بۆ ئەوەی بتوانین ژیان و خەباتی شەهیدە سەربەرزەکانمان بە بیری رێبوارانی رێبازەکەیان و نەوەی نوێ بێنینەوە بەپێی توانا هەوڵ دەدەین مانگانە ژیان نامەو بیوگرافی ئەو سەروەرانە ئامادە و لە راگەیێنەکانی سازمانی خەباتدا بڵاو بکەینەوە.
بۆ ئەوەی بتوانین ژیان و خەباتی شەهیدە سەربەرزەکانمان بە بیری رێبوارانی رێبازەکەیان و نەوەی نوێ بێنینەوە بەپێی توانا هەوڵ دەدەین مانگانە ژیان نامەو بیوگرافی ئەو سەروەرانە ئامادە و لە راگەیێنەکانی سازمانی خەباتدا بڵاو بکەینەوە. لەو راستایەدا بۆ ئەم مانگە تەنها توانیومانە ژیاننامەی پۆلێک لە شەهیدانی مانگی رێبەندان ئامادەو بڵاوبکەینەوە. بەو ئومێدەی لە داهاتوودا بتوانین لەو بارە کاری باشتر بکەین. لێرەدا بەڕیز ژیاننامەی حەوت لە شەهیدانی سەربەرزی سازمانی خەبات دابەزیوە کە خوێندنەوەیان کاریگەری دەبێ لەسەر تاییمتر بوونی باوەرمان بە رزگاری گەل و رەوایی خەبات و خۆراگری رۆڵەکانی نەتەوەکەمان دژ بە داگیرکەران و ستەمگەران.
سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا ئەحمەد پوور
لەمەودای خەباتی خوێناوی و راپەڕینی درێژخایەنی گەلە بەشخوراوەکەماندا، لاوانی بە جەرگ و خاوەن بروا بە ئازادی و رێبازی شۆرشگێری و رێبازی پیرۆزی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەردەوامن لە تێکۆشان و زۆر خۆنەویستانە بەردەوامن لە ئەرکی شۆرشگێرانەیان، بەڵێ تابڕوین دەبینین و دەبیستین ، ئەو مێشکانە خەریکن بە بیرکردنەوە لە رێبازی وەدەست هێنانی ئازادیدا زیاتر دەپڕژێن، خوێن ــ ئەو خوێنانەی کە روونکەرەوەی رێ٠Žگای پڕ لە هەڵدێر ولێژو هەورازو نشێوی شۆڕشن زیاتر دەڕژێن، جا هەر بەو پێیە دەڕوانینە ڕابردوو و ئێستای سازمانەکەمان کە تاقە هیوای خەڵکی کوردە بۆ ڕزگاری لە ژێر باری ستەمی چەند قاتی نەتەوایەتی ومەزهەبی وئابووری وسیاسی. بێگومان بۆ خەبات لە بەرامبەر ستەم و بێدادی رۆڵەی قارەمان و نەبەزی زۆرن کە سەرقافڵەن و خۆێنیان بۆ ئازادی گەل و رزگاری نیشتمان ڕژا. یەکێک لەو شەهیدە گەورەو بەرچاوانە، شەهید عەبدوڵای ئەحمەد پوور کوڕی شامحەممەدە، کە لە ساڵی (1353) لە گەڕەکی خواروی شاری بانە لەدایک بوو، لە شەش ساڵی نێڕدرایە بەرخوێندن و دەورەی ڕاهنمایی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و لە ساڵی (1366)دا جاری یەکەم هاتە ڕیزەکانی سازمانەوەو دوای ڕوونکردنەوەی نێردرایەوە بۆ ناو شارو کاری تەبلیغی و تەشکیلاتی پێ سپێڕدرا. لە بەهاری ساڵی(1370)دوای ئەوەی ئاشکرا بوو چیتر نەیتوانی لەناوخۆدا کار بکات و هاتە ریزی پێشمەرگایەتی و دوای تەواوکردنی دەورەی نیزامی وپێشمەرگایەتی وەک کادری سیاسی لە مەڵبەندی یەکی سازماندا کاری پێ سپێڕدرا. کاک عەبدوڵا لە بەر دڵسۆزی بۆ سازمان و ئیمانی پتەوی بە موبارزە پلەکانی بەر پرسیارەتی یەک لە دوای یەک دەخرایە ئەستۆ لە هەر ئەرکێکی نوێ دا لێوەشاوەیی وکارزانی خۆی نیشان دەدا. لە مەیدانی کاری نیزامی دا کاک عەبدوڵا قارەمانێکی کەم وێنەی ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ هێزەکانی دوژمن بوو. قارەمانی و نەبەزی شەهید عەبدوڵا بە شێوەیەک بوو کە تەنانەت لە کاتی دەورگیرانیشی لە لایەن هێزەکانی رژیم قارەمانیی کەم وێنەی لە خۆی نیشان دەدا. کاک عەبدوڵا لە زۆر چالاکی و جەنگی پێشمەرگەکانی سازمان لە بەرانبەر هێزەکانی دژمن بەشداری بەرچاوی هەبوو. شەهید عەبدوڵا لە هاوینی ساڵی 1375دا بە دوای گیرانی کۆنفرانسی گەورەی سازمان بە مشاوری کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لەو پلەیەشدا کاک عەبدوڵا پاکی و لێهاتوویی خۆی بۆ هەڤاڵان و سازمان دەرخست هەروەها کاک عەبدوڵا کادرێکی لێوەشاوەی دەنگی خەبات بوو. ئەرکی قورسی بێژەری ئەنجام دەدا . لە ساڵی 1377 داو لە کۆنفرانسی بەرینی سازماندا وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمان لە لایەن زۆرینەی ئەندامانی کۆنفرانسەوە هەڵبژێردرا. کاک عەبدوڵا لە دوای هەڵبژاردنی بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی، ئەندامیەتی لە بەشی گشتی پەیوندییەکانی سازمان پێ سپێردرا و لەو ئەرکەشدا لێوەشاوەیی خۆی بە هەڤالان و دۆستان ی نیشاندا. زۆر بەداخەوە مەرگی مەودای نەدا تا ئەو هەڤاڵە بە نرخە زیاتر خزمەت بە گەل و سازمانی خەبات بکاو بە داخێکی گرانەوە لە شەوی (12ی ڕێبەندانی 1377) بە هۆی کێشە لە گەڵ یەکێک لە رفیقەکانی بە ناوی عەلی شەهید کرا. شەهید کرانی کاک عەبدوڵا کارەساتێکی گەورە بوو لە ریزەکانی سازمانی خەبات. کاک عەبدوڵا ئەحمەد پوور گەیشتە دەرەجەی شەهادەت و ئەرکی موبارەزی بۆ هەڤاڵانی بەجێهێشت.
هەزاران سڵاو لە گیانی کاک عەبدوڵا ئەحمەد پوور وسەرجەم شەهیدانی سازمانی خەبات و گشت شەهیدانی رێگەی خەبات وئازادی
سەروەری گەل شەهید کاک رەحمان قادری
شۆڕشی ئازادیخوازان و رزگاریدەری کوردستانی ئێران وەک هەموو کوردستانەکانی تر بە هۆی بێدادی داگیرکرەانەوە شوڕشێکی خوێناوی بووە. کاتێک کە بێگانە چاوچنۆکەکان دەست لە داگیرکەری هەڵناگرن لە بەرانبەر موبارزەی سیاسی و داوای رەوای گەلان، بە هێز وئاگری چەک و زیندان و ئەشکەنجەدان دەکەنەوە وڵام و هیچ جۆرە ویژدانی ئینسانی و دینی لە بەرچاو ناگرن لە گەل ئەوە دا کە ئینسانن وخۆ بە موسلمان و برای دینی میللەتی کورد دادەنێن ئایا بۆ گەلی کورد چارەیەکی تر هەیە بێجگە لەوەی کە لە بەرانبەر زۆردا، زۆر بەکار بێنێ؟ وەک بە چەک وکوشت و بڕۆ و زیندان هەوڵی سەرکوت کردنی دەدرێ، ئەویش بە چەک دیفاع لە خۆی بکا؟ ئایا دەکرێ بۆ میللەتی ستەم دیوو رەنج کێشاو حەق فەوتاوی وەک گەلی کورد رەوایە کە دەست لە داوای رەوای خۆی هەڵگرێ یان لە بەرانبەر داوای رەوای دا ئەو هەموو کوشت وبڕۆ و زیندان و ئەشکەنجە هەڵگرێ و ددان بە جەرگی خۆی دا بگرێ و ناوی بنێ ئاشتیخوازی و دوورە شەڕی
قارەمان و فەرماندەی لێهاتوو کاک رەحمان قادری لە ساڵی (1343)لە گوندی تاژەبان لە ناوچەی بانە لە دایک بوو. هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە توشی کۆسپ وکاری سەخت هاتووە وئەرکی قورسی جوتیاری لە ئەستۆ گرتووە، بە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی وداگیرکردنی بەرهەمی ڕەنجی جەماوەری ئێران لە لایان ئاخوندانەوەو دامەزراندنی حکومەتی نامەشروعیان و هێرش بۆ سەر کوردستان کاک رەحمان خولیای موبارزەو بەرەنگاری لە بەرانبەر دوژمنی داگیرکەر چووە بیرو مێشکیەوە، هەر بۆیە لە هاوینی ساڵی (1361)دا هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە. دوای تەواوکردنی دەرسە سەرەتاییەکانی ، چەکی دیفاع لە نیشتمان وخزمەت بە کوردی لە شان کرد. کاک رەحمان رۆڵەیێکی تێکۆشەرو ماندوونەناس بوو، لەناو هەڤاڵاندا رێزی بۆدادەنرا. لە رووبەروو بوونەوە دەگەڵ هێزەکانی دوژمندا لە خۆبوردوو بەجەرگ بوو لە زۆربەی جەنگەکانی سازمانی خەبات بەرانبەر هێزی داگیرکەری ئاخوندان دا ئازایەتی وهەڵمەتی دەنواند. هەرچەند کاک رەحمان خوێندەواری نەبوو. بڵام لە ماوەی چەند ساڵی پێشمەرگایەتی زۆربەی کتێبە مێژوویەکانی کوردی خوێندەوە و ئاگادارییەکی باشی لە سەر شۆڕشی ڕابردووی نەتەوەکەی پەیدا کردبوو، ئەو ئاگادارییە لە شۆڕشی کورد ببوە هۆی ئەوەی کە کاک رەحمان لە کۆڕی هەڤاڵاندا باس لە کەم وکوریەکان وخاڵە لاوازەکانی شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد لە کوردستانی ئێران بکا. کاک رەحمان باوەری بە دژایەتی رژێمی ئاخوندی تا رووخانی یەکجاری هەبوو هەر ئەو بە ئیمانی و سووربوونەوەی ببوە هۆی ئەوەی کە دەستگا ئەمنیەتەکانی رژێم زۆرجار هەوڵیان بۆ ترۆر کردنی دەدا.کاک رەحمان قادری فەرماندەیەکی لێوەشاوەی سازمانی خەبات بوو شارەزای زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوو جیاواز لە کاری نیزامی لە بواری سیاسیشدا لێوەشاوەیی خۆی نیشان دابوو. هەر بۆیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام دەنگی زۆرینەی متمانەیی پێدەدرا و بوو بە مشاوری کومیتەی ناوەندی وئەندامی پەیوەندییە گشتییەکانی سازمانی خەبات. لە دوای زیاتر لە 25 ساڵ پێشمەرگایەتی هیچ کات هەست نەدەکرا کە کاک رەحمان لەپێشمەرگایەتی ماندوو بووبێ. ئەو ماوەیەی وەک بەشی پێوەندیەکانی سازمان ئەرکی بەڕێوەدەبرد ئەوپەری دڵسۆزی لە خۆی نیشان دەدا. جێگەی داخە مەرگ مەودای نەدا تا کاک ڕەحمان زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتمان و سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بکات. بەڵێ، مەرگ مەودای نەدا ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرەو ئەو فەرماندە لێهاتوەی سازمانی خەبات و گەلی کورد تا زیاتر خزمەت بە ئامانجەکانی نەتەوە ونیشتمانەکەی بکا و لەشەوی(12/11/1377)دا لە کارەساتێکی دڵتەزێن و لە لایەن کەسێک بە ناوی عەلی موردای لە گەڵ عەبدوڵائەحمەدپوور شەهید کران و ئەو کەسەی ئەو دووقارەمانەی شەهید کرد لە دواییدا خۆی کوشت. کاک رەحمان و کاک عەبدوڵا دووشەهیدی نەمرو گەورەی سازمان گیانیان فیدای ئامانجە رەواکانی کوردو سازمانی خەبات کرد وچەکی خۆڕاگری وبەرەنگاریان بۆ هەڤاڵان بە دیاری بەجێ هێشت.
((هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێت ))
شەهیدان ئاڵاهەڵگری داهاتووی وڵاتن
سەروەری گەل شەهید ((عەلی مەلایی))
رۆڵەی شیرین وکۆرپەی نەخشین لە ئامێزی دایک وباب دا چ جوانە و چ لەبەردڵانە. نابینی چۆن بە دەست دەی پارێزن و بە چاکی ئاگاداری لێدەکەن. دەی لاوێننەوەو بە هەموو کرانێک دەی وێننەوە. چەندەیان لە بەردڵانە وچەندەیان پێ جوانە، کاکۆڵی بە شانە دادێنن و بە کەلانکەی شین لە چاوی بەدی بەدوور دەکەن حەتا پشمی ئەڵاخێری بۆ دەکەن و لە گەڵ هەر قرپەیەک کە دەیێنێتەوە نۆشی پێ دەڵێن . هەر ڕۆژێ کە قسەیەک فێردەبێ شادییەک دەخاتە دڵی خێزانەوەو کە کارێک دەکا پرسەی پێکەنین دەخاتە ماڵەوە. دانیشتنی لە بەر چاوان جوانەو رۆیشتنی جوانتر. کە دەڵێ دایە گومبەزەیی سینەی دایک بە دایک قوربانت بێ دەنگ دەداتەوە کە دەڵێ بابە بە گیانی بابە وڵام دەدرێتەوە، ئاوا بەخێو دەکرێ و بەناز بەرێوەدەبرێ. نازی دەبوورێ وگروویی چارەسەر دەکرێ. ئەو کۆرپە شیرین وجوانە هەڵ دەدا و تووڵی ڕادەکێشێ و قاشی بەڕۆیی دەکشێ و بەخۆ دادێ وباردێ. هیوای دایک و بابانە و فریاد رەسی داگەیو و داماوانە. هیوایی ڕۆژی تەنگانەیەو مەترسی داگیرکەرو بێگانەیە. ئەو کۆرپە نازادرەی دایک وبابان، هیوای رۆژی تەنگانەی دایک وبابانە. خۆ تەنگانەی دایک وباوکان هەر ئەو تەنگانەیە کە لە گەلی کوردی چارەڕەش هەیەتی. تەنگانەی کورد یەکەو هەموو تەنگانەی گەلەکەمان لەو تەنگانەوەیە، ئەویش دەردی بێگانەیە ئەو بێگانەی کە هەر جارە و بە پێستێک دا خۆی دەردەخاو کردەوەو دڵی ناگۆڕێ و ڕەشەو ڕەش هەر ڕەشە وچاوچنوک وبەرچاو تەنگە. چاوی تێر نابێ بە بەشی خۆی وپەلاماری ئەم و ئەو دەدا کێ بێ دەستی درێژی کۆتا کا. کۆڵە مەستی پڕ لە سینگی خوێن و ژان بدا جوێ لە ڕۆڵە نازادرانە کێ هەیە ئەرکی پڕ لە شانازی شۆڕش وخەباتی پێ بسپی٠ردرێ جوێ لەو خۆشەویستانە؟ کێ یە کە سوورخەلاتی شەهادەتی لێ دەوەشێتەوە جوێ لەو ڕۆڵە شیرینەی کە سەرگۆنای وەک و هەڵاڵەی سەر گۆڕی شەهیدانە. بەڵێ بەرخی نێر بۆ سەر بڕینە و بێچوە شێر بۆ ڕۆژی تەنگانەیە. کێ یە کە بە ورەی گیانی و بە سینەی فراوانی کوردستان بپارێزێ کێ یە کە خۆ بکاتە قۆچی قوربانی گەل وسەری بەرزی وەهێلێ بەبەرزی. جوێ لەو ڕۆڵە نازدارانەی لای دایک وبابان. ئەو نازدارانەی شایانی شانازین. دایک وباوکان کۆرپەی شیرینیان بۆ ڕۆژی تەنگانەی گەل دەوێ بۆیە بە دوو دەست کۆرپەکانی باوەشیان کە ئێستابوونە شوڕە لاوی گۆێ گۆین بە سەری دوژمنان، پێشکەش بە سەنگەری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد دەکەن . کاتێک کە بۆ ناسیاوانی شەهید عەلی مەلایی قسە لە نازداری و خۆشەویستی دەکرێ لە لای دایک وباوکان بەر هەموو خۆشەویستان شەهید عەلی مەلاییان بە بەرچاودا دێ.((شەهید عەلی مەلایی کە لە بنەماڵەیەکی کرێکار لە ساڵی (1347)دا لە شاریبانە لە دایک بوو. لە تەمەنی شەش ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە وتاسێ ی راهنمایی دەرسی خوێند. کاکە عەلی مەلایی هەر لە منداڵییەوە کوڕێکی ورد بوو. لە چۆنیەتی گەلی کورد و داگیرکەرانی کوردستان، نیشتمانی خۆشەویستی ڕادەما.ئەوە بوو دڵی ڕانەوەستا کە چاوی لە ستەمی داگیرکەران و لێقەوماوی چارەڕەشی گەلەکەی بێ. خۆی ڕانەگرت لە بەهاری ساڵی (1363)داهاتە ناوریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە ودوای ڕاهێنان و بارهێنان، ماوەیەک لە بەشی چاپەمەنی دا کاری کرد. لە بەهاری (1364)چووە ناوریزی پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سەیدخەلیلەوە. شەهید عەلی مەلایی کە تەمەن لە17ساڵ تێنەپەڕی بوو، زۆر ئازاوبەجەرگ بوو هەموو دەمێک هەوڵی دەدا کە لە پێشمەرگە ناودارەکان نەمێنێتەوە. شەهید عەلی لاوێکی هێواش و ڕازدار بوو جێ ی متمانەیی شۆڕش بوو. بە دڵ شۆرش وخەباتی لە ناو ریزی سازمانی خەباتی خوێناویدا خۆشدەویست. خۆ دوودانی نەبوو لە ریزی پێشمەرگایەتیدا. شەهید عەلی لە کاتێک کە ببوە یەکێک لە جێ ی هیوا وهومێدی سازمانی خەبات بە داخێکی گرانەوە لە بەیانی23ڕێبەندانی ساڵی1364دا لە گوندی (یاکووباوایی)دەشتەتاڵی بانە لە کاتی گەمارۆدانی ئاوایی لە لایەن پاسدار وخۆفرۆشەکانی رژێم وبەربەرەکانێی پێشمەرگەکان دا عەلی مەلایی دەرباز نەبوو وپێکراو بەپلەی شەهادەت گەیشت و چووەناو کۆڕی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستانەوە. ڕۆژی دوایی تەرمی پیرۆزی لە گۆرستانی هەزار ساڵەی شوێی ناوچەی بانە، لە ناو رێزو ئیحترامی خەڵکی بە شەرەفی ناوچەو مامۆستایانی خواپەرەست و ئازاونەترس داخرا ناو باوەشی کوردستانی خۆشەویست وبە گیانی پڕ لە ئیمانی ئەو گۆرستانەی کردە چراغان.
((هەزاران سلاو لە گیانی پاکی شەهید عەلی مەلایی وگشت شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان.))
سەروەری گەل شەهید وەفا جەعفەری
گەلە بەشخوراو نیشتمانە بەشکراوەکەمان کە مەوادی تەمەنی خەباتی سوور و لە خوێن شەڵاڵی و بە بەرینایی بەرەی جەنگی دژی داگیرکەری زۆردار، قوربانی دەدا وحەماسە دەخۆڵقێنێ و هەر رۆژە لە شوێنێک و هەر دەمە بە چەشنێک تابڵۆی فیداکاری و شۆڕشگێری دەڕازێنێ، تەواو بە خوێنی ڕۆڵە نەبەز و قارەمانەکەی سەر دێری زێرینی زیندوویی و کۆڵ نەدەری وخەباتگێری خۆی بە پێنووسی ئاگرین لە سەر تەتەلەی مێژووی خەباتی شێلگیری گەلان دەنووسێ. سازمانە خۆشەویستەکەمان کە نوێنەری رەسەن و راستی ئەو گەلە نەبەزە نەوەستەیە لەو قوربانیە پایەدارانە بەشێکی بەنرخ و بەرچاوی بەخشیوەو بەو تەمەنە کورتەی خۆی شاگوڵی گەش و غونچەی تازە خەندەی خوێناوی زۆری کردۆتە دیاری بۆ گەلەکەی و مەجلیسی خەبات و شۆڕشی پێ بۆن خۆش و پڕ لە شەوق کردوە کە ئێمە لێرەدا تەنیا کۆڕەکەمان بە نواندن و ناساندنی غونچەیەکی تازە پشکووتو پڕبۆن و بەرامە دەکەین کە پەلکە ساوا و سوورەکانیان تازە بە گێژە لولەی زۆرداری هەڵوەڕیوە، باسی شۆڕە لاوێکی قارەمان و بە ئیمان دەکەین کە ئەویش کاک وەفا جەعفەری کوری سەدیق خەڵکی بانەیە.
شەهید وەفا جەعفەری لە ڕێکەوتی 15/5/1361 دا ولە تەمەنی 17 ساڵی دا هاتە ناو ریزی سازمان ولە ماوەی پێشمەرگایەتیی دا لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی بۆکان و سەقز وبانە و سەردەشت دا بەشدار بوو بە ئازایەتی ولێزانی و هاوسەنگەری، بەناوبانگ بوو. وە لە رۆژی 11/11/1364 دا لە ئەنجامی کردەوەی ترۆریستی رژیم و دانانەوەی مین لە سەر رێگەی هاتوچۆی بنکەی سەرکردایەتی سازمان لە نزیک دێی سەراومیراوا لە کوردستانی عێراق شەهید بوو.
(( شەهیدان نامرن نەوە قارەمانەکانی، مێدیا و کەی خەسرەون ))
سەروەری گەل عەزیز عەبباسی
خاکی رازاەوەی کوردستان دیمەنی جوانی خۆی لە ڕەنگی خوێنی شۆڕەلاوەکانی گەلی بەشخوراوی کورد وەرگرتووە شۆڕشی رەوای گەلەکەمان نەخشێنەری ئەو تابلۆ ڕەنگاورەنگەیە کە هەموو بینەرێک مات و سەرسام دەکات و هیچ کات لە تەماشا کردنیان تێڕنابن. خوێنی گەشی کوڕی کورد هەر کە لە دەست زۆرداران و سەرەڕۆیان وەجۆش هات هەڵ دەچێت و بە سەر خاکی پیرۆزی نیشتمانە جوانەکەیدا دەڕژێت هەر بۆیە پەڕ پەڕی مێژووی خەباتی بێوچانی ئەم قۆناغەشمان بە خوێنی هەزاران شۆڕەسواری گۆڕەپانی خەبات وتێکۆشان ڕەنگاوە.
ئێمە لێرەدا یادی شێرە پیاوێکی نەبەزو نەترس دەکەین کە بوو بە ئاودێری باغچەی خەباتی گەلەکەمان. شەهید عەزیز عەباسی کوڕی مەلا ئەحمەد خەڵکی قوتوری شیماڵی کوردستان دووهەمین شەهید بنەماڵە، کوڕە کوردێکی موسڵمان و داوێن پاک بوو کە لە بنەماڵەیەکی ئایینی ونەداردا چاوی بە دنیای پڕ لەمەینت و بەشخوراوی کوردستان هەڵێناو لە گەل ژیانی بێ بەشیدا ڕووبەڕوو بوو. شەهید عەزیز هەتا ساڵی دووهەمی ڕاهنمایی دەرسی خوێند.
پاش هێرشی رژێم بۆ سەر کوردستان و پاش ئەوەی هەستی بە زوڵم و زۆری دوژمنانی کورد و بەشخوراوی و ژێر چەپۆکی گەلەکەی کرد، لە تەمەنی 17ساڵیدا چەکی شەرافەتی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و ماوەیەک لە ریزی هێزێکی موخالفی رژێم بەربەرەکانی کرد. بەڵام پاش ئاگاهی و لێکدانەوە و تەجرووبە بە رێگای راست و ڕەسەنی سازمانی خەباتی وەک باشترین رێگا بۆ گەیشتنی گەلەکەی بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی هەڵبژارد و بە شانازییەوە هاتە ناو ریزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی لە زۆر عەمەلیاتی بەر چاودا بەشداری هەبوو. شەهید عەزیز پێشمەرگەیەکی راست و لە سەرەخۆ و ئازا و بەورەو باوەر بوو وە لای خەڵکی ناوچەکان خۆشەویست بوو. شەهید عەزیز ماوەیەک لە ناوچەکانی بانە خەریکی ئەرکی پێشمەرگایەتی بوو و لە مانگی بەفرانباری 1363 دا چووە ناوچەی سەردەشت و لە وێ لە هێزی سەردەشت دا شان بە شانی پێشمەرگەکانی ئەو هێزە دژی دوژمنانی گەلەکەی قارەمانانە شەڕی کرد و لە چەند عەمەلیالت دا ئازایانە بەشداری کرد. هەتا لە رۆژی 11/رێبەندان/1363 دا لە کاتێکدا کە دوژمن هێرشی هێنابوە سەر گوندەکانی نستان و دەورووبەر لە گەڵ براکانی دیکەی پێشمەرگە بە گژ دوژمنی پەلاماردەردا چوون و شەڕێکی قارەمانانەیان لە گەڵ کرد وە پاش گەیاندنی زەرەرو زیانێکی گیانی و ماڵی بە دوژمن بە گوللەی تاوانباران پێکرا وگیانی پاکی بە خاکی نیشتمان سپارد و بە شانازییەوە ماڵئاوایی لە گەڵ هەموو هاوسەنگەرانی کرد.
(( بژی هێزی قارەمانی پێشمەرگە کە بەخوێنی خۆیان ئاوەدانی بۆ نیشتمان دێنن))
سەروەری گەل شەهید قادر خدرنژاد
ئەگەر لە تابڵۆی رازاوەی سروشت وردبین و دیمەنی نەخشین و روخساری رەنگینی سەرنج بەدەین و ئەگەر رووداوە خۆش و ناخۆش و داستانە تاڵ و شیرینەکانی مێژووی درێژو دووری ئەم جیهانە بەرین و پانە بە وردی وەرد بدەینەوە ئەگەر نرخ وبایی مرۆڤ وەک لە راستیدا هەیە وا لێک دەینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ دیمەنێک لە دیمەنی شەهید جوانتر نییە. لە کاتێکدا کە لە پێناوی ئاواتی پیروزی دا گیانی فیدا دەکا و بە بزەی سەر لێوی خۆی لە کاتی ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمان و هاوبیر و باوەرەکانیدا بۆ هەمیشە مەرگ بە چۆک دادێنێ و ژیانی هەمیشەیی لە نوێ بۆ خۆی دەستە بەر دەکات. هیچ رەنگێک لە رەنگی سووری خوێنی گەشی لەشی پاکی شەهید جوانتر نابێ و نییە کە لەو کاتەدا لە جەستەی پیرۆزی بە لێزمە دێتە خوارێ و خاکی نیشتمان دەرەنگێنێ و زراوی دوژمنان دەتۆقێنێ. هیچ گوڵێک لەو سوورە گوڵە جوانتر نابێ کە بە خوێنی شەهید دەگۆڕێ و پاراو دەبێ. هیچ ئەندامێک لە کۆمەڵی مرۆڤ پلە ونرخی ناگاتە پلە ونرخی شەهید کە بە بەخشینی باشترین دەستمایەی خۆی کە گیانیەتی لە رێگای بەرژەوەندی تێکڕایی دا و لە پێناو بیروباوەری پیرۆزیدا بەرزترین پلەی مرۆڤایەتی بۆخۆی وەرگرتووە و ژیانی راستەقینەی بە قیمەتی گیانی کڕیوە. هیچ داستانێک لە داستانی شەهید شیرینتر وبە نرختر و بە تامتر نییە. یادی شەهید تین وتاومان پێ دەبەخشێ و ورەو باوەرمان زیاد دەکاو کڵپە وگڕی ئاگری خەبات هەتا گەیشتن بە ئاوات دانامرکێ و قەت کەم ناکا.
یادی ئەمجارەمان یادی شۆڕسوارێکی مەیدانی خەبات و تێکۆشانە ئەویش شەهید قادر خدرنژاد کوڕی رەحیم خەڵکی گوندی نستانی ناوچەی گەورکی سەردەشتە. شەهید قادر لە بنەماڵەیەکی هەژار دا لەگوندی نستان هاتە سەر دنیا و هەر وەک زۆربەی منداڵانی کوردەواری لە بەر هەژاری و بێ دەرەتانی نەیتوانی لە بەهرەی خوێندەواری بەشدار بێ. هەر لە منداڵییەوە ناچار بوو کە بۆ پەیدا کردنی بژێو خەریکی کار و کاسبی بێ، خۆی و چەند براکەی هێشتا هەر منداڵ بوون کە باوکیان کۆچی دوایی کرد و باری ژیان قورسایی خستە سەر شانیان. هەر لە سەرەتای هێرشی هێزەکانی رژێمی ئاخوندی بۆ سەر کوردستان شەهید قادر بوو بە لایەنگری دڵسۆزی سازمانی خەبات و چەکی لایەنگری هەڵگرت و ئەرکی سازمانی بە باشی بەڕێوەبرد و لە ساڵی 1362 دا بوو بە پێشمەرگەی ڕەسمی، لە زۆربەی عەمەلیاتەکانی ناوچەی سەردەشت دا وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی زۆر قارەمانانە بەشداری کرد و نمونەی ئازایەتی و بەورەیی و دڵسۆزی بوو پاکی وچاکی شەهید قادر بۆ هەموو لایەک روون بوو بۆیەش لە ناودڵی خەڵک وهاوسەنگەرەکانی دا بە تەواوەتی جێگەی خۆی کردبۆوە. کاک قادر بە دڵ سازمانی خۆشدەویست و ئەوینداری کوردستان بوو. لە رۆژی 11/11/1363 دا لە کاتێکدا کە شەهید قادر لە کۆخی خۆیان لە خوارگوندی نستان بە هۆی نەخۆشی لە جێگادا کەوتبوو هێرشکارانی قین لە دڵی رژێم کە هێرشیان کردبوو بۆ سەر نستان و دەوروبەری چوونە سەری و زۆر ناپیاوانە شەهیدیان کرد.
((هەزاران سڵاو لە شەهیدان و رێگایان پڕ رێبواران بێت))
سەروەری گەل شەهید محەممەدی قادر جەماڵ
ئەگەر لەتابلۆی رازاوەی سروشت وردەوەبین و دیمەنی نەخشین و روخساری رەنگینی سەرەنج بدەین و ئەگەر روداوە خۆش و ناخۆش و داستانە تاڵ و شیرینەکانی مێژووی رێژ و دووری ئەم جیهانە بەرین و پانە بە وردی وەرەق بدەینەوە بۆمان دەرئەکەوێ کە هیچ دیمەنێک لە دیمەنی شەهید جوانتر نییە ، لەکاتێکدا کە لە پێناو ئاواتی پیرۆزی دا گیانی فیدا دەکات و بە بزەی سەرلێوی خۆی لە کاتی ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمان و هاوبیرەکانی دا بۆ هەمیشە مەرگ بە چۆک دا دێنێ و ژیانی هەمیشەیی لە نوێ بۆ خۆی دەستەبەر دەکات . هیچ رەنگێک لە رەنگی سووری خوێنی گەشی لەشی پاکی شەهید جوانتر نابێ و نییە لەو کاتەدا کە لە جەستەی پیرۆزی بە لێزمە دێتە خوارێ و خاکی نیشتمان دەرەنگێنێ و زراوی دژمنان دەتۆقێنێ.
هیچ گولێک لەو سوورە گوڵ جوانتر نابێ کە بە خوێنێ شەهید دەگوورێ و پاراو دەبێ. هیچ ئەندامێک لە کۆمەڵی مرۆڤ پلەی ناگاتە پلە و نرخی شەهید کە بەبەخشینی بانترین دەزمایەی خۆی کە گیانیەتی لە رێگای بەرژەوەندی تێکرایی دا و و لە پێناو بیروباوەری پیرۆزی دا، بەرزترین پلەی مرۆڤایەتی بۆ خۆی تۆمار دەکات و ژیانی راستەقینە بە قیمەتی گیانی کریوە.
هیچ داستانێک لە داستانی شەهید شیرینتر و هیچ یادێک لە یای شەهید بە نرختر و بە تامتر نییە. یادی شەهید تین و تامان پێ دەبەخشێ و ورەوباوەرمان زیاد دەکا، کڵپە و گڕی ئاگری خەبات هەتا گەیشتن بەئاوات دانامرکێ و قەت کەم ناکا.
یادی ئەمجارەمان یای شۆڕسوارێکی گۆرەپانی تێکۆشانە. یادی شۆرەسوارێکی بەورە و دڵسزی خەباتە کە بەراستی بە سەربەرزی ژیا و بە مەردی سەری نایەوە.
شەهید محەممەدی قادر جەماڵ لە بنەماڵەیێکی هەژاری کوردەواری لە گوندێک لە کوردستانی عێراق چاوی بە دونیا ی پڕ لە مەینەتی گەلەکەمان هەڵێنا. هێشتا تەمەنی لە 10 ساڵ تێنەپەریبوو کە باوکی لەبەر نەبوونی ئیش بەرەو شاری بانە کۆچی کرد. کەندوکۆسپی ژیان و دەرد و ژانی نەداری بوو بە هۆی ئەوەکە شەهید محەممەد بۆ پەیداکردنی پژیو بچێتە شارە دوورەکانی وەڵات و بە ئارەقی نێوچاوان نان و ئاوێک وەدەست بخات. دوای سەرکوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاش هێرشی ریم بۆ سەر کوردستان ، کاک محەممەد چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتی کردە شان و وەک کورە کوردێکی دڵسۆز و خەباتگێر لەبەرانبەر دژمن دا راوەستا. لەساڵی 1359ی ک. خ دا وەک زۆر لەهاوبیروباوەڕەکانی هاتە ریزی پێشمەرگەکانی خەباتەوە و لە زۆر چالاکی بەرچاودا ئازایانە بەشداری کرد. تاکوو لە رۆژی 18/11/1359 دا لە سەرجادەی سەقز ـ بانە لەسەرپردی میرەدێ، لەشەرێکی چەند سەعاتێکدا کە بوو بە هۆی لەناو چوونی دەیان کەس لە هێزی دژمن، بە گوللەی پیاوکوژانی رژیمی خومەینی تاوانبار پێکرا و هەر لەوێ شەهید بوو دڵی پڕ لە ئاواتی لە لێدان کەوت.
هەزار سڵاو لە گیانی پیرۆزی بێ.