رۆژگار بە پەلە دەڕوا و قۆناغە جۆراوجۆرەکان دەبڕێ و هەر کاتەی کارە ساتێک دەبینێ. هەر ساتە ڕووداوی تاڵ یان شیرین لە ناو دڵی خۆیدا تۆماردەکا و بۆ وەچەکانی داهاتوو دەیکاتە دیاری و یادگاری. یەکێک لەو شتە گرینگانەی کە مێژوو لەسەر لاپەڕەکانی رۆژگاری نووسیوە و هەتاهەتایە وەک سەر خەتێکی زێڕین خۆی دەنوێنێ، خەباتی گەلانی ژێر ستەم و چەوساوەیە کە گەلی کوردستان بە شێکی بەر چاوی لەو خەباتەی لە ناو دڵی مێژوودا کردۆتە یادگار.
گەلی ئێمە لە پێناو رزگاری و بەختەوەری خۆیدا و لە رێگای پیرۆزی خەباتدا زۆر قوربانی گرینگی پێشکەش کردووە کە هەر یەکەیان شیاوی یادکردن و رێز گرتنن. بەڵام ئەگەر بمانهەوێ هەموویان یاد بکەین و تێکڕای سەروەرەکانمان بە تەواوی باس بکەین لە مەودای نووسین و گوتن دا جێگەیان نابێ، بۆیە ناچارین هەرجارەو یادی دانەیەک لەو ڕۆڵە نەبەزو بەڕێزانەمان بکەین ئەویش لە دەریایەک بە دڵۆپێک خۆ قایل بکەین. یادی ئەمجارەمان یادی قارەمانێکی هەڵکەوتووی کوردستان، تێکۆشەرێکی پاک و دڵسۆز، پارتیزانێکی لێزان و شۆڕشگێڕێکی نیشتمانپەروەر کاک تەها ڕۆحی ناسراو بە تەهاسوورە کە یادەکەی ڕێگای خەباتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و تین و توانا دەداتە دەماری میرات گرەکانی و لاوە نەبەزو قارەمانە هاوبیرو خەباتیەکانی. کاک تەها سوور بە قارەمانەتی و پاکی و چاکی و دامەزراوی و نەوەستانی و ڕاستی و ئازایەتی، خۆی بە شێوەیەک ناساند بوو کە ئێمە بە پێویستی نازانین تاریفی لێ بکەین. ئەو شەهیدە کرداری زێڕین و شیاوی خۆیەتی کە شاهیدی لە سەر فیداکاری و بەورەیی و نەبەزی و خەباتگێڕی دەدەن و بڵێسەی ئاگری شۆڕشگێری و نووکی گوللەی چەکەکەی و هەڵمەتی بۆ سەر سەنگەری داگیرکەران روونترو تیژترن لە بەیان و قەڵەمی ئێمە و ئەوانن کە ئێمەیان لە ناساندنی ئەو شەهیدە بەرزە بێ خەم کردووە. هەڵمەتی شێرانەو نەترسی و گیانبازی و دڵسۆی و خاوێنی و خۆشەویستی چەند میراتێکی بەر چاو و بەنرخن کە بۆ هاوبیرو هاوسەنگەرەکانی بە جێماون و بوونە سەرمەشقی ژیانی شۆڕشگێڕی ئەوان. دامەزراوی و دەست و داوێن پاکی و ئەخلاقی جوان بۆتە هۆی جێگیربوون لە ناو دڵی زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی کوردستاندا، بە ڕادەیەک کە باسی ئەو شەهیدە ئێستاش چراو شەو چلەی مەجلیسانە. کاک تەها رۆحی(تەهاسوور) لە ساڵی 1342 دا لە شاری بانە لە خانوویەکی بچکۆلانە و جێو بانێکی هەژارانە و لە ماڵێکی نەداردا چاوی پڕ ئاواتی بە دونیای پڕ لە مەینەتی کوردستان هەڵێنا. ئەویش بە ریزی نەپساوە و دوورودرێژی ژێر دەست و چەوساوەکانی کوردستان زیاد بوو. شەهید تەها هەر لە سەرەتای ژیانیدا و لە دەورانی منداڵییەوە تێکەڵ بە مەینەت و ئازاری نەداری و چارەڕەشی کوردەواری بوو. فەرهەنگی رەهەندی بێگانەش سەربارێکی تری ئەو نیشتمانە دابەش کراوەیە بۆ ئەو گەلە بەشخوراوە. کاک تەها لە سەرەتای فام کردنەوەی دا بەرەو مەکتەب وەڕێکەوت و بە هەوڵی سەنگەری دژی ستەم و زۆرداری دا دابین بوو. بەڵام بە دوای راپەرینی خەڵکی ئێران دژی رژیمی پاشایەتی و دوایەش هاتنە سەرکاری رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و هێرشی بەکرێگیراوانی رژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر کوردستان و کوشتاری خەڵک و وێران کردنی بوونە هۆی ئەوەی درێژە بە خوێندن نەدا و ئەویش وەک زۆربەی ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ دیفاع لە نیشتمان و دانیشتوانی هاتەریزی پێشمەرگایەتی و بە یەکجاری مەدرەسەو خوێندنی بە جێهێشت و لە سەرەتادا چووە ریزی پێشمەرگەکان لە دۆڵی کەلیخان و دوایەش هاتە قەڵای خەبات لە نزیک دێی بلەکێ.
بەڵێ، شەهید تەها لە تەمەنی مێرمنداڵی و بە هەستی خاوێن و بەتینی کوردایەتی هاتە ریزی پێشمەرگە ئازاو لە خۆ بردووەکانی کوردستان و چەکی شەڕەفی شۆڕشگێڕی لە شان کرد. شان بە شانی پێشمەرگەکانی کوردستان کەوتە بەربەرەکانێی دژی لەشکەری داگیرکەری رژێمی ئاخوندی. لە هەوەڵ رۆژی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی سازمانی خەباتدا بوو بە پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و پڕ لە باوەری ئەو سازمانی خەبات. لاپەڕە زێڕینەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو شەهیدە پڕن لە باسی ئازایەتی، فیداکاری، گەورەیی و بە ورەیی و قارەمانەتی و لێزانین. ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقیانەی کە لە شەهید تەهادا بوون ببوو بە هۆی جێگیربوونی لە ناو دڵی هاوبیر و هاوسەنگەرەکانی و هەروەها خەڵکی ناوچەکانی جێگەی هەڵسووڕانی ئەو شەهیدە. شەهید تەها رۆژبەرۆژ پلەی لێزانین و لێهاتوویی باری نیزامی و تاکتیکی شەڕی پاڕتیزانی بەرزتر و بەچاوتر دەبوو، ورەی شۆڕشگێڕی و گیانی لە خۆبردوویی و ئاکاری پاکی و چاکی بە هێزتر و بەر چاوتر دەبوو. هەر بۆیەش بە زوویی لەو تەمەنە کەمەیدا توانی بە پلەی فەرماندەریی بگا و بەرەو ژوور بچێ. لە بەهاری ساڵی 1361 دا بوو بە فەرماندەی نیزامی لە ناوچەکانی بۆکان و سەقز و لە 26/6/1363 دا بوو بە فەرماندەریی لقی شەهیدانی دەشتە تاڵ لە هێزی شەهید سەید خەلیل و هەتا 19/2/1364 بە فەرماندەریی مایەوە و شیاوی بەرەو ژوور چون بوو. چونکە لە تەواوی ماوەی فەرماندەری خۆیدا، زۆربە دڵسۆزی و لێهاتوویی سپاردەکانی خۆی ئەنجام دەدا و لە هەموو ناوچەکانی شوێنی هەڵسوورانی دا ئاگرێکی وەهای بۆ دوژمنانی کردبۆوە کە نێوی تەهاسوور مچورکی مەرگی دەخستە دڵیانەوە و شەو و رۆژ تەنانەت لەناو مۆڵگەکانیشیان دا ئۆقرەیان نەدەگرت و تەمی سام لە سەریان نەدەڕۆیی. لە ئاکامدا لە شەڕێکی توندی 4ساعەتەدا کە لە دژی هێزی بەکرێگیراوی حکومەت و جاشەخۆفرۆشەکان لە نزیک دێی سیاومە لە ڕۆژی 19/2/1364 دا رویدا, کاک تەها بە گوللەی خائینان و داگیرکەران پێکراو پاش ماوەیەک لە کاتێکدا کە بزەی شانازی لە سەر لێوی بوو. لە ئاخرین کاتی ژیانی پڕ لە حەماسە و شانازیدا ئەو رستە جوان و پڕلە ورە و دڵسۆزییەی خوارەوەی بە ڕوو خۆشی و ئەوینەوە گوت و بۆ هەمیشە لە ناو دڵی مێژووی خەباتی سازمانی خەباتدا، بوو بە یادگارێکی بە نرخ و مامۆستایەکی ڕاهێنەڕ. ئەوەش رستە جوان و بەڵگە شیاوەکەی شەهید: [سپاس بۆ خودا ئەوە خەریکە لەم ڕێگە پیرۆزەدا، ڕێگەی سازمانی خەبات، رێگەی رزگاری گەلی کورد، گیانی خۆم فیدا دەکەم و بە ئاواتی خۆم دەگەم.] بەو شێوە بە شانازی و بە دەم پێکەنینەوە چاوی ئەمین و پڕ لە ئەوینی لەسەر یەک داناو دڵی ئەوینداری بە باوەر بە خودا و پڕ لە خۆشەویستی کوردستانی لە خوێندا شەڵاڵی لە لێدان ڕاوەستا و گیانی پاک و بەڕێزی بەرەو بەهەشتی شەهیدان بەرێ بوو و ئەرکی پیرۆزی خەباتی بۆ ئێمەی هاوبیرو هاوسەنگەرانی بەجێ هێشت.
ڕێبوار موکر٠Šانی
بۆ یادی شەهیدی قارەمان و فەرماندەی دڵسۆزم شەهید تەها سوور.بیرەوەریەکان پڕن لە باس و بەسەرهاتی بە نرخ و پڕ لە هەوراز و نشێۆ، پڕلە سەروەری و شکان و هەستانەوە بۆ تاکەکان، ژمارەیەک لە تاکەکان کە لە بەر دوو ڕوویی حەز ناکەی وەبیرت بێنەوە، لە بەرانبەردا تاکێکش، هەردەم حەز دەکەیت بیرەوریەکانی لەبیر نەکەیت،جا ئەم کەسە سەرۆک کۆمار، سەرۆکی وزیران یان لە هەمووان بەهێزتر فەرماندەی مەیدانت بووبێت،چونکە هەست بە توانایی و لێهاتوویی فەرماندەیی مەیدانی، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە مانەوەت لە ژیاندایە. کەواتە تێڕامان و پشت بەستن بە ڕێگایەک کە هۆکار یان ئامرازی مان و نەمانە زۆر گرینگە و دەبێتە هۆی ژێرکەوتن یان سەرکەوتن، دیسان سەرکەوتن و هەستێکی ناخوداگاە ساز دەکات، ئەم تاکە وەک ئەفسانە دەبینی ! ئێستا من تێداماوم ئەم کەسایەتیە بەڕاستی ئەفسانە بوو یان من پێوانەکانی ئەفسانە بوونی بۆ نزم دەکەمەوە ! هاوبیران، باسی کەسێکی ماندوو نەناس و بوێر و چاونەترستان بۆ دەکەم ،کە لە مەیدانی تەنگانەدا دیتوومە و لە کارامەیی و چاونەترسی سەرم سووڕ ماوە! هەر بۆیە دەڵێم کەسێکی ئەفسانەیی...! چونکە سەردەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاش فتوای جیهادی خومەینی و چەند ساڵ دواتریش، لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی خومەینی شیعەی سەفەوی لە دۆپاتکردنەوی کردار و شۆعاری گەلەکەمان، مەیدانی خڕ بوونەوی خەڵک لە شارەکان لە لایەن هێزەکانەوە، کە هەر لایەنە و هەڵگری شۆعاری تایبەتی خۆی بوو، بۆ شارەکانیان چۆڵ کردبوو ،گەنجانی خۆنەویست و شۆڕشگێڕان لە چەند لایەکەوە خۆیان ئامادە کردبوو،، دەستەیەک بە خەیاڵی دێموکراسی بۆ ئێران دەستەیەک وێڵی کۆمۆنیزم و دستەیەکی دیکەش باسی نەتەوایەتی وئیسلامی و.... لە شۆعارەکانت دەڕوانی جوان بوون و لە فریو نەدەترساین چونکە پێمان وانەبوو نە حێزبیک بەڵکو چۆن تاکێک هەیە خاوەنی قسەی خۆی نەبێت، جێ سەرسووڕمان و شتێکی تازەبوو لە کۆمەڵگەکەمان تاک دەکریت درۆ بکات !! بەڵام کۆمەڵێک کە خۆنەویستانە خەریکی تێکۆشانن بۆ ئەو تاکانەی فەرمۆیان نەکردوون جێگەى شاناز٠Šە. بەڕاستی مرۆڤ دەحەپەسێت و سەری سووڕ دەمێنێت !!! هەمووان دەڵێن بە دوای ڕزگاری گەلێکی بەشەمەینەتداین بەڵام بەرژەوندی ئەم گەلە لە کوێدایە؟ سەرەتا و کۆتاییەکانی چین!!!؟ ئیستا تێدەفکرم لەو هەڵامەتە سەپێندراوە بە سەر گەلەکەماندا ئەو فەرماندانەمان چۆن هەستیان پێ دەکرد، یان لە کەم تەمەنی من بووە یان لە کەم تێگەێشتنی مندا !؟ شەڕی دوای فەرمانی جیهادى خومە٠Šنى درێژەی بوو....بی یەک چەتری و بی یەکگوتاری کورد وەک ئێستا درێژەی هەیە و بەردەوامە ! ئەوەی فەرقی کردووە، زۆر بوونی ئامێرەکانی بیتەلە کە وڵاتەکەمانی وەک ئەوەی هەموو دونیای داپۆشیوە،ئەو کات بۆ پەیوەندی لە لووتکەی چیایەکی وڵاتەوە بۆ لووتکەیەکی دیاری دیکە پەیوەندی هەبوو،وتەکان لە سەر چیاوە دەهاتن،ئەوانە هەمووی بەر چاو ڕوونیەک بوون کە ویستم باسی تاکێکی ئەفسانەیی بکەم. دوای ئەم چاو ساخیە دێمە ناوەڕۆکی باسەکەوە. من لاوێکی تازە پێگەیشتوو بووم، دوای ساڵیک شەهید بوونی براکەم،(شەهید عوسمان) بە دوچەرخەیەک بەرەو سەرێ وەڕێ کەوتم،کەلە موکریان دەڵێن سەرێ واتە بەرەو ئاسۆ، بەرەو جێگایەکی کە خۆت دەناسی ! بەهەشتی بەرین پڕە لە هەڤاڵ و هۆگر ،تەندراوە بە پشتیوان،وەک خۆت لە نزمایەکی بەرەو خنکان ببینی،بەرەو بەرزایەک کە بۆ ڕزگار بوون هەوڵ بدەیت وابوو ! پاش هاتن و خۆ ناساندنم و وەرگرتنم چەند مانگێکی تێنەپەڕیبوو، دەمە و ئیوارێ دەنگۆی ئەوە هاتە ناو مەقەڕەکەمان کە لێپرسراوی تازە بۆ کاری نیزامی دیتە مەقەڕ !!! من باسی خۆم دەکەم ئەوە وێنای ئەو کاتەیە لە سەر لاپەڕە نووسراوەکانی چەسپێندراو بە دیوارە سواغ کراوەکانی مەقەڕەکەماندا شتێک سةرنجی ڕادەکیشام ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە. ئیوارەیەک بەرەو عەسرێ لە دووری گوندەکەوە لە لای سەرەوە کە لێی دڵنیا بووین دەستەیەک لە چیاوە بە لە بەرچاو گرتنی مابەین و بە ڕواڵەتێکی جوان دەهاتن، لە چاوەڕوانیدا بوین، دڵ پڕ لە ئومێد و چاوەڕوانی، ئاخۆ ئەو فەرماندە تازەیەمان کێ بێت؟! لە سازمانی خەباتدا هێزیک کە جووڵەی دەکرد یان دەهات یان دەڕۆیشت دەیانگوت جەماعەتی فڵانە هێز دێن یان دەڕۆن یان چوون.خولاسە جەماعەتی فڵان گەیشتن. دوای پێشوازی سادەو ساکار و غەیری سەربازی لە سبەینێ دوای خواردنی نانی بەیانی ،کۆبوونەوەیەک ساز درا و لە نێو جەماعەتەکەدا کە ئێوارێ هاتبوون نێوچاوانێکی گەنج و ڕوخسارێکی بە هەیبەت و جیددی پێاویکی سوور و سپی،چوار شانە و پان و پۆڕ رەنگێکی پڕ لە خۆشەویستی شەرم و حەیا بەخۆ و شەرمێوون، لە بەرانبەرڕیزی هاوڕێیانیدا.
ڕۆژێک لە کاتی جێگۆڕکێ من و شەهید تەها کە چەندین دەقیقەی دەخایاند،چۆن نەدەبوایە کەس هەستی بەوە کردبایە کە ئێمە ئەرکێک ڕادەپەڕێنین،چۆن هەم لە بواری ئەخلاقیەوە درووست نەبوو ،هەمیش دەبوە سوکایەتیک بەو کەسە ئەگەر گومانەکەی ئیمە ڕاست دەرنەچوبایە، من کە چوومە شوێنەکە ،زۆرم چاو گێڕا هیچ کەسێکم نەدیت بڕوات پشتی مەقەڕەکەی ئێمە، دۆڵێکی لە تەنیشتەوە بوو کە ڕێگای گوندێکی دیکەی بەسەرەوە بوو، پاش دوو خولەک ڕێگا پێوان دەکەوتیە ئەودیوی. شەهید تەها کە دەگاتەوە مەقەڕ بە خواردنی نیوەڕۆوە سەرقاڵ دەبێت،کاتێک دەچێتە ژوورەکەی خۆی دەبینێت کە نارنجۆک ئەندازەکە بە دەیان گوللەوە کە لە ژووری فەرماندەیی و هەمیشە بە دیوارەوە هەڵدەواسرا نەماوە!!! من وام هەست دەکرد ،کە شەهید تەها وەک شتێک لە بەر مەقەڕەوە ئیشارە بە من دەدات کە بچمەوە بۆ مەقەڕ، کە گەیشتمەوە پرسیاری کرد کەست دیوە ؟ وتم کاتێک کە من چوومە شوێنەکەی خۆم لە کوتایی دۆڵەکە کەسیک دەڕۆییشت هەڵە نەبم بیست خولەک دوور لە ئێمە بوو لە ئەساسدا پێشمەرگەکانی دیکە چووبوونە مەئمووریەتێک ئیمە پێنج کەس مابووینەوە وتی خۆمان بپێچینەوە، وتی ئەو .......هەڵاتووە و نارنجۆک ئەندازەکەشی بردووە!!! کەسیک لە مەقەڕ داندرا و ئیمەش سێ کەسی بە پەلە وەڕی کەوتین،هەر کە لە چاوی خەڵکی ئاوایی ون بوین ڕۆیشتنەکەمان بوو بە هەڵاتن! کەسەکە لە ڕووی ڕۆژئاوای چیاکە کە ئیمە دەبوایە پیدا بڕۆیشتینای دیار نەمابوو! تەواوی هێزمان بەکار دەهێنا کە لە چیاکە سەر بکەوین و بتوانین ،کەسە چەک دزەکە ببینین تا بزانین بە کام ئاراستەدا دەڕوات. شەهید تەها لە بەر ماندوویی ئیجگار زۆر و توڕەبوونێکی لە ڕادەبەدەر ئەوندەی دیکە سوور هەڵگەڕا بوو ! هەر ئەوندە بۆ من و هاوڕێیەکەی دیکەمان خۆش بوو کە ،گەیشتینە سەر دوو ملانەی ڕێگای سەر چیاکە،لەوێ بەدواوە شەهید تەها وەک ئەوەی بەردێکی گەورە لە سەر شاخیەوە جاڵە بکەیت،وەک باڵدار دەخوشی،تەنیا پرسیاری ئەوەی لێکردین ،نزیکترین مەقەڕی ئەو دیموکراسی خوازانە لە کام گوندە!!؟ ئێمەش بە ئیشارە گوتمان فڵان گوند بەچاو نزیکترین شوێنی هەڵبژارد و وتی وەشوێنم بکەون بە لاڕێدا خۆمان گەیاندە گوندەکە پشتی ئاخر ماڵ نەگەییشتبووە سەر یاڵی پشت ئاوایی،بە ئیشارە بە منی وت، لێرە بمێنەوە،ئەگەر بوو بەتەقە ئێرە بەر نەدەی ئەوان بەر بە مزگەوتەکە کە کرابوە مەقەڕ ڕۆیشتن، نیگابانی ڕۆژانەی ئەوان لە خوار مزگەوتەکەوە چاوەدێری خوار گوندی دەکرد من گوێم لە ڕاکێشانی میلی تفەنگ بوو کە شەهید تەها ،دەنگی دەهات بەڵام من لێی تێ نەدەگەیشتم دوای چەند دەقیقە شەهید تەهام دیت کە نارنجۆک ئەندازەکەی لە قۆڵی کردبوو و تفەنگ بەدەستەوە و ڕەختی نارنجۆکەکانیشی بە سەر شانی دادابوو، لە ژیر چاوەدیری هاوڕێیەکەی دیکەماندا بەرەو لای من دەهات، ئەستەم بوو کە بتوانی تۆڕەیی و کەیف سازیەکەی لیک جودا بکەیتەوە! ماندوییەکی زۆر و میل هێنانەوەی چەکەکەت لەوانەی کە دوو ڕوون لە لایەک خۆ بە برا دەزانن و لە لایەکی دیکەشەوە پاشقوڵت دەدەن ! دز ڕادەسپێرن و داڵدەیان دەدەن!!! لە کاتیکدا ئەم بیرەوریە دەنوسم،37 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، لە کەسایەتی ئەو شەهیدە بی دوودڵی دەتوانم لە چەند وشەیەکدا ئاوا وەبیر خۆمی بهێنمەوە. کەسیکی سادق و پاک ،کوردێکی بوێر و نەترس، دەم بە پێکەنین و بە هومێد، خاوەن بڕیاری لە جێ و بی دوودڵی، حەق گۆ و واقع بین. بەدەم ڕێگاوە ئاوام لێی بیست،کاکە چۆنمان گیر خواردوە....پێویستت بە چەکە و نیتانە،بە ڕەسمی داوا بکەن شەرم نیە بۆ لایەنیکی شۆڕشگیڕ ئاوا بکات، نازانم چۆن عەیبەیان پی عەیب نییە کە چوومە نێو مزگەوتەکە دەتگوت کابرا پایەگایەکی دوژمنی بەتەنیا گرتووە!! نارنجۆک ئەندازەکەمان دەستاودەستیان پێدەکرد و پاسەوانەکەیانم هەر نەدیت! کاتێک چوومە ژوورێ هەموویان حەپەسان، وتم ئەو ئەمانەتە بیهێنن بۆم! پاراستن و بە قارەمان چاو لێکردنی خۆێڕیەکی ئاوا لە پێشمەرگە ناوەشێتەوە، کوا ئەخلاق و کرداری شۆڕشگێڕانەتان.. هەزار جار یادی شەهیدی قارەمان کاک تەها ڕۆحی" ناسراو بە تەها سوور" فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، بەخێربێت و یادیان هەرمان بێت . ئەوەی کە لێرەدا بۆ ئێمە زۆر گرینگ و پێویستە هیوایەتی شەهیدان و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانە، نەک خودی شەهید وەک ئامانج بەڵکو ئامانج ئامانجی ئەو شەهیدانە ئەگەر وەک ئەوەی ڕاستگۆبیین لەگەڵ ئەوان و نیشتمانەکەیاندا . هاوبیران و دڵسۆزانی نەتەوە و نیشتمان گومان لەوەیدا نەماوە کە کاتی ئەوە هاتووە بە خوێندنەوە و تێڕوانینێکی تازەوە هەنگاو هەڵبگرین و بەرەو و ئەو سەداقەت و پاکیەی کە ئەوان لە پێناویدا گیانی خۆیان فیدا کرد، بۆ سەلماندنی سەداقەت و ڕاستگۆیی خۆمان بەرامبەر بە شەهیدان، پێویست بە تێڕوانین و شێوازێکی ترە و بەپێی بناغە و بن چینەی کورد بوون بۆ شادبوونی ڕۆحیان درێژە بەو ڕێگایەی ئەوان بدەین کە لەسەر سەداقەت و پاکی بونیاد نراوە. یادیان هەرمان بێت.