن، و دەبێ وەرگرتنی موساتەحە بە زیادکردنی ئاشکرا و بە شێوەیەکی شەفاف و بە پێی ڕێکارە یاساییەکان بەڕێوەبچێت. لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارکراونە‌تەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک گرێبەستی موساتەحە بکرێتە وەبەرهێنان و ناشبێت هیچ موساتەحەیەک تەملیک بکرێت.
بۆ چارەسەری موڵکە داگیرکراوەکانی حکوومی و کێشەی زێدەڕۆیی لە سەر زەویى حکوومەت و ڕێکخستنەوەی گرێبەستەکانی موساتەحە، ڕێوشوێنی پێویست گیراونەتە بەر و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیار و ڕێوشوێنی کرداری و پێویست لەلایەن حکوومەت دەنرێن. لە سەر ئاستی داواکاری گشتیش بۆ ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی زیاتر لە (900) سکاڵای یاسایی دژی سەرپێچیکاران دراونەتە دادگاکان لە هەرێمی کوردستان.

تەوەری چوارەم:
وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە و سلکی سەربازی

بە پێی بڕیاری ژمارە (5) لە 21/4/2016، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە و سلکی سەربازی پێکهێنا. دوابەدوای دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی دا، لەوانەش قەدەغەکردنی دووپۆستی لە ناو وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە و یەکەکانی (٧٠ ) و (٨٠ ) ڕاگەیاندرا. هەروەها لەسەر فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە کرا کە تەواوی ئەو لێژنانەی بۆ کڕینی چەک و کەلوپەل و ئازووقە لە وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە پێکهێنراوە هەڵبوەشێتەوە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی گرێبەستەکان و فەرمانگەی یاسایی پابەند کران کە پاڵپشت  بە یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە بوارەکانی گرێبەست کردن ئەنجام بدەن و دەرفەتی یەکسان بە تەواوی کۆمپانیاکان بدرێت کە لە کەمگەرییەکان (مناقصة) بەشدار بن. هەروەها بریار درا بە پێکهێنانی لێژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە قەرزەکانی وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە و ڕادەی پێویستی وەزارەت بەو خەرجییانەی کە کراوە.
بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی بوارەکانی خانەنشینی پێشمەرگە چەند بڕیارێک درا کە تێیدا داوا لە حکوومەتی هەرێم کرا تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە خانەنشینی پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە و دۆسیەکانی خانەنشینی تەنیا لە یەک بەڕێوەبەرایەتی کۆبکرێتەوە که سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی بێت لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى،  و بریار درا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ پاکتاوکردن و وردبینی لە تەواوی دۆسیەکانی و هەر دۆسیەیەک بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان، و خزمەتی پێشمەرگایەتی ڕێکبخرێت و نابێت هیچ خانەنشینکراوێکی نایاسایی هاوتەریب بکرێت لەگەڵ ئەو پێشمەرگە  قارەمان و ئازایانەی کە ژیانی خۆیان بۆ ڕزگاری و بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان تەرخان کردووە و دەیکەن. ئەم بڕیارانە کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان گیراوەتە بەر.
وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە خۆیشی کۆمەڵێک چاکسازی گرنگی ئەنجام داوە. بۆ نموونە، (1566) ئەفسەر و پێشمەرگە لە بارەگای وەزارەت کەمکراونەتەوە، هەروەها چەندین بەش و بەڕێوەبەرایەتی لە ناو وەزارەت کەمکراونەتەوە. بەمەش سەدان ملیۆن بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە‌. ئەمە وێڕای کەمکردنەوەی خەرجی چاککردنەوەی ئۆتۆمۆبێل و سووتەمەنی. لیژنەیەک سەرلەنوێ بە لیستی کەمئەندامانی سەنگەر دادەچێتەوە و تا ئێستا لە کۆی (867) کەس کە لەلایەن لیژنە پسپۆڕەکەدا بینراون، (253) کەمئەندام ڕێژەی کەئەندامییان هەڵوەشاوەتەوە و سەرجەم ئەو شایستە داراییانەشیان لێوەردەگیرێتەوە کە پێشتر بە ناڕەوا وەریانگرتووە، پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت و سەرجەم کەمئەندامانی سەنگەر جارێکی دیکە پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێتەوە. هەروەها بڕیار دراوە پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینیی سەربازی بکرێت و چارەسەری سەرپێچییە یاساییەکان بکرێت. سەبارەت بەو ئەفسەر و کارمەندانەی لە هەرێم و بەغدا لە یەک کاتدا دوو مووچەیان وەرگرتووە، تا ئێستا (90) ئەفسەر ئیجرائاتیان لەگەڵدا کراوە و (70) ئەفسەری دیکەش لە ژێر وردبینی دان و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
زیاتر لە (12) دۆسیەی گەندەڵی تایبەت بە وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە دراونەتە دەستەی نەزاهە و لێکۆڵینەوە لەسەر بەشێکی ئەم دۆسیانە دەستی پێکردوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتە بەر بەبێ ڕەچاوکردنی پلە و پۆستی سەربازی کە هەڵیان گرتووە. هەروەها پلانی گۆڕانکاری گەورە و گرنگ لە وەزارەتی کاروبارى پێشمەرگە لە بەردەست دان و لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێدەکرێن.

تەوەری پێنجەم:
دەرمان

بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) لە ڕێکەوتى 11/7/2016، لیژنەیەکى تایبەت بە کێشەکانی دەرمان پێکهێندرا. لیژنەکە لە ماوەی کارکردنی خۆیدا هەشت دۆسیەی دەرمانی ئامادەکرد و پێشکەشی دەستەی نەزاهە کراون. لیژنەکە گەیشتە کۆمەڵێک ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ بۆ چۆنیەتی ڕێگەگرتن لە دەرمانی قاچاخ و تەزویر، هەروەها ڕێکخستنەوەی کڕینی دەرمان و چارەسەری کێشەکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان....هتد.
لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەنگاوی کرداری دەستیان پێکردووە، بۆ چارەسەری کێشەکانی دەرمان و پێداویستی تەندروستی و بڕیاری پێکهێنانی کۆمەڵێک لیژنەش دەرچووە و بۆ لە مەودواش ئەوانەی لە کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان کاردەکەن و نابێت بە هیچ شێوەیەک لە کەرتی تایبەت کاربکەن. هەروەها بڕیار دراوە کە لە داهاتوودا کڕینی دەرمان بە شێوەیەکی ناوەندی بێت و دامەزراوەیەکی تایبەت سەرپەرشتی و چاودێری کڕینی دەرمان بکات. لەو ماوەیەدا هەوڵدراوە ڕێکار و ئیجرائاتی پێویست بەرامبەر دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان بگیرێتە بەر کە سەرپێچییان کردووە و بە دەیانیان داخراون و بەشێکیش لە خاوەن دەرمانخانەکان دراونەتە دادگا، تەنها لە شاری هەولێر (101) تەن دەرمان و کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە.

تە‌وەری شەشەم:
گۆڕانکاری کارگێڕی و هەیکەلیەتی حکوومەت

یەکەم: گۆڕانکاریی کارگێڕی
لەو گۆڕانکاریانەی  لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کراون، هەوڵدراوە بە پێی پێوەر و مەرج و ساڵانی خزمەت و توانا و لێهاتوویی و پاکی و نەزاهەت و خاڵبەندی و کۆمەڵێک مەرج و بنەمای دیکە بێت، کە سیڤی پێشکەش کراوە و بۆ هەر پۆستێک کۆمەڵێک کەس پێشبڕکێیان لەسەر کردووە، هەوڵدراوە لە گۆڕانکارییەکان هاندان بۆ پۆستە کارگێڕییەکان هەبێت. بۆ نموونە چەند بەڕێوەبەرێکی ناحیە کراونەتە قائمقام، یان یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کراونەتە بەڕێوەبەری گشتی و ئیتر بەم شێوەیە. بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی و قائمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و پۆستەکانی دیکەش لە ئەنجوومەنی وەزیران پێوەری تایبەت دیاری کراوە و ساڵانی خزمەتی وەزیفی و کۆمەڵێک مەرج بۆ هەریەک لەو پۆستانە دیاری کراون. تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە ماوەیەکی زۆر لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، پێوەری کارگێڕی دیاری کراوە و ئەمەش ئەزموونێکی باشە و ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانەی لە مەودوا دەکرێن لەسەر ئەو بنەمایانە‌ ئەنجام دەدرێن و پرۆسەی گۆڕانکاریش بەردەوام دەبێت.

دووەم: بچووککردنەوەی پەیکەری حکوومەت
دیراسەیەکی ورد بۆ پێداچوونەوە و بچووککردنەوەی هەیکەلیەتی حکومەت ئامادە کراوە و لە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی کوردستان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. لەلایەکی دی، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بچووکردنەوەی پەیکەری حکوومەت کە ئەوەیش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دایە. لە ئەنجامی کارەکانی ئەو لیژنەیە، بە تێکڕا (4212) هۆبە و (1534) بەش و (452) بەڕێوەبەرایەتی کەمکرانەوە. بەم پێیەش زیاتر لە ملیارێک دینار تەنها کرێی بینایە و زیاتر لە دوو ملیار دینار خەرجی کارگێڕی ساڵانە کەم دەبێتەوە.

تەوەری حەوتەم:
ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و  ڕێوشوێنە دادوەرییەکان

یەکەم: ستراتیژی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان
دەستەی دەستپاکی بە هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەی (وێستمینستەر)ی بەریتانی بۆ دیموکراسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ستراتیژی نیشتمانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان لە هەرێمی کوردستان نووسیوەتەوە و ماوەی ستراتیژەکە بە پێنج ساڵ دیاریکراوە و بوارە سەرەکییەکانی ستراتیژەکە بریتیین لە بواری خۆپاراستن و شەفافیەت، جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوونی دادوەری، هۆشیاری پەروەردەیی و فێرکاری و ڕاهێنان و بەشداری کۆمەڵگە، هاوکاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان. بۆ هەریەک لەم بوارانەش، پلانی کار دانراوە و لیژنەیەکی باڵاش پێکهێنراوە بۆ چاودێری جێبەجێکردنی ستراتیژەکە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ستراتیژەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند دەکرێت.

دووەم: دۆسیەکانی گەندەڵی
لە ماوەی ساڵی 2016، کارەکانی دەستەی دەسپاکى بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە ماوەی ساڵێکدا (229) زانیاریی گەندەڵی بە دەستەی دەسپاکى گەیشتووە، لەگەڵ (156) هەواڵدەری. لە کۆی ئەمانەدا (191) حاڵەت بوونەتە داوای سزایی و (138) کەیس لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، و (50) حاڵەتیش ئیحالەی دادگا کراون.
بە تێکڕا (362) کەس فەرمانی ئامادەبوون و دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەم ڕێژەیەدا (301) حاڵەت جێبەجێکراوە. ئەو هێڵە گەرمەش کە لەنێوان دەستەی دەسپاکى و هاووڵاتییاندا کراوەتەوە، چالاکانە کاری کردووە و هاووڵاتییان لە ڕێگای ئەم هێڵەدا بەشدار بوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە سەر چەکی بانکی و کێشەکانی وەبەرهێناندا کۆمەڵێک ئیجرائاتی دادوەری یاسایی کراون و لێکۆڵینەوە و ئیجرائات لەم دوو بوارەدا بەردەوام دەبن و لە ئایندەدا ئەنجامەکانی بە ڕوونی بە دیار دەکەون. هەروەها دیوانی چاودێری دارایی لە پڕۆسەی وردبینی و پێشکەشکردنی پڕۆژە و تێڕوانیندا ڕۆڵی دیاری هەبووە لە پڕۆسەکە.
لەپێناو سەرخستن و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەکە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا لە 17ـی 4ـی 2016 گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە ڕێکاری پێویست و ئاسانکاری بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بگرنەبەر بۆ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی ئەرک و دەستەڵاتی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات.

تەوەری هەشتەم:
پلانی ڕیفۆرمی ئابووری و وەزارەتی پلاندانان

ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتی و وەزارەتەکانی دیکەی پەیوەندیدار ئامادەکراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک نەخشەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕیفۆرمی ئابووری پەسەند کراوە.
ئەو هەنگاوانەی کە تا ئێستا لە سەر ئاستی ئەم نەخشەڕێگایە و وەزارەتی پلاندانان نراون بریتین لە گۆڕینی ڕێنمایی گرێبەستە گشتییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت و لە ڕێکەوتی 9/8/2016 کەوتە واری جێبەجێکردن، هەروەها دەرکردنی ڕێنماییەکی دیکە تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سەر بنەمای هاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و تایبەت، ئەمەیش لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت. هەروەها ستراتیژی پاراستنی کۆمەڵایەتی داڕێژراوە بۆ پاراستنی چینی هەژار و کەمدەرامەت، کە تایبەتە بە فەراهەمکردنی بازاڕی کار و خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی و تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی. جگە لەمانە، لە چوارچێوەی نەخشەڕێی ڕیفۆرمی ئابووری پڕۆژەی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی (بوودجەی پڕۆژەکانی ژێرخان) تەواوبووە و پەیمانگەی کوردستان بۆ کارگێڕیی گشتی بە هاوکاری حکوومەتی کۆریای باشوور بۆ بەرزکردنەوەی توانا مرۆییەکانی کارمەندانی حکوومەتی هەرێم پێکهاتووە و ڕۆژی 1/7/2017 دەست بە سازدانی خول دەکرێت. هەروەها پلانێکی نوێ داڕێژراوە بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کە ئەمەیش لە پێناو فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەتە.

تەوەری نۆیەم:
گەڕاندنەوەی موڵک و سامان

1. پرۆسەی لێپرسینەوە لە موڵک و ماڵی ئەو بەرپرسانەی بە ناسروشتی و نایاسایی دەوڵەمەند بوونە دەستی پێکردووە و چەندین بەرپرسی باڵا لە کوردستان و بەغدا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بڕێکی زۆری ئەو سامان و موڵکەی بە ناڕەوا پێکیانهێناوە، لێیان وەرگیراوەتەوە و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
2. تا ئێستا بە سەدان دۆنم زەویی نایاب لە کۆمپانیا گەورەکان وەرگیراوەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
3. سەبارەت بەو موڵک و سامانانەی گەڕاونەتەوە و دەگەڕێنەوە، لە پڕۆسەیەکی پاک و شەفاف لەگەڵ لایەنی حکوومیی پەیوەندیدار بڕیاری لێدەردێت که بۆچی و چۆن بەکاربهێنرێت.
4. لە ئایندەدا وردەکاریی زیاتر لە سەر ئەم پڕۆسەیە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

کۆتایی

ئەم هەنگاوانە دەستپێکی کارەکانن و خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی کە چاوەڕوانی هەنگاوی گەورەتر و کاریگەرتر بکات و گرنگە هەموو لایەکمان دوور لە بەرژەوەندیی حزبی سەیری پڕۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکەین و پڕۆسەکە ببێتە پرۆسەیەکی سەرتاسەری و نیشتیمانی و بەردەوام و وەک زەرورەتێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. جەختیش دەکەینەوە کە لەم پڕۆسەیەی دەستی پێکردووە، کەس نابێ پارێزبەندیی هەبێت و دەبێ هەموو کەس و لایەنێک بگرێتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و وەزیفی.
هەموو ئەو چاکسازیانەیش لە کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات و ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گیراونەتە بەر و لەپێناو باشترکردنی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان ڕێوشوێنەکان بەردەوام دەبێت و دەبێ کاریگەرییان لە سەر گوزەرانی خەڵک هەبێت‌. هەر لێرەوەش جارێکی دیکە سوپاس و ستایشی خۆمان بۆ خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دووبارە دەکەینەوە و دڵنیاین لە سایەی خوێنی شەهیدەکانمان و قارەمانێتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان ئایندەیەکی ڕووناک چاوەڕوانی گەلەکەمان دەکات.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

7 ساڵ و 6 مانگ و 22 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 6 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی راپۆرتێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی راپۆرتێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن

ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)

په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:

[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات

ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران