نوسینی: مامۆستا سەید جەلال حوسەینی (پەژار)
ئاگری بە تینی هەستی نەتەوایەتی لە دڵی ڕۆڵە بە ئەمەگ و فیداکارەکانی گەلی بەشخوراوی کورد دا، نووسێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ڕەو ڕەوەی تێکۆشانی بێوچانی گەلە چەوساوەکەمان هەرگیز ناوەستێ و لەخۆ بردوویی لە پێناو سەربەخۆیی گەل و نیشتماندا تا گەیشتن بە ئامانج، کە ڕزگاری گەل و ئازادی کوردستانە هەر درێژەی دەبێ. سەدان ساڵە کە خەباتی بێپسانەوەی گەلی قارەمانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەواو بە حەقی ئەو گەلە چەوساوەیە ڕێگە دەبڕێ و تا ڕزگاری لە ژێر دەستی دوژمنانی لە مێژینە و کۆنە پەرەستی ئەو موبارزە بێ ئەمانە درێژەی دەبێ. بڵێسەی ئاگرینی خەبات کە لە هەستی دەروونی پڕ سۆزی نیشتمان پەروەری یەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ داگیرکردن و هێز و تەوەژمی خۆی دوژمنانی گەل و وڵات دەکاتە ژیلەمۆی ڕق و تووڕەیی بە جۆرێک کە خەیاڵی خاوی داگیرکردنی کوردستان و خۆسەپاندن بە سەر گەلی قارەمانی کورد بۆ هەتا هەتایە لە بیر بەرنەوە و ئەو تاسەیە لە مێشکی گەندەڵیان بەرنە ژێرگڵ و سزای کردەوەی نابار و ناشیرینیان کە گۆڕکردنیانە ببێتە ئامۆژگاری بۆ هاوبیروباوەڕە چەپەڵکانیان بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خەونی چەوساندنەوەی گەلی ستەملێکراوی کورد و زەوت کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان نەبینن. دوژمنان بێ خەبەرن کە هەڵۆ بەرزەفڕ و ئازاکانی کوردستان، ماوە بە داگیرکەران نادەن کە بە چاو چنۆکی چاوببڕنە نیشتمانی خۆشەویستمان و جێگە و رێگەی لە مێژینەی باب و باپیرانمان بکەنە مەیدانی ڕمبازی. چونکە ئەگەر بە تەمای دابین کردنی ویستە نگریسەکەیان بن، ئەو هەڵۆ بە سام و بە هەیبەتانەی کە میراتگرانی ڕێگای ڕاستەقینەی گەل و وڵاتن و مافی پارێزگاری لە شەرەف و ئابڕوی نەتەوایەتی ئەو گەلە قارەمانەیان وە ئەستۆ گرتووە، بە چنگی تیژیان دڵی ڕەش و پیسیان لە ڕیشەوە دەردێنن و بە ئاگری بێ ئەمانی ڕق و قینی دیفاع لە کەرامەتی نەتەوەیی دەیسووتێنن و بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو مەبەستە کە دوژمنانی پێ بتەزێنن خۆ فیداکردن و گیان بەخشین بە دیاریەکی کەم بایەخ دادەنێن. هەر ڕۆژێک کە لە خەباتی خوێناوی و پڕ لە شانازی گەلی بەشخوراوی کورد دەگوزەرێ، فیداکاری و لەخۆبردوویی ڕۆڵە قارەمانەکان پێشمەرگە ئازا و بە دەست و بردەکانی ئەو گەلە زیاتر و زیاتر خۆ دەنوێنێ و شاسوارەکانی ڕێگای ئازادی کوردستان و خەباتی خوێناویش لەو ڕێگایەدا دەورێکی گرینگ و بەرچاویان هەیە کە بە بەخشینی گیان و خوێنی سوور و گەشیان لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی ڕێگای پیرۆزیان بۆ هاوبیروباوەڕەکانیان بە یادگاری بەجێهێشتووە. یەکێک لەو سەروەرانەی کە یادی سەروەری خۆی بە سەربەزیەکی بێ پایانەوە بەجێ هێشتووە، شەهید سەید کەریم مەجیدی کوڕی قاسم خەڵکی شاری بۆکان بوو.
شەهید سەید کەریم لاوێکی ئازا و لێهاتوی گەلی لێ قەوماوی کورد بوو کە لە بنەماڵەیەکی هەژاردا چاوی بە دنیای پڕ ئێش و ئازار و خەم وخەفەت هەڵێنا بوو. لە ساڵی ١٣٦٠ ی کۆچی خۆریدا کاتێک هەستی بە بەشخوراوی میللەتەکەی کردبوو بە مەبەستی بەربەرەکانێ لەگەڵ دوژمنانی ئازادی هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و چەکی تۆڵە ئەستێنی پێشمەرگایەتی کردە شانەوە. شەهید سەید کەریم لاوێکی تازە پێگەیشتوو بوو ،تەمەنی لە ١٨ ساڵ تێپەڕ نەببوو هەر چەندە لە قیافە و سەرو سیمادا منداڵ کار بوو، بەڵام لە حاستی بیرکردنەوە و بۆچوونی سیاسی زۆر چاک هەستی بەستەملێکراوی گەلەکەی دەکرد. ئەوەی باش دەزانی کە دەبێ بۆ ڕزگاری لە ژێر چەپۆکی و دەست هێنانی ئازادی ڕێگای خەبات و تێکۆشان هەڵبژێرێ. هەر وەک بە شانازییەوە ئەو ڕێگایەی هەڵبژارد و بە شانازیەکی زۆرترەوە لەو ڕێگایەدا گیانی شیرینی خۆی کردە دیاری و پێشکەشی هاوسەنگەرانی. شەهید سەید کەریم لە ١٤/خەزەڵوەر/١٣٦٠ لە شەڕێکی نابەرانبەردا لە شاری بۆکان بە گوللـەی دوژمنانی ئازادی پێکرا و گیانی خۆی فیدای ئازادی گەل و نیشتمان کرد.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاک و بەرێزی بێت
کوردستانی خۆشەویستم نیشتمانی پڕ لە ویستم
بە پیتی تۆ گورا گەرام بە پێزی خاکت هەڵگەڕام
لە تۆدا ژیم و پێت دەژیم بە تۆوە هەم و بێ تۆ چیم
خاکی زۆر بە نرخ وباییە بە تۆ بەرز و لە خۆ بایی
ئەمە ڕوانگەی گشت ئاواتم ئامانجی بەرەی خەباتم
تا لە ئامێزتدا بم خۆم لە تۆ دەرچم نامۆیی نامۆم
لانەی شێرانی من شێری تۆم لە پێناوت خۆم دانا خۆم
ئۆخەی لانکەی مەرگ و ژینم خاکی لەبەر دڵ شیرینم
بە سروەی بات ڕاژێنراوم بە گوڵە هێرۆت هەڵات چاوم
چاو لە وێنەی نەرگیستە ئەویش وەک چاوی من مەستە
گۆنام لە وێنەی گوڵاڵەت زامم گەشن وەک هەڵاڵەت
من شەهیدم شەهیدی تۆم هەر خۆم بوو بۆ تۆ دانا خۆم
شلکە لاوێک بووم لە مێزت پێ گەییم لە ناو ڕیزت
بە نازی تۆ پێ گەیشتم تا وام لێهات تێ گەیشتم
دەبێ بت پارێزم بە گیان لە پێناوت دانێم ژیان
دەبێ بم بێ بۆ تۆ ئەمەک هەر بۆیە زوو
تاوم دایە چەک
چەکی شەرەف چەکی خەبات لە بۆ پاراستنی وڵات
خۆم دانا تا بت پارێزم شەهیدیم گرتە ئامێزم
رەنگە نەمناسی کە من کێم لە هی وەک من زۆرە هاوڕێم
من سەید کەریم مەجیدیم چواردەی 8ی 60 شەهیدم
لە بۆکانی جێگەی ژینم دوایی هات بە ڕێگای ژینم