هەموو ئاکارێکی گەلی کوردی بەشخوراوی خاک دابەشکراو، هەموو ئاکارێک لە شۆڕشی کوردستانی ئێران نیشانەی لێبڕان و پاکی و کوردایەتیەکی بێخەل و خەشیە. چەند ورد دەبینەوە لە ڕیزی شۆڕشەکەماندا و لە کردەوەی شۆڕشگێڕەکانمان، سەرمان سوور دەمێنێ لەو هەموو دڵسۆزییەی شۆڕشگێڕ و خەڵکی شۆڕش ڕاگرەکان لە کوردستانی کوێستاندا، هەر لەو کاتەشدا خەریکی شایی مەرگین لە خۆشیان، شکور بۆ خوا ئێمە لە کوردستانی کوێستاندا، واین کە کوردایەتی بۆ کوردایەتی، واتە خەبات بۆ ڕزگار بوونی گەلی کورد لە ستەمی بێگانەی چەوسێنەر دەکەین نەک بۆ دەسەڵات، نەک بۆ ڕازیکردنی لایەک لە داگیرکەرانی کوردستان، کوردایەتیمان دەست پێکرد بۆ سەربەرزی گەلی کورد لە هەر جێیەک کە کوردستانە. بڕاونە پیری شەست ساڵەو حەفتا ساڵە لە ڕیزی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستکاندایە. بڕوانە لاوی شانزە ساڵە کە وەک بروسکە دێن و دەچن لە شاخ و کێوی کوردستان تیغی دەبانن و لە کالاندا خۆ ناگرن، بە کەس دانامرکێن. شۆڕش هی تێکڕای خەڵکی کوردستانە. جا بڕوانە لە لایەکی ترەوە پیرە دایکان دەبینن دێن و دەچن بە دەوری پێشمەرگەی نازداری بێ نازدا، کە نازی شۆڕشی کوردستانیان بڕی، نازی دایکی بە ئیمان خستووە، بە قوربانیان دەبن و لە دەوریان دەگەڕێن، ها وەرە بڕوانە ڕیزی خەباتی خوێناوی، دەبینی شلکە لاوی بە ئیمان و بە بڕوا چۆن بوونە حەماسەی شۆڕش، بوونە بەرامی هێرش نوخشەی داهاتی خەباتن، نوخشەی خێر و هاتن، وەرە بڕوانە جا دڵ پڕکە لە بڕوا بە سەرکەوتن، وەک ڕۆڵەی شیرینی کوردستان، هەر چەند بە تەمەن منداڵ و کاڵن، بەڵام بە سام و هەڵمەت ڕوستەمی زاڵن.... جا وەرە بۆ وێنە دەست بەرین یەکێک، لە خونچە تازە پشکوتووەکانی باخچە ساواکەی سازمانی خەبات، بە هێواشی و بێلێکردنەوە ڕایکێشینە بەر دەمی خۆمان، پەیمانی خەبات تازەکەینەوە کە تا ماویین خۆنەفرۆشین و بە گزە چاوی ناپیاوی دانە پۆشین. کێیە ئەو گوڵە نەپشکوتووەی کە ئەمڕۆ گوڵی مەجلیسانە؟ ئەو کاک عابید فەیزیانە، پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سەید خەلیل ڕۆژی 14/پوشپەڕی/1363بە مەبەستی گرتنی مۆڵگەی پاسدارەکانی خومەینی لە پشتی (دێی سیچان) لە چوار کیلۆ مەتری شاری بانە، وەڕێ کەوتن. کاک عابید فەیزیان یەکێک بوو لە داوخوازانی بەشداری لەوکارە شۆڕشگێڕانەدا. پێشمەرگەکان بە پێی بەرنامەیەکی ڕێک و پێک دوای یەک سەعات شەڕ، وەک با داهاتنە سەر مۆڵگەی دوژمن و گرتیان، لەو هێرشەدا تەنیا زیانی پێشمەرگە، ئەو لاوە بە جەرگە، ئەو بێچووە شێرە بوو، کە بە گوللەی دوژمنانی کوردستان خوێنی پاکی بوو بە سەنەدێکی تر، لەسەر سەدان هەزار پەسەندی ڕەوای شۆڕشەکەمان.
شەهید عابید فەیزیان کە لە ساڵی 1346 دا لە شاری بانە لە بنەماڵەیەکی کاسب لە دایک بوو، تا پێنجی سەرەتایی خوێند، لەبەر شۆڕشی خەڵکی ئێران، پاشان شەڕی دا سەپاوی کوردستان بۆی نەکرا درێژە بە خوێندنەکەی بدات. لە ساڵی 1360 کە بینی کوردستانی خۆشەویست دەسووتێ و دەبرژێ بە ئاگری دوژمنانی قین لە دڵی گەلی کورد بێ بەزەییانە کوشتار دەکرێ، هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و دوای ماوەیەکی ڕاهێنان و بارهێنان چووە ناو هێزەوە، زۆر بە ئەمانەت و دروستکاری، کاری پێشمەرگایەتی بە ئەنجام دەگەیاند. شەهید عابید لە زۆربەی شەڕەکاندا بەشداری کرد تا لە ڕۆژی 14/4/1363 لە گرتنی پایەگای بەسیجاندا بە پلەی شەهیدانی کوردستان گەیشت. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید عابید و شەهیدان بێت.