سەروەری گەل شەهید قادر ڕەحمانپوور
هیچ گیانێک لە لای خودا و خەڵکەوە بەرزتر لەو گیانانە نین کە لە پێناو وەبەرهێنانی داری دادگەری کۆمەڵایەتیدا، لە کۆختەی گلێنی لەش، دوورکران و پاکتر لەو ئەندامانە نین و نابن کە لە پێناو نەهێشتنی توخمی ستەمدا پێکران، چونکە ئەوان بەڕاستی ئامادەی بە جێهێنانی ئەمری گەل و ژیانی دوور لە چەوساندنەوە بە قیمەتی بوونی خۆیان بۆ خەڵک دەکڕن، ئەوانەی کە لە مەیدانی فیداکاریدا سەرکەوتوون، ئەوانەی کە ناوی خۆیان وەک شورەی سەر بەرد، لە دڵی هەموو هەژار و چەوساوەکانەدا هەڵ کەندووە و یادیان لە لاپەڕەی تەمەنی بەشخوراواندا دەمێنێتەوە، ئەو شەهیدانەن کە بە خۆ فیداکردن لە پێناو گەلەکەیاندا دەچنە ڕیزی سەروەرانەوە، جا بۆ ئەوەی بۆ تێشوی ڕێبازی سەختی شۆڕش دەرسێکی دیکە لە مەکتەبی فیداکاران لە گۆڕستانی ساوان فێربین، ڕوو دەکەینە گوندی قارەمان و شەهید پەروەری ساوان، ناوی ساوان هەر کاتێک کە بەسەر زماندا دێت حاڵەتی تەعزیم و ڕێز بەسەر هەموو کوردێکی کوردپەروەر دادەنێ. ڕێز و کڕنۆش بۆ مەکۆی شەهیدەکان، بۆ گۆڕستان، بۆ دایکان و باوکانی بەجەرگ و نیشتمان پەروەر، بۆ ئەو دایکانەی کە پەڕەی جەرگی خۆیان بڕی و پێشکەش بە شۆڕشی کوردستانیان کرد. بۆ ئەو باوکانەی کە کوڕەکانیان کە هومێد و ئارەزوویان بوو، کردە دیاری بارەگای کوردستان، بۆ برا و خوشک و کەسوکاری شەهیدان. با ئەمجار لە سەر گڵکۆی شەهیدی نەمر لاوی جوانە مەرگ، کاک قادر ڕەحمانپوور پەیمان تازە بکەینەوە، کە هەر درێژە پێدەری ڕێگای پیرۆزی خەباتین و لەسەر بریاڕ،ئەو بریاڕە کە دەبێ کورد ئازاد بێ و کوردستان ڕزگار بێ سوور بین، شەهید کاک قادر ڕەحمانپوور لە ساڵی 1339 دا لە گوندی ساوان لە ناو خێزانێکی کوردی کورد خۆشەویست دا هاتە دونیاوە، بارودۆخی ژیانی هەژارانە، شەهید قادری قایم و بە بڕشت و خۆڕاگر بارهێنا بوو، بیری ئازاد بوون لەو بارودۆخەی، کە خەڵکی کوردستان تێیدا ژیاوە، وەک کۆت و زەنجیر، هاڵاوەتە دەست و پێی دانەدانەی ئەندامانی کۆمەڵانی کوردەواری، هانیدا بێتە ناو ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی سازمانی خەبات و بە هەموو تواناوە خزمەتی گەلەکەی بکات. شەهید قادر لە بەهاری ساڵی 1360دا چەکی پێشمەرگایەتی خەباتی لە شان کردو کەوتە مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، لە مەودای پێشمەرگایەتیدا شەهید قادر نمونەی ئازایەتی و پاکی و لەسەرخۆیی بوو، بەوەی کە دەیتوانی بۆ نەتەوەکەی فیداکاری بکات، شانازی دەکرد. بڵێسەی تفەنگی شەهید قادر لە هەموو شەڕەکانی ناوچەو شوێنەکانی دیکەی کوردستان، چیا و دەرو دۆڵی ڕوون دەکردەوە، شەهید قادر یاریدەدەر و خۆشەویستی هەڤاڵانی بوو، لە سەر وەفاداری بە ڕێبازی خەبات و مافی نەتەوەکەی، هەر ئەوەش وای کرد کە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا خۆشەویستیەکی تایبەت بۆ خۆی بەدەست بێنێ. شەهید قادر لە ڕۆژی 27/1/1361 دا لە شەڕی جادەی بانە سەردەشت لە بەردە سوورانی نزیک زێویە بە فیشەکی دوژمنانی گەلەکەمان پێکرا، وە پاش ساڵێک و چەند مانگ خزمەت بە گەل و ڕێبازە پڕ لە شانازییەکەی شەهید کراو گیانی پاکی پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەی کرد و بۆ هەتا هەتایە مالئاوایی لە هاو ڕیزانی کرد و بەردەوامی ڕێگاکەی بۆ ئەوان بە جێ هێشت.
یادی هەموو کات لە دڵمان دایە و قەت لە بیرمان ناچێتەوە