هەر کاتێک کوردێک، دەست بۆ مێژووی خەباتی گەلەکەی دەبات و لاپەڕەکانی هەڵدەداتەوە، دوای ئەوە کە چەند پیتێک، لەو مێژوویە دەخوێنێتەوە مچۆرکی شەڕەف و پیاوەتی بە لەش دادێ و مووی بەدەنی وەک شمشیرەکەی سەلاحەدین رەق و تیژ دەبێ، بۆ چی؟ لە بەر ئەوەی لە مێژوودا باسی پیاو چاکی و لە خۆ بردوویی و فیداکاری، نەترسی و تێکۆشان و خۆ بەخت کردنی رۆڵە بە شەرەف و جوانمێرەکانی گەلەکەی بەرچاو دەکەوێ، کە چۆن لە دژی داگیرکاران و زۆرداران، راوەستاون وە چۆن خاکی کوردستانیان کردوە بە گۆڕستانی دوژمنان و چۆن چیا سەربەرزەکان و پێ دەشتەکانی ئەم کوردستانە پیرۆزەیان بە خوێنی پاکی خۆیان رەنگاندووە و بەڵگەی سەرکەوتنیان پێ مۆر کردووە و بۆ فریشتەی ئازادیان بردووە، ئێمەش لێرەدا وەکو کوردێک لاپەڕەیەک لە لاپەڕە خەت زێڕینەکانی مێژووی خەباتی ئەم قۆناغەمان کە وەکوو دەوڵەمەندێکی سەقیل، ئازایەتی و فیداکاری شەهیدەکانمان وەک کوپەڵەیەکی پڕ لە زێڕ بە بێ دەست لێدان و زایە بوون هەڵگرتووه هەڵدەدەینەوە و یادی شاسواری گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان و هەڵۆیەک لە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی چیا حەستەمەکانی کوردستان دەکەین کە چۆن لە مەیدانی ئازایەتیدا ئەسپی شەڕ٠ەفی لینگداو چۆن کەمەندی مەرگی بۆ دوژمن دەهاویشت، ئەویش شەهید محەممەد ئەمین غەزاڵی یە. ئەم شەهیدە سەربەرزەمان لە بنەماڵەیەکی هەژاری کوردەواری لە گەندی ساوانی ناوچەی بانە، هاواری منداڵێکی ساوا، بێ دەنگی شەوەزەنگی ئەم کوردستانە خوێناویەی شکاندوو چاوی بە دنیای پڕ لە کەسەری کوردستان هەڵێنا و دایک و باوکی بە هەزاران هیوا و هومێد ناوی محەممەد ئەمین یان بە گوێ دادا. شەهید محەممەدئەمین لە ناو باوەشی دایکی و بێشکە دارینەکەی کوردەواریدا گەورە بوو وە پێی نایە ناو پلەکانی ژیانەوە. ژیانی نەداری و بێ بەشی ماوەی پێنەدا بەرەو قوتابخانە بچێت و بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی لە کار و فەلاحەتدا یارمەتی باوکیدەدا. پلەپلە گەورە بوو تا پێی نایە تەمەنی 15 ساڵییەوە، لە بەر ئەوەی کە بنەماڵەکەی بنەماڵەیەکی هەژار بوو وە لە کوردستان شوێنی کار کەم بوو، بەرەو زۆربەی شارە فارسەکانی ئێران وەکو قۆم و تاران و مەشهەد دەچوو. شەهید محەممەد ئەمین لەگەڵ ئەوەدا کە خوێندەواری نەبوو، بە رەگ و پێست هەستی بە نەداری و بەشخوراوی گەلەکەی کردبوو وە لە شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژێمی پاشایەتی وەک رۆڵەیەیکی ئازا و تێگەیشتو خەباتی کرد و لە هەموو خۆپێشاندانەکاندا بەشداری هەبوو، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کە دەستکەوتنەکانی ئەو شۆڕشە خوێناوییە بوو بە نەغدینەی ناو چنگی خومەینی و دار و دەستە نەزانەکانی کە وەکو هەموو خوێنمژە مێژووییەکانی کوردکوژان دیسان دەمیان نایە ناو جەرگی کوردەوە و خوێنی جگەر گۆشەکانی گەلی کوردیان مژی و هێرش کرایە سەر کوردستان.
شەهید محەممەد ئەمین وەک رۆڵەیەکی بە شەرەفی گەلەکەی چەکی دیفاعی لە شان کرد و لە بەرانبەر هێرشی نارەوای دوژمندا وەک قەڵایەکی لە رووخان نەهاتوو راوەستا و لە کاتێکدا کە دەشتە رەنگاوڕەنگەکەی شاری سەقزی خوێناوی لە خوێنی پاسدارە بە کرێگیراوەکان شەپۆڵی دەدا، لە ناو سەنگەری پیاوەتیدا لە رۆژی 6/خەرمانانی /1358 دا بە گوللەی خوێنمژانی مێژوو گیانی پیرۆزی فیدا گەل و نیشتمان کرد.